چەند زانیارییەکی پوخت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا

چەند زانیارییەکی پوخت لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، پسپۆرێکی تەندروستی کورد د. گۆران عەبدوڵا لە دۆکۆمێنتەکانی رێخراوی تەندروستی جینهانییەوە وەریگرتووەو وەریگێڕاوەتە سەر کوردی و بەشێوەی پرسیارو وەڵام دایناوە.

پرسیار و وەڵام لەسەر کۆرۆنا

نوسینی د. گۆران عبدواللە

ڤایرۆسی کۆرۆنا چیە؟

کۆرۆنا خێزانێکی گەورە لە ڤایرۆس کە لەچەندین ئەندام و جۆر پێکهاتووە. ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵ و مرۆڤیشدا نەخۆشی دروستدەکا. لە مرۆڤدا چەند ئەندامێکی خێزانی کۆرۆنا بەوە ناسراون کە پەسیو و هەڵامەتی ئاسایی دروستدەکەن. بەڵام هەندێ جاریش نەخۆشی قورستری وەکو سارس. تازەترین ئەندامی ئەم خێزانەش ئەو جۆرەیە کە لەم دواییانە لە چین بڵاوبووەوە و خێرەکە دەگاتە هەموو جیهان. ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ناوی نەخۆشیەکی نا کۆڤید ١٩.

کۆڤید ١٩ چیە؟

کۆڤید ١٩ ئەو نەخۆشییە کە جۆرە تازەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مرۆڤدا دروستیدەکا. ئەم نەخۆشیە لە پێش بڵاوبوونەوەی لە شاری ووهانی چین لە مانگی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩ نەناسراو بوو.

نیشانەکانی کۆڤید ١٩ چین؟

باوترین نیشانەکانی نەخۆشیەکە بریتین لە تا، هیلاکی و کۆکەیەکی وشک. هەندێ لە نەخۆشەکان رەنگە چەند نیشانەیەکی تریان هەبێ وەکو ئازاری لەش، تەڕبوونی لووت، گەرووئێشە یا سکچوون. هەندێ لەوانەی تووشدەبن هیچ نیشانەیەکیان نابێ.

 

ڕێژەی چاکبوونەوە چەندە؟
٨٠%ی ئەوانەی تووشئەبن بە تەواوەتی چاکئەبنەوە بەبێ ئەوەی پێویستیان بەهیچ چارەسەرێک هەبێ.

ڕێژەی حاڵەتی توند چەندە؟

لە هەر ٦ کەس کە تووشی نەخۆشیەکە دەبن یەکێکیان بە سەختی ئەیگرن و تووشی تەنگەنەفەسی ئەبن و ڕەنگە ژیانیان بکەوێتە مەترسیەوە. هەر کەسێک تا و تەنگەنەفەسی بوو دەبێ ڕاستەوخۆ سەردانی نەخۆشخانە بکا.

کێ بە سەختی ئەیگرێ؟

بە تەمەنەکان رەنگە بەسەختی بیگرن بە تایبەتی ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و ڕەبو و نەخۆشیەکانی بۆڕی هەناسە و فشاری خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ و ئەوانەی بۆ هەر هۆکارێ جۆرە دەرمانێک وەردەگرن کە بەرگری لەشیان کەمدەکاتەوە.

نەخۆشیەکە چۆن ئەگوازرێتەوە؟

کەسێک کە تووشی ڤایرۆسەکە بووبێ بۆی هەیە کەسانی تر تووشبکا. نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە لەڕێی وردە دڵۆپەی تەڕی دەم و لووت کە بە کۆکە یا پژمە یا هەناسەدان بڵاودەبێتەوە. ئەم وردە دڵۆپانە لەسەر شتەکانی دەوروبەر دەنیشنەوە. ئەگەر کەسی تر دەستکاری ئەو شتانە بکا کە وردە دڵۆپەکانی لەسەر نیشتووەتەوە و ئەنجا دەستی بەر دەم و لووت یا چاوی بکەوێ ئەوە تووشی ڤایرۆسەکە ئەبێ. هەروەها کەسێک ئەگەر کۆکە و پژمە و هەناسەی کەسی تووشبوو بچێ بەسەریا ئەوا ئەویش تووشدەبێ. بۆیە زۆر گرنگە بەلای کەمەوە بە مەودای یەک مەتر لەو کەسە دووەبکەویتەوە کە پەسیو و هەڵامەتی هەیە.

ئایە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە نەخۆشی کۆڤید ١٩ دروستئەکا لە هەوادا بڵاودەبێتەوە؟
نەخێر. زۆربەی توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڤایرۆسەکە تەنها بەو ڕێگایانە بڵاودەبێتەوە کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا.

ئایە دەکرێ نەخۆشیەکە لە کەسێکەوە بگری کە خۆی هیچ نیشانەیەکی نیە؟

بەڵێ بەڵام بە ڕێژیەکی زۆر کەم. زۆربەی ئەوانەی نەخۆشیەکە بڵاودەکەنەوە بۆخۆیان کۆکە و پژمە و پەسیو و هەڵامەتیان هەیە. بەڵام زۆرێک لەوانەی کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن تەنها نیشانەیەکی کەمیان دەبێ و بو سووکی دەیگرن. بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڤایرۆسەکە لە کەسێکەوە بۆت بێ کە تەنها هەندێ نیشانەی کەمی هەیە وەکو کۆکەیەکی کەم. بۆیە گرنگە هەر کەسێ کۆکەی هەبوو دەمامک بەکاربهێنێ.

سەرچاوە:ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی

 


AM:10:25:26/02/2020