بازیان.. پێنج کەس دەستگیرکران

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی دەستگیرکردنی ٥ كەسی راگەیاند لە ناحیەی بازیانی سنووری پارێزگای سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" دوای ئەوەی ئاگادار کرانەوە کە لە سنووری بازیان چەند هاووڵاتییەك بە شێوەیەکی نایاسایی سەرقاڵی هەڵکەندنی بیرن، دەستبەجێ مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بە هاوکاری لەگەڵ بنکەی پۆلیسی دارستانی هەواری شار و بنکەی بازیان گەیشتنە شوێنی مەبەست و لە ئەنجامدا توانیان ٢ هاووڵاتی بە تۆمەتی هەڵکەندنی بیر دەستگیر بکەن و هەروەها دەستگیرا بەسەر ئامارێكی بیرلێدان، پاشان تۆمەتبارەکان رووبەڕووی یاسا کرانەوە".

دەشڵێت" لە لایەکی ترەوە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنینی سنووری چالاکییەکانیان، مەفرەزەیەکی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی بازیان دەرچوون بۆ سنوری گوندی ( ئەڵا قولی ) لە سنوری بەردەقارەمان، لە ئەنجامدا بە هاوکاری لەگەڵ ئاسایشی بەردەقارەمان و بنکەی پۆلیسی بەردەقارەمان توانیان ٣ هاووڵاتی دەستگیر بکەن کە سەرقاڵی راوکردنی ئاژەڵی کێوی بوون، هەروەها دەستیان گرت بەسەر ٢ رێوی راوکراو، ٢ ماتۆڕسکیل، ١ چەکی تاپڕ، ٩ فیشەکی تاپڕ، ١ چەقۆ، ١ لایتی دەستی".

 

لە بەشێكی دیكەدا هاتووە" پەڕاوی لێكۆڵینەوە ڕێكخراوەو ڕادەستی دادوەر كراوە بۆ وەرگرتنی ڕێكاری یاسایی".



PM:01:06:23/02/2020