سەرۆك كۆمار و پارێزگاری بەسرا دۆخی ئابووری و تەندروستی تاووتوێ دەكەن


سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٦/٨ لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ئەسعەد عیدانی پارێزگاری بەسرا.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق، لەمیانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح جەختی لەوە کردووە کە پارێزگای بەسرا گرنگییەکی گەورە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە لە عێراق دا، بۆیە پێویستە لەسەر هەمووان بەیەکەوە کاری جیددی بۆ بکەین، لە پێشخستن و پەرەپێدانی بە جۆرێک لەگەڵ پێگە ئابوورییەکەیدا بگونجێت، ھەروەھا دووپاتی لەپێویستی کۆتایی هێنان بە کێشەو ئاستەنگەکانی بەردەم بوژاندنەوە و خۆشگوزەرانی شارەکە کردەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا بەرھەم ساڵح ئاماژەیکرد بە گرنگی چەسپاندنی سەقامگیری لەپارێزگای بەسرا و مامەڵەکردن بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ باشترکردنی ئاستی بژێوی ژیانی ھاووڵاتیانی بەسرا و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە شارەکە، ھاوکات روونیشیکردەوە ئەو دۆخەی کە ئێستا وڵاتی پێدا تێپەڕدەبێت لە رووبەڕووبوونەوە و رێگری لە بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتای کۆرۆنا، وا دەخوازێت لەسەر حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکەدا هەوڵی زیاتر بدات بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە مەترسی پەتاکە و پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی هەمووان.

لەلای خۆیەوە پارێزگاری بەسرا، وردەکاریەکی تەواوی بۆ پلانی حکومەتی خۆجێی خستە روو، بۆ لابردنی بەربەستەکانی بەردەم شارەکە و کارکردن لە پێناو دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ تەواوی هاووڵاتیان، ھەروەھا هەوڵەکانی سەرۆک کۆماریشی بەرزنرخاند بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی دانیشتوانی پارێزگای بەسرا و وڵات بەگشتی.

PM:08:33:08/06/2020