لەتیف شێخ مستەفا: ئەگەر ئاڵا لەناوخۆ ڕێزلێگیراو بوو شکۆی بەوە ناشکێت کە لەدەرەوە سوکایەتی پێ بکەن

پسپۆڕێکی یاسایی و دەستووری رایدەگەیەنێت"  ئەگەر ئاڵا لەناوخۆ ڕێزلێگیراو بوو شکۆی  بەوە ناشکێت کە لەدەرەوە بیسوتێنن یان سوکایەتی پێ بکەن". 

 

حاکم لەتیف شێخ مستەفا پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و پسپۆڕی یاسای دەستوری لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە نووسینێکدا بەناونیشانی  (شکۆی ئاڵا) دەڵێت" ئەگەر ئاڵا لەناوخۆ ڕێزلێگیراو بوو شکۆی  بەوە ناشکێت کە لەدەرەوە بیسوتێنن یان سوکاێەتی پێ بکەن،  ٧٠ ساڵە عەرەبەکان ئاڵای ئیسرائیل دەسوتێنن، ئیسرائیلیەکان یەکجاریش لە تۆڵەی ئەوەدا ھەلنەستاون بەسوتاندنی ئالای دەوڵەتە عەرەبیەکان، بەڵام رۆژ بەرۆژ ئاڵای ئیسرائیل شکۆ پەیدا دەکات و ھی عەرەبەکانیش بە پێچەوانەوە ئەزانن بۆ ؟چونکە لە ناوخۆی ئیسرائیلدا ئەو ئاڵایە سیمبولی یەکسانی و سەروەری دەوڵەت و ھاوڵاتی  ئیسرائیلیە نەک تەنھا ھی چەند گروپ و کەسێک". 

 

ڕاشیگەیاندووە" کاتێک ئاڵا لەناوخۆ دەبێتە سیمبولێک بۆ نایاسایی و قاچاخچێتی و لادان لەیاسا و خۆسەپاندن ئەوکات رێزی لای ھاولاتیانی خۆی نامێنێ پیش دەرەوە، کاتێک ئاڵای کوردستان دەبێتە سیمبولی ناعەدالەتی و زوڵم". 

 

حاکم شێخ لەتیف باسی لەوەشکردووە، کاتێک گروپێک دەست درێژی دەکەنە سەر خەلک یان قاچاخچێتی دەکەن و ئالای کوردستان بە ئوتوبیلەکەیانەوە دەکەن، یان کاتێک بەرپرسێک یان چەکدارێک یان پیاوی بەرپرسێک زەوی داگیر دەکات و خانوو مونشەئاتی لەسەر دروست دەکات و ئاڵای کوردستان و ئاڵای حیزبێکیشی لەسەر دەچەقێنێ، یان کاتێک ئاڵای کوردستان دەبێت بۆ ئیمتیازو خۆبادان بۆ چەکدارو کادرو بەرپرسانی حیزب لەناوخۆدا، ئەوکات لەبەرچاوی زۆرینەی ھاوڵاتیانی کوردستان  پێش خەلکانی دی رێزو شکۆێ نامێنێ؟ ئەوە نھێنی ئەو خۆشحاڵیەیە کە خەلکانێکی زۆر لە سوشیال میدیا دەریدەبڕن بە سوتانی ئالاکە. 

 

لە کۆتایی نوسینەکەیدا پەرلەمانتارەکەی پێشووی عێراق دەشڵێت" بۆیە سواری سەری خۆتان مەبن و ئیتر دان بەو راستیەدا بنێن کە خۆتان لە پێش خەلکی ترەوە بونەتە ھۆکاری لێدان لە شکۆی ئاڵاو بێ ڕێزی کردن پێی، بۆیە پێویستە ببینە ئیسرائیل نەک دەوڵەتە عەرەبیەکان". 



PM:10:17:17/10/2020