بەرهەم ساڵح دروستبوونی گرژی نێوان هەرێم و بەغدا تووشی سەرسوڕمانی کردووە

سەرۆک کۆماری عێراق سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ئەو بارگرژیەی میدیایەی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروستبووەو دەڵێت " هەردوولا نزیکبوون لە رێککەوتن".


نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك كۆمارئاماژە بۆ ئەوە دەکات "سەرۆك كۆمار لە نزیكەوە چاودێری وردەكاری و كاردانەوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵی كردووە، لەبارەی دەرئەنجامی گفتوگۆ بەردەوامەكانی نێوان هەردوولا لە ماوەی دوو مانگدا بۆ گەیشتن بە پاكتاوكردنی دارایی كە لەو رێگەیەوە بەشە بودجە لە بودجەی ساڵانەی هەرێم بنێردرێت".


لە میانەی بەیاننامەیەكدا كە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٠/٨/١٣ دەرچووە د. بەرهەم ساڵح جەختیكردووەتەوە كە پشتیوانی و بە شێوەییەكی وردو بەردەوام چاودێری گفتوگۆ بەردەوامەكانی كردوە بۆ گەیشتن بە پاكتاوی یاسایی دادپەروەرانە بۆ ئەو بابەتە، كە زۆربەی ئاستەنگەكانی لە رێگەی گفتوگۆوە لەم چەند رۆژەی رابردوو نەهێڵراون و كەم كراونەتەوە.


راگەیاندنەکەی نووسینگەی سەررۆک کۆمار، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا لەبەرامبەر ئەو راگەیەنراوانەی كە تیایدا گرژی نیشان دەدرێت و رەنگدانەوەی راستی گفتوگۆكان نییە و ئەو راستیەش ناخاتە روو كە كە ئومێدی ئەوە دەكرێت لە كۆتای ئەم هەفتەیە بگەنە رێکكەوتن و چارەسەرێكی دادپەروەرانە و یاسایی پەیڕەو بكرێت كە مافی گەلانی عێراق بپارێزێت و لە ناویشیاندا مافی هاووڵاتیان لە فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان.


هەروەها هاترووە " بەرهەم ساڵح زامنكردنی مووچەی هاووڵاتیانی عێراقی و لە نێویشیاندا هاووڵاتیانی هەرێم مافێكی دەستورییە و لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكان پێویستە زامنی ئەو مافە بكەن و دەستاو دەستی پێنەكەن بەگوێرەی بەرژەوەندی سیاسی و خودی یان بەشێوەی ناشەرعی و نا یاسایی".


لە کۆتاییدا هاتووە" سەرۆک کۆمار جەختیكردەوە كاریگەری ناكۆكییە بەردەوامەكان لەبارەی بابەتە داراییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر مافی هاوونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان لە رووی یاساییەوە رەت دەكەینەوە و پێویستە هەست بە ئازاری مەترسیداری هاووڵاتیانی هەرێم بكرێت، لەبەر رۆشنایی ئەم قەیرانەی ئێستا و داوای كرد كە بە زوترین كات بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و بەرژەوەندی هاووڵاتیان بخەنە پێش بەرژەوەندی خودی و سیاسییەوە".
 


PM:09:28:13/08/2020