ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان مانگانە نیوەی مووچەکەی دەبەخشێتە خەڵکی کەم دەرامەت

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە نەوەی نوێ بڕیار دەدات مانگانە نیوەی مووچەکەی ببەخشێتە خەڵکی کەم دەرامەت.

 
لە نووسینێک کە بۆ " سپی " نێردراوە، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ، کاوە عەبدولقادر حەسەن رایدەگەیەنێت " بڕیارمدا لەسەدا پەنجای موچەی مانگانەم بۆ ھاوڵاتیانی کەمدەرامەت خەرج بکەم بەدابینکردنی خۆراک وپێداویستی ڕۆژانە تا ئەوبارودۆخە ناھەموارە تەواو دەبێت".


کاوە عەبدولقادر دەشڵێت " لێرەشەوە چالینجی سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرجەم پەرلەمانتاران دەکەم کە بەکارێکی لەو شێوەیە ھەڵبستن ونیوەی موچەکەیان تەرخان بکەن بۆیارمەتیدانی خەڵکی ھەژاروکەمدەرامەت تا ئەودۆخە خراپە تێدەپەڕێنین".


ئەو روونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت "ڕەنگە خەڵکانێک بپرسن کە بەنیوەی موچەی ئێمە چی دەکرێ بەڵام ئەگەر ھەریەکێک لەئێمە یارمەتی چەند خێزانێک بدەین بێگومان باشترە لەوەی ھیچ نەکەین".


ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی کوردستان لە دۆخێکی خراپی ئابوریدا دەژین و بەهۆی کۆرناوە هیچ سەرچاوەیەکی دارایی و بژێویان نەماوە، هاوکات بە بەردەوامی مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەتیش دواکەوتووە.

 


PM:07:57:25/03/2020