بەرهەم ساڵح داوای یاسایی لەسەر بەڕێوەبەرێکی گشتی تۆمار دەکات کە سوکایەتی پێکردووە

بەڕێوەبەرێکی گشتی پێشووی وەزارەتی کارەبا لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا سوکایەتی بە سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح دەکات، ئەویش داوای یاسایی لەسەر تۆمار دەکات.

 
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ڤیدیۆیەکی بەڕێوەبەری پێشوی وەزارەتی کارەبای عێراق ( محەمەد فەوزی زەیدی ) بڵاوکراوەتەوە هێرشدەکاتە سەر بەرهەم ساڵح و چەند بەرپرسێکی کوردی پێشووی عێراق بەتۆمەتی گەندەڵی تۆمەتباریان دەکات لە چەند گرێبەستێکی کارەبادا، هەروەها هێرشیش شەخسیش دەکاتە سەر بەرهەم ساڵح، نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆمار داوای یاسایی لەسەر ئەو بەرپرسەی پێشووی وەزارەت تۆمار دەکات.

 
لەروونکردنەوەی نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆماردا هاتووە"سەرچاوەیەکی رێگەپێدراو لە نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرھەم ساڵح رایگەیاند: سەرۆکایەتی کۆمار داوایەکی یاسایی لە دادگای تاوانەکانی کەرخ، دژی ئەو هەواڵە ناڕاستانە تۆمارکردووە کە (محەممەد فوزی زەیدی) هەڵیبەستوون و ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە'. 


هەروەها هاتووە " سەرچاوەکە وتیشی ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی نییە و هەڵبەستراون و بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە کە مەرام لێی لێدانە لە ناوبانگ و پێگەو کەسایەتی سەرۆک کۆمار".
 
لە رووکردنەوەکەشدا هاتووە "لەوبارەیەوە وتەی نوێنەری یاسایی سەرۆکایەتی کۆمار وەرگیراوە، ھاوکات چاودێری رێکارە یاسایەکانی داواکەش دەکرێت لەگەڵ گشت لایەنە پەیوەندیدارەکاندا، بەمەبەستی سزادانی هەموو ئەو کەسانەی ھێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر شکۆی عێراق و دامەزراوە فەرمییەکانی". 

 


PM:11:59:07/07/2020