فڕۆكه‌كانی توركیا بۆردومانی ناوچه‌ی سنوری برادۆست ده‌كه‌ن

ئەمشەو فڕۆكەکانی توركیا دەڤەری برادۆستیان تۆپباران كرد و ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەخت لە نێوان گەریلاكانی پەكەكە و سەربازانی سوپای توركیا دەستیپێكرد. 
 
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی "سپی" کەوتووە، ئەمشەو لە سنوری دەڤەری برادۆستی پارێزگای هەولێر، فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا بۆردوومانی گوندی کونڵە و ناو مێرگان و گەلی ڕەشیان لە سنوری برادۆست کرد. 

هەر بەپێی زانیارییەکانی "سپی"،  ڕووبەڕووبوونەوەیەكی سەخت لە نێوان سەربازانی سوپای توركیا و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) ڕوویدا، هاوکات تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە زیانە گیانی و مادیەکانی هاوڵاتیان نەزانراوە و تۆپبارانەکە بەردەوامە. 

فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەردەوام بە ئاسمانی سنورەکانی برادۆستدا دەسوڕێنەوە، کە ئەمەش ترس و دڵەڕواکێی لای دانیشتووانی سنورەکە دروستکردووە.

 

له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌، توركیا بۆردومانكردنی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌چڕی ده‌ستپێكردوه‌ و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌نێوان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا رویداوه‌.



AM:12:08:16/09/2020