مەریوان قانع: دەمانووت ریفراندۆم گەمەیەکی دۆڕاوە، پێیان دەووتین: جاشەکانی کوردستان

لەبارەی ئەو لێدوانەی نێچیرڤان بارزانیەوە کە دەڵێت " هەڵەبووین ڕیفراندۆمان کرد"، رۆشنبیر مەریوان قانع لە کۆمێتنێکی لەبارەی ئەو لێدوانەی سەرۆکی هەرێمەوە، دەڵێت " ئێمە دەمانگوت گەمەیەکی سیاسیی دۆڕاوە و بە مەبەستی دۆزینەوەی کار بۆ سەرۆکی ماوە تەواوبووی ھەرێم ئەنجامئەدرێت، هێرشی جۆراوجۆریان دەکردە سەرمان".

 
لە نووسێنێکی کورتدا لەسەر ئەو لێدوانەی سەرۆک هەرێم، مەریوان وریا قانع دەڵێت "ئەو کاتەی ئێمە باسی مەترسییەکانی ڕیفراندۆمان دەکرد، کە دەمانگوت گەمەیەکی سیاسیی دۆڕاوە و بە مەبەستی دۆزینەوەی کار بۆ سەرۆکی ماوە تەواوبووی ھەرێم ئەنجامئەدرێت، کە دەمانگوت ھەم گوتاری ڕیفراندۆم و ھەم ھەڵگری گوتارەکە نە توانای دروستکردنی دەوڵەتیان ھەیە و نە پرۆژە و پلانی دامەزراندنی دەوڵەتیان ھەیە، نە ھیچ زەمینەیەکی مێژوویی سیاسیی بۆ کردەیەکی سیاسیی لەم جۆرە لەئارادایە، ئەودەم ئەوانەی پارتی دروستیکردبوون، لە موچەخۆری جنێوفرۆشەوە بۆ ھەندێک لە کوردانی بەشەکانی تر، بەتایبەتی کوردانی ئێران، تا بەو لەشکرە لە ڕۆشنبیری بەیعە دەگات، چەندان وتار و نووسینی بێنرخیان لەسەر من و ھەندێک لە نووسەرانی تر بڵاوکردەوە".


د، مەریوان قانع کە مامۆستای زانکۆیە لە هۆڵندا، لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەڵێت " ئەوان بە خائین و خۆفرۆش و پیاوی ئێران و زۆرشتی تری لەم باباتە، ناونووسیان کردین. وێنەکانیان بڵاودەکردینەوە و لەسەریان دەنووسی جاشەکانی کوردستان".


ئەو رۆشنبیرە لە کۆتاییدا دەڵێت " ئێستا کە پاڵەوانەکانی ڕیفراندۆم خۆیان بەبێ ھیچ شەرمکردنێک دان بە ھەڵەبوونی خۆیاندا دەنێن و بەشێکی ئەو قسانە دەکەنەوە کە ئێمە ئەودەم دەمانکرد. ئاخۆ ئێستا دوای ئەم دانپیانانە بێشەرمانە، کە لە ھەر بەرپرسیاریەتێک دابڕاوە، ئەو لەشکرە بەیعەچییە موچەخۆرە چی بڵێن. تاقە خواستێک کە من ھەمە ئەوەیە ھەر یەکێک لەمانە کەمەکێک لەناوەوە تەریقببنەوە، لە ئاوێنەدا سەیرێکی خێرای خۆی بکات و شەرم لەو ھەموو درۆ و تۆمەت و سوکایەتییانە بکات کە ئەو ساڵانە بەو کەسانیەن دەکرد کە دەیانگوت ئەم ریفراندۆمە ھەڵەیە."

 
ساڵی ٢٠١٧ زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان بەسەرکردایەتی پارتی ریفراندۆمیان ئەنجامداو ئەمەش بووە هۆی لەدەستدانی نیوە زیاتری خاکی باشوری کوردستان و سەپاندنی گەمارۆ لەسەر هەرێمی کوردستان.

 


PM:09:35:29/01/2020