خواردنی سەروپێ چی بەسەر جەستەدا دەهێنێت؟

سەروپێ یەكێكە لەو خواردنانەی كە لەناو كوردەواری خۆماندا لەلای هەندێك كەس بە خواردنێكی نایاب و لای هەندێكی دی بەخواردنێكی بێزراو دادەنرێت، ئەم خۆراكە زیاتر لە زستان و كاتی سەرما دەخورێت. 


سەروپێ پڕە لە پرۆتین، پرۆتینی ئاژەڵیش یەكێكە لە پێویستیەكانی لەشی مرۆڤ، به‌ڵام خواردنی زۆری سەروپێ و لەكاتی نەگونجاودا بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆری كۆلیسترۆڵ و چەوری بەكارنەهاتوو (واتە ئەو چەورییەی كە لەشی مرۆڤ توانای بەكارهێنان و سوود لێوەرگرتنی نییە) دەبێتە هۆی تێكچوونی خەوتنی شەوانە.

 

هه‌وه‌رها خواردنێكی قورسە و درەنگ هەرسدەكرێت و بەو شێوەیەش دەبێتە هۆی كێشەی ئەندامەكانی هەرسكردن.


كۆلیسترۆڵ جۆرێكی چەورییە كە دەتوانێت دیواری بۆرییەكانی خوێن بگرێت و ببێتە ڕێگر لە گەیشتنی خوێن بەدڵ و مێشك و لەئەنجامیشدا جەڵتەی دڵ و مێشكی بەدوادا دێت، پێویستە بزانرێت سەروپێ پڕە لە كۆلیسترۆڵ و كۆلیسترۆڵیش دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی چەوری خوێن و پەستانی خوێن و قەڵەوی و شەكرە.


120 گرام سەروپێی گوێرەكە بڕی 2000 میلی گرام كۆلیسترۆڵی تێدایە، زمانی مەڕ و گوێرەكە پڕە لەچەوری و هەروەها بڕێكی زۆر ڤیتامینەكانی جۆری بی بەتایبەتی بی 12 تیایە، لە 100 گرام زمانی مەڕ 260 كالۆری تێدایە، بەهۆی بوونی ڕێژەیەكی زۆر لە چەوری پێویستە كەسانی سەرووی 30 ساڵ لە خواردنی ئەم خۆراكە دووربكەونەوە. 



PM:10:58:19/12/2019