بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی: پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا گرنگە

سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق كۆبوونه‌وه‌ و له‌ به‌شێكی گفتوگۆی نێوانیاندا جه‌خت له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان حكومه‌تی فیدڕاڵی عیراق كرایه‌وه‌.  

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ، ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/8/6 لە بەغدا پێشوازیكرد لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا دەربارەی كۆی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و تەندروستی و ئابووری وڵات و جەختكرایەوە لەپێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پاك و بێگەرد وەك پابەندبوونێك بەكارنامەی حكومەت.

هەر بەپێی ئەو بەیاننامەیەکە" دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران، دووپاتیانكردەوە لە پێویستی راوەدونانی پاشماوەكانی تیرۆر و بەردەوامیدان بە سەركەوتنەكانی هێزە ئەمنییەكان و پارێزگاریكردن لە دەستكەوتەكان و چەسپاندنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی شارەكانی عیراقدا، هاوكات گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا و پشتیوانیكردنی لەلایەنە تەندروستییەكان و زامنكردنی سەلامەتی و تەندروستی هاووڵاتیان، هەروەها خستنەرووی چارەسەر و رێوشوێنی پێویست بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری و كەمكردنەوەی خەرجی حكومەت و زیادكردنی سەرچاوەی داهاتی دەوڵەت و چەسپاندنی بنەمای چاكسازی لە وڵاتدا". 

لە كۆتایی بەیاننامەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتووە: لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا جەختكرایەوە لەگرنگی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و پێویستی چارەسەركردنی كێشە داراییەكان، بەجۆرێك مافە دەستورییەكانی سەرجەم هاووڵاتیان و مووچەخۆرانی عیراق و هەرێمی كوردستان بپارێزێت. 

 


PM:10:35:06/08/2020