نوسەرێک لەسەر داوایەکی بەرهەم ساڵح سێ رۆژە زیندانە



بە هۆی سكاڵایەك نوسەری وتاری "تا كەی سەرۆك كۆمار ڕۆنگ ساید لێ ئەخوڕێت!؟"، بەهرۆز جەعفەر، سەرۆكی ئینستیوتی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، ئەندامی لقی كەركوكی سەندیكای رۆژنامەنوسان، لەلای بنكەی پۆلیسی ئەزمڕ لە شاری سلێمانی سێ رۆژە راگیراوە.


سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان رایگەیاند "لەكاتی سەردانی هاوڕێكانی بەهرۆز پێیی راگەیاندوون " پارێزەرێكی بەرهەم ئەحمەد صالح سەرۆك كۆمار داواكەی جوڵاندووە، بۆ ماوەی ٨ رۆژ توقیف، راگیراوە".


هەروەها لەو راگەیاندنەی میترۆدا هاتووە" دۆسییەی رۆژنامەنوسان بە پێیی یاسای ژمارە (35) ی ساڵی 2007، لە حاڵەتی ساغبونەوەی تۆمەت بەسەر ڕۆژنامەنوسدا لەسەر كاری ڕۆژنامەوانی سزای دارایی (غەرامە)ی بەسەردا دەسەپێنرێت و دەستبەجێ ڕۆژنامەنوس ئازاددەكرێت. بەڵام لە هەندێ حاڵەتدا پەنا دەبرێتە بەیاسای ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، كە ماددەی(٤٣٣)ی یاساكە كە باس لەناو زڕاندن دەكات یان پەنا دەبرێتە بەر ئەو بڕگە و ماددانەی باس لە ئاسایشی نەتەوەیی، دەكەن".


میترۆ ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات" لە حاڵەتی نوسینەكەی (بەهرۆز جەعفەر) پەنا براوە بۆ یاسای سزادانی عێراقی، كە سزاكانی توندترن.سەنتەری میترۆ داوا دەكات سەرۆك كۆمار سنگی فراوان بێت لەبەردەم نوسین و تەنانەت بڵاوكردنەوەی هەندێ زانیاری پشتنەبەستوو بە سەرچاوەكانی سەرۆكایەتی كۆمار، چونكە دەرگای زانیاری هەموو كات ئاوەڵا نین بۆ نوسەران و رۆژنامەنوسان".




لە کۆتایی راگەیەندنەکەی میترۆدا هاتووە "مافی هەر كەسێكە لەكاتێكدا هەست دەكات هەر نوسەر، رۆژنامەنوس چالاكوانێك ، ناوی زڕاندووەو هەواڵی ناراستی دەربارەی كارەكانی بڵاوكردۆتەوە پەنا بۆ یاسا ببرێت، كە بەلای ئێمە ئەو یاسایە یاسای رۆژنامەگەرییە نەك یاسایەكی تر.".


PM:12:32:24/09/2020