بەرهەم ساڵح بە فەرمی مستەفا كازمی بۆ پێكهێنانی حكومەت ڕاسپارد(وێنەکان ببینە)

دواى کشانەوەى عەدنان زورفى، بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆمارى عێراق (مستەفا کازمى) بۆ پێکهینانى حکومەتى نوێى عێراق ڕاسپارد.

 

ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆشکى سەلام لە ناوچەى جادریەى بەغدا، بە ئامادەبونى ژمارەیەک لە سەرکردە سیاسییەکان لە نێوانیاندا عەمار حەکیم رێبەرى رەوتى حیکمە و هادى عامرى و محەمەد حەلبوسى بە فەرمى مستەفا کازمى بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێى عێراق راسپیردرا.

 

راسپاردنی‌ مستەفا کازمی‌ دوای‌ ئەوە هات کە هەر ئەمڕۆ عەدنان زورفی‌، کشانەوەی‌ لە پێکهێنانی‌ کابینەی‌ نوێی حکومەت راگەیاند کە نزیکەی‌ مانگێکە بۆ ئەو پۆستە راسپێردرابوو.

 

کازمی لە ساڵی (١٩٦٧) لە شاری بەغدا لەدایکبوە و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا، جگە لە رەگەزنامەی عێراقیی هیچ رەگەزنامەیەکی دیکەی نییە، هاوسەرگیری کردوە و باوکی دوو منداڵە.

ساڵی (٢٠١٦) بوەتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی، ماوەیەک بەڕێوەبەری نوسینی بەشی عێراق دەبێت لە ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەری نێودەوڵەتی، ماوەیەکیش سەرنوسەری گۆڤاری ئسبوعیە بوە و بەڕێوەبەری جێبەجێکار بوە لە دەزگای یادەوەری عێراقیی.

 



PM:12:58:09/04/2020