لە رانیە تەرمی گەنجێك لەناو پاركێكدا بەهەڵواسراوی دۆزرایەوە

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت" بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی کەسێک گەیەنرایە پزیشکی دادوەری ڕانیە کە شوێنەواری پەت بە ملیەوە هەبووە". 

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە، کاتژمێر ٧:٢٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک بە ناوی (ب. ن. ح.) لە دایکبوی ساڵی ٢٠٠٢ لە ڕەگەزی نێر دانیشتوی شاری ڕانیە گەیەنرایە پزیشکی دادوەری ڕانیەو لەکاتی پشکنین لە پزیشکی دادوەری دەرکەوت کە شوێنەواری پەت بە ملی ناوبراوەوە هەیە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە" لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ناوبراو لەناو پارکی دەروازەی شاری ڕانیە بەهەڵواسراوی لەژێر یەکێک لەئامێرەكانی یاریکردن دۆزراوەتەوەو پاشانیش گەیەنراوەتە نەخۆشخانەو پزیشکی دادوەری ڕانیە". 

وتیشی" بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە ئاخۆ ناوبراو خۆی هەڵواسیوە یاخود هەڵواسراوە لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە". 

ڕاشیگەیاند" كە تەرمی ناوبراو بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بەمەبەستی زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی و مەلەفی لێکۆڵینەوەش بۆ ڕوداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە بەردەوامە". 



PM:01:06:17/08/2020