بەرهەم ساڵح: مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مافێكی دەستوورییە

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٠/٤/٢٨ لەگەڵ سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و چەند ئەندامێكی تر لیژنەكە كۆبووەوەو رایگەیاند" مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی تری عیراق مافێكی دەستوورییە".

 
لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردووەتەوە، كە پێویستە كۆششەكان بەو ئاڕاستەیە بن تا پەلە بكرێت لە دۆسیەی پێكهێنانی حكومەت و پڕۆسەی چاكسازی ڕیشەیی، چونكە بۆ ئەمڕۆمان چاكسازیی بووەتە پێویستییەكی گرنگ و حەیاتی.

 
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە لێكەوتەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كرا و سەرۆك كۆمار باسی لەوە كرد تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە پێویستی بەهەوڵ و تێكۆشانی هەموو دڵسۆزانە و دەبێت هەموومان بەیەكەوە بەرەنگارییان ببینەوە و ڕێگە نەدەین كاریگەری لەسەر قوت و بژێوی هاووڵاتییانی كەمدەرامەت هەبێت، بەپێچەوانەوە لە پڕۆسەی چاكسازیدا دەبێت باشكردنی ژیان و گوزەرانی ئەوان ئامانج بێت و ناشبێت بە هیچ پاساوێك ڕێگە بدرێت دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانبەران ببرێت و بەتایبەتیش توێژەكانی خوارەوە.

 
سەرۆك كۆمار باسی لەوەشكرد، زۆر گرنگە پشتیوانی لە بەرهەمی خۆماڵی بكەین و داهاتی نیشتمانی بۆ پشتیوانیكردن و باشكردنی بژێوی تێكڕایی هاووڵاتیان بێت و پەرە بە توانای داهاتە نیشتمانییەكانی تر بدرێت تا بتوانرێت بە خۆبژێوی و پێشخستنی وڵات بەتەواوەتی دەستەبەر بكرێت.

 
سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵی و هەرێمیش لەمەڕ داهاتەكان و یاسای نەوت و گاز، سەرۆك كۆمار جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەنا بەرینە بەر دەستوور و بە پابەندی یاسای بودجە و بەركەوتەكانی و بەرژەوەندی نیشتمانی بین، لە پێناو گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی هاوبەشیش كە مافی سەرجەم هاووڵاتیان دەپارێزێت و گرنگە بە ڕاشكاوانە پەنجە بخرێتە سەربرینەكان و چارەسەری ڕیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە.

 
سەرۆك كۆمار ئەوەشی ڕوونكردەوە كە مووچەی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم هاووڵاتییانی تری عیراق مافێكی دەستوورییە و نابێت بە هۆی سەرهەڵدانی دەرهاویشتە سیاسییەكانەوە دەستی بۆ ببرێت، هەروەها جەختیكردەوە لەوەی پێویستە بەشێوەیەكی شەفافانە پرسی تەسوییەی دارایی بەڕیوەبچێ بەپیی دەستوور و یاسای بودجە، بەڵام نابێت ئەمە ببێتە مایە دواخستن یا بڕینی مووچەی فەرمانبەران.

 
سەرۆك كۆمار ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دۆخەكە قورسە و پێویستی بە ئیرادەی چارەسەرێكی دادپەروەرانەیە و پێویستیشە مووچەخۆران نەكرێنە قوربانی ناكۆكییە سیاسییەكان، دواتر سەرۆك كۆمار ئەوەشی خستە ڕوو، كە ‌ دڵسۆزانی وڵات قبوڵی ئەوە ناكەن كە هاووڵاتییان باجی ناكۆكییە سیاسییەكان بدەن.




PM:10:02:28/04/2020