چالاکوانێکی مەدەنی سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا

یەکێک لە دەستبەسەرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی ڕابردووی بۆکان سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بە سەردا سەپێندرا. 

بە پێی هەواڵی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، "فاتیمە داوەند"، چالاکی مەدەنی خەڵکی بۆکان، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی سزای پێنج ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێنرا. 

ناوبراو بە تۆمەتی " بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و هاوکاری لە گەڵ حیزبێکی کوردستانی دژبەری ئێران" حوکمی بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار فاتیمە داوەند دەبێ تا مانگێکی دیکە بۆ تێپەڕاندنی ماوەی حوکمەکەی خۆی بە بەشی جێبەجکردنی حوکمەکان بناسێنێ.

فاتیمە داوەند، چالاکی مەدەنی لە شاری بۆکان ٢٥ی (کانونی یەکەم/١٢)ی ساڵی رابردوو بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا.
 
ناوبراو پاش دوو مانگ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورومیە گوازرابوویەوە و هاوکات لە گەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا بە بارمتەی یەک میلیارد و٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شیوەی کاتی و تا کاتی دادگاییکرانی ئازاد کرابوو.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رونیکردەوە: فاتیمە داوەند چەند رۆژ پاش دەستبەسەرکران لە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران ناچار بوو بێتە سەر تی ڤی و دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگرت و لە هەواڵەکانی کەناڵی دووی دەنگو رەنگی کۆماری ئیسلامی دانپێدانانەکانی بڵاو کرایەوە. لەو دانپێدانانەدا ناوبراو وتی کە لە ناڕەزایەتییەکانی بۆکاندا بەشداری کردووە و جارێکیش سەردانی سلێمانی کردووە.

یەکێک لە خزمەکانی ئەو چالاکی مەدەنییە بە هەنگاوی راگەیاند کە فاتیمە چەند ساڵ لەمەوبەر لە سلێمانی بووە و لەم ساڵانەی دواییدا هیچ سەفەرێکی بۆ هەرێم کوردستان نەکردووە.

PM:09:52:23/07/2020