شاعیری ناسراوی کورد، عەبدوڵا پەشێو لە نووسینێکدا رەخنەی توند لە دۆخی سیاسی و ئابوری و تەندروستی هەرێم دەگرێت.
پەشێو لەو نووسینەدا دەڵێت "ئەوپەڕی دەبەنگییە تۆ سیستێمێکی جێگیر و متمانەپێکراوی بانکت نەبێ، کەچی ڕووقایمانە باسی گەشەی ئابووری و سەرمایەگوزاری بکەی و تەلارێکت ناو نابێ "وەزارەتی دارایی و ئابووری"!.
هەروەها دەشڵێت "کارەساتە تۆ کەرتی گشتیی تەندروستیت وێران کردبێ، نەخۆشخانەی چڵێسی تایبەتت بەردابیتە گیانی گەلێکی دەردەدار، دابینکردنی ئامێر و دەرمانت بە قاچاخچییان سپاردبێ، ئاوت جێی گومان و کارەبات دەمدەمی و گڕەگڕی ژەنەراتۆر"مووەللیدە"ی ژاردەرفرتێنت بێسرەوت بێ، کەچی باسی تەندروستیی بکەیت و وەزارەتێکیشت بەو ناوە بۆ دۆست و ئەحباب دانابێ".
پەشێو سەرکردایەتی کورد بە نەخوێندەوار ناوزەد دەکات و دەڵێت " نەخوێندەوارییە بەدرێژایی ٣٠ ساڵی ڕەبەق یەک سەرژمێریی دووپێ و چوارپێیەکانی وڵاتت نەکردبێ، کەچی "وەزارەتی پلاندانان"ت هەبێ! ".
لە بڕگەیەکی تردا دەڵێت " تۆ ڕێوبانت هی سەردەمی مەلیک و قاسم و سەددام بێ، نە مێترۆیەکت هەبێ نە ترامێک، نە ڕێیەکی ئاسنت هەبێ نە باسێکی کەرتی گشتی، نە تۆڕێکی سەردەمیانەی هاتوچۆی نێوان شارانت هەبێ نە پۆستەخانەیەکی سەردەمیانەی دەوڵەت، کەچی چەند وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکت بۆ ئەو سێکتەرانەی خزمەگوزاری قیت کردبێتەوە!".
ئەو شاعیرە کە ئێستا لە دەرەوەی وڵات دەژی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەش دەخاتەڕوو " تۆ لەسەردەمی شۆرشی زانیاری و جەنگی بێبەزەییانەی فەرهەنگ و زماناندا، هێشتا تاکە فەرهەنگێکی گشتیی زمانی نەتەوەت نەبێ، کە سادەترین مەرجی زانستیی تێدا بێ".
دەربارەی کۆڵەواری زمانی کوردیش لە سایەی سیستەمی حکومڕانیی کوردیدا دەڵێت " زمنایش دەڵێت تۆ شکۆی زمانت تێکشکاندبێ، ڕێنووست لەبار بردبێ، تاکە کەناڵێکت نەبێ دوو ڕستەی ڕەوانی کوردیی لە دەم دەرچێ، تۆ... تۆ... زانکۆ و فێرگەی کەرتی گشتیت وێران کردبێ، وڵاتت بە قوتابخانەی عاجباتیی ئەمەریکایی و فەرەنسایی و ئینگلیزی و سوێدی و تورکی و عەرەبی و و چی و چی تەنی بێ، کەچی، هێندە بلیمەت بیت، تەلارێک بۆ "ئەکادێمیا" و دوو تەلاریش بۆ "پەروەردە" و "ڕۆشنبیری" ی کوردی تەرخان بکەی!".
لە کۆتاییدا پەشێو دەڵێت "تۆ دەیان ساڵ ڕەوەیەک نەهەنگی تێرنەخۆرە و مافیای سەرسەری و چەنەبازی دەستوپێسپیت بە ناوی "حیزب" لە سامانی گشتی بەردابێ و ژیانێکی شاهانە و کەڵەگایانەت بۆیان مسۆگەر کردبێ، لەولاش کارمەندانی کارزانی ڕاستەقینە برسی بن، کەچی تەلارێکی پۆشتە و پەرداخیشت بۆ "داد" ئاوا کردبێ!"