رێگە بە گەشتیاری ئێرانی نادرێت بێنە خاكی عیراقەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند" گەشتكردنی هاوڵاتیانی ئێرانی بۆ عێراق و بەپێچەوانەشەوەقەدەغەیە و هەر هاوڵاتیەكیش لە ئێرانەوە بگەڕێتەوە ١٤ رۆژ دەخرێتە ژێر چاودێری پزیشكیەوە".

جەعفەر سادق عەلاوی وەزیری تەندروستی و ژینگەی حکومەتی عێراق، لە راگەیاندراوێکیدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات" لەبەر رەچاوكردنی بڵاوبونەوەی شەش حاڵەتی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەكۆماری ئیسلامی ئێران و گیانلەدەستدانی دوو كەس، رێكاری پێویستیان تایبەت بەڕێگریكردن لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە گرتووەتەبەر".

ئاماژە بەوەشکدەکات" ئەمڕۆ لیژنەی قەیرانەكانی سەر بەوەزارەتی تەندروستی كۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجامداوەو تێیدا گفتووگۆ لەبارەی ئامادەكاریەكانمان بۆ رێگریكردن لەبڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسە كراوە".

راشیگەیاندوە" بەهۆی ئەوەی ملیۆنان هاوڵاتی ئێران بەبەردەوامی و بەمەبەستی سەردانیكردنی شوێنە ئاینیەكان سەردانی عێراق دەكەن و ناتوانرێت پشكنینی تەواو بۆ سەرجەمیان ئەنجامبدرێت، بۆیە بڕیاردراوە تا كاتێكی نادیار سەردانیكردنی هاوڵاتیانی ئێران بۆ عێراق رابگیرێت و رێگەیان پێنەدرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو: بەهەمانشێوە رێگە بەهیچ هاوڵاتیەكی عێراقی نادرێت سەردانی ئێران بكات، هەر هاوڵاتیەكیش كە سەردانی ئێرانی كردبێت، لەكاتی گەڕانەوەیدا بۆ ماوەی ١٤ رۆژ دەخرێتە ژێر پشكنینی تەندروستیەوە، ئەو بڕیارە سەردانیكردنی وەفدە دیپلۆماسیەكان ناگرێتەوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنێ‌ لە شاری‌ قومی‌ ئێران دوو حاڵەتی‌ توشبوون بە ڤایرۆسی‌ كۆرۆنا راگەیەندرا: دواتر میدیاكانی‌ ئەو وڵاتە گیان لەدەستدانی‌ دوو كەسیان بە ڤایرۆسەكە راگەیاند و دەسەڵاتدارانی‌ شارەكە رێوشوێنی‌ توندیان گرتەبەر.


PM:06:56:20/02/2020