کتێبی " شەڕی ناوخۆی کورد، بۆچی سەریهەڵدا، چۆن گەشەی کرد، سەرئەنجام" بڵاوکرایەوە


کتێبی ( شەڕی ناوخۆی کورد – بۆچی سەری هەڵدا، چۆن گەشەی کرد، سەرئەنجام) لە نوسینی سەلاح رەشید کە کتێبێکی دۆکۆمێنتاریە لەسەر شەڕی ناوخٶی کوردستان، کەوتە بازارەوە.

 
وەک نوسەری کتێبەکە، سەلاح رەشید ئاماژەی بۆ دەکات ئەو کتێبە ٥٠٠ پەرەییە، باس لە ( شێوە و جۆرەکانی شەڕی ناوخۆ، مێژوی دێرینی شەڕی ناوخۆ، ناکۆکی و شەڕەکانی نێوان باڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٦١ تا ١٩٧٠، هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە نێوان یەکێتی و پارتیدا، شەڕی هەکاری، جەوقەد و جود، شەڕی پشت ئاشان، گفتوگۆی نێوان یەکێتی و رژێمی بەغدا،سەرەتای گرژی نێوان پارتی و یەکێتی، شەڕی نێوان یەکێتی و بزوتنەوەی ئیسلامی، شەڕی نێوان یەکێتی و پارتی و پارتی کرێکاران، شەڕی نێوان پارتی و حسک(...".


سەلاح رەشید  باس لەوەش دەکات کە ئەم کتێبە دەیان نامە، بروسکە، راپۆرت، رونکردنەوە و چاوپێکەوتنی هەمەجۆر و فرە سەرچاوە، دەربارەی هەمولاکانی شەڕی ناوخۆ کە بۆ یەکەمجار گرتۆتە خۆی.

 
" ئەم کتێبە باسی روداوە ناخۆش و دڵتەزینەرەکانی شەڕی ناخۆ دەکات، ئەمە لە بەرژەوەندی یان دژایەتی لایەک یان هێزێک نەنوسراوە، هەمو هێزەکان بە پێیی کات و شوێن و قەبارەیان، بەشداربون لەو شەڕانەدا".( وەک سەلاح رەشید دەڵێت ).

 
ناوبراو کە پێشمەرگە و کادیرێکی دیاری یەکێتی بووە ئەوە دەخاتەڕوو کە بڵاوکردنەوەی ئەو کتێبە، هەنگاوێکە بۆ ئەوەی روناکی بخاتە سەر بەشی لە مێژوی هەمەلایەنەی خەباتی گەلی کورد.

 
سەلاح رەشید دەشڵێت "لە مێژوی شۆرشی هەمو گەلاندا، کۆمەڵێک کاری نابەجێی مەترسیدار، دور لە ئامانج و خواستی شۆرشەکە و دژ بەو پرنسیپانەی شۆرشەکەی لە پێناویدا هەڵگیرساوە، لە قۆناغی جیاوازدا رویانداوە، بەڵام ئەم لادانە قێزەوەرانە کە دژ بە سەرەتاکانی مافی مرۆڤن و پێویستە هەمو یەکێک دژیان بوەستێتەوە و ئیدانەیان بکات، لە عەدالەت و رەوایی تێگرای شۆرشەکە کەم ناکاتەوە، رەنگە بۆ قۆناغێک لەکەداری بکات، بەڵام خەباتەکە بۆ کێشە ڕەواکەی ناسرێتەوە، بێگومان شۆرشی کوردیش بەدەرنیە لەم یاسایە".

 
کتێبەکە ئێستا کەوتۆتە بازاڕەوە..

 


PM:07:44:30/09/2020