لە درەنگانێکى شەوى ڕابردوودا، بەرپرسی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کۆنگرەى یەکێتی بڵاوکردەوە ڕایگەیاند" هیوادارم هیچ لایهنێك به رێگریكردن له بهستنی كۆنگره، خۆی تووشی ڕق و غهزهبی جهماوهری یهكێتی نهكات".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، بەرپرسی ڕێكخستنەكانی دەرەوەی یەكێتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا دەشڵێت" دەزانم كە لە چەند ساڵی ڕابوردوودا نادادپەروەریەكی زۆر كراوە بەرامبەر بە حزبی شەهیدانمان و هەر ئەوەش لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانەوەی تا ئەندامێكی ئاسایی لە یەكێتی نیگەران و بێ ئومێد كرد و بڕیارە لە مێژ چاوەڕوان كراوەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بە دەستنیشان كردنی رۆژی كۆنگرە بوو كە هەمدیس هیوایەكی گەڕاندەوە بۆ هەمووان بۆیە دواخستن و نەبەستنی كۆنگرە ئەمجارە بە نادادپەروەری لەقەلەم نادرێت بەڵكو لە مێژودا بە خیانەت و تاوان دەناسێنرێت".
ناوبراو وتیشی" لەگەڵ ئەوەشدا كە ئومێدێكی زۆرم بەو لیژنەیە هەیە كە ئاستەنگەكانی بەردەم بەستنی كۆنگرە لابدات بەڵام لەهەمان كاتیشدا خەم دایگرتووم، خەم لە دووبارە دواخستنی كۆنگرە و لە نائومێدكردن و سارد كردنەوەی جۆش و خڕۆشی یەكێتیەكان، خەم لە بێ وەفایی بەرامبەر بە خوێنی شەهیدان و جەستەی برینداری شەهیدانی زیندوو".
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشکرد"هیوادارم هیچ لایهنێك به ڕێگریكردن له بهستنی كۆنگره خۆی تووشی ڕق و غهزهبی جهماوهری یهكێتی نهكات و بهدهستی خۆی دوا بزمار له تابووتی خۆی نهدات".