بەرهەم ساڵح ئیدانەی كوشتنی هشام هاشمی دەكات

سەرۆك كۆماری عێراق پەیامێكی لەسەر تیرۆركردنی هشام هاشمی بڵاوكردەوە و سەرکۆنەی تیرۆرکردنەکەی دەکات و بە تاوانێكی قێزەون دژ بە مرۆڤی عێراقی ناویدەبات.

 

 

بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی "تویتەر" پەیامێکی لەبارەی تیرۆرکردنی هشام هاشمی بڵاوکردەوەو دەڵێت" كوژرانی چاودێری بە توانای نیشتیمانی و راستگۆ (هشام هاشمی) لەسەر دەستی لە یاسا لادەران تاوانێكی قێزەونە كە مرۆڤی عێراقی و مافەكانی ژیانی بە شێوازێكی شكۆمەندانە بە ئامانج دەگرێت".

 

لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا سەرۆک کۆماری عێراق تیرۆرکردنی هشام هاشمی بە "تاوانێکی دڕندانە" ناودەبات و دەشڵێت" ئەو تاوانە دڕندەیە ئەو بەها بەرزانەی وڵاتمانی کردووەتە ئامانج کە ئێمە لە قۆناغی دوای سەردەمی دیکتاتۆرییەت بۆ نیشتمانمان دەستنیشانمان کردون". 

 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا بەرهەم ساڵح تەئكیدیش دەكاتەوە: لانیكەم ئەركی ئێمە ئاشكراكردنی تاوانباران و رادەستكردنیانە بە دادگا لە پێناو گەرەنتینكردنی ئاسایش و ئاشتی لە وڵاتدا.

 

 

 

 
 


AM:12:07:07/07/2020