" لەشکرکێشی تورکیا بۆ سەر حەفتانین، داگیرکردنی خاکی هەرێمی کوردستان، زیانە گیانییەکانی نێو کادیرانی پەکەکە لە ئەنجامی بۆردومانەکانی دوو ساڵی رابردوو فڕۆکەکانی تورکیا، هەماهەنگی نێوان تورکیا و ئێران و مەترسی بۆ سەر پەکەکە، هەڵبژاردنی ئەمەریکا و کاریگەری لەسەر کورد، پەیوەندی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان و تورکیا" تەوەرەکانی چاوپێکەوتنێکە لەگەڵ زاگرۆس هیوا وتەبێژی ( کەجەکە ) کە ناسراون بەباڵی سیاسی پەکەکە.
" ئارمانجی ستراتیژی توركیا داگیرکردنی هەموو باشووری كوردستان لە زاخۆوە تا كەركووك و شەنگال "
پرسیار: لە شەڕی حەفتانین پارتی کرێکاران و کورد چی دەستکەوت..؟ چی دۆڕاند..؟
زاگرۆس هیوا: سەرەتا پێویستە لە سیاسەت و ئارمانجەكانی توركیا لە هێرشی داگیركردنی حەفتانین دا تێبگەین، یەكەم، ئەو شەڕە تەنیا شەڕی حەفتانین نییە. شەڕی داگیركردنی باشوورە. ئارمانجی داگیركاری توركیا ئەوەیە كە هەموو باشووری كوردستان لە زاخۆوە تا كەركووك و شەنگال داگیر بكات. ئەردۆغان و بەرپرسە باڵاكانی توركیا ئەم ئارمانج و ئەجیندایەی خۆیان نەشاردۆتەوە و راشكاوانە دەیهێننە سەر زمان و لە سەری دەنووسن و تویت و پۆست دەكەن.
دووهەم، ئەم هێرشە داگیركارییە بەشێكە لە سیاسەتی فراوانخوازی توركیا لە هەرێمەكە، هەر لە باكووری ئەفریقیا و دەریای ناوەڕاستەوە بگرە تا سوریا و ئێراق و ئەرمینیا. كەواتە، ئەو شەڕە داگیركارییە لە روانگەی ئەردۆغان و توركیاوە هەنگاوێكی ستراتیژییە. ستراتیژی هەم لە دژی كورد و هەم لە دژی عەرەب. سێهەم، توركیا تاكتیكی شەڕی خۆی گۆڕیوە. تاكتیكی شەڕی توركیا ئێستا زۆرتر پشت بە تەكنۆلۆژیا و هەواڵگری دەبەستێت. لەمەشدا پشتیوانییەكی بەهێزی ئەمریكا و ئەوروپای هەیە. بە كورتی، توركیا دەڵێت، ئارتەشێكی بەهێزم هەیە، ناتۆ پشتیوانمە، كورد لە ناو دەبەم، وڵاتانی عەرەب داگیردەكەم و ئیمپراتۆرییەتێكی نوێ دادەمەزرێنم.
لە كاتێكدا زۆر هێزی هەرێمی و هەندێك هێزی كوردی ئەم ستراتیژەی توركیا وەك شتێكی دیفاكتۆ پەسند دەكەن، گەریلای ئازادی كوردستان، بە پشت بەستن بە هۆشیاری مێژوویی و سیاسی و لە سۆنگەی هەست كردن بە بەرپرسیارێتی نەتەوەیی و ئەخلاقییەوە رووبەڕووی توركیا دەبێتەوە و وا دەكات كە ئەرتەشی توركیا لە حەفتانیندا چەقبەست ببێت. ئەم خۆڕاگرییەی گەریلا هەموو حیساباتی توركیای تێك دا و ورەی دا بە هەموو ئەو هێز و لایەنانە كوردی و هەرێمییانەی كە توركیا بۆ خۆیان بە مەترسی دەزانن. هەروەكۆ چۆن ئەو كاتەی كە زۆر هێز و لایەن لەبەر داعش هەڵدەهات، گەریلا چوو لە شەنگال بەری لە داعش گرت، ئەمجارەش گەریلا لە حەفتانیندا بەرەنگاری سپۆنسەری سەرەكی داعش، واتە ئەردۆغان و توركیا دەبێتەوە.
ئەم خۆڕاگرییەی گەریلا لە لایەكەوە هەم ورە دەدات بە ئەو هێز و لایەنانەی كە لە سیاسەتی توركیا ناڕازین و هێشتا لە نێوان خۆڕاگری و تەسلیمبووندا دوو دڵن، و لە لایەكی دیكەشەوە توركیا تووشی شكستێكی ستراتیژی دەكات. توركیایەك كە دەیەویست تا كەركووك و شەنگال بڕوات، لە حەفتانین گیر دەخوات.
ئەمە دەسكەوتێكی گەورەیە بۆ گەلی كورد و بۆ گەریلای ئازادی كوردستان. ئەم خۆڕاگرییەی گەریلا لە هەمان كاتدا كە گەلی كورد لە بەرامبەر شاڵاوی جینوسایدی ئەردۆغان دەپارێزێت، پێكهاتەكانی دی كوردستان و هەرێمەكەش بە كریستیان و ئاشوور و سریان و تەنانەت عەرەبیش لە بەرامبەر هەڵمەتی جینوساید و داگیركاری دەپارێزێت. هەربۆیە گیانی یەكێتی نەتەوەیی كوردی بەهێز كرد و هەم بوو بە هۆی ئەوەی كە گەل و وڵاتانی عەرەبیش هەڵوێستێكی روونتر لە بەرامبەر توركیا وەربگرن.
بێگومان گەریلای ئازادی كوردستان لە شەڕی حەفتانین دا زۆر دەسكەوتی هەبوو. یەكەم دەسكەوت لە بواری نوێكردنەوەی تێزی شەڕی گەریلاییە. لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای شەڕ و هەواڵگری، بە تایبەت باڵافڕی بێ مرۆڤ زۆر كەس وای بۆ دەچوون كە گەریلا ئێدی هێزی بەرگری نامێنێت و شەڕی گەریلایی ئێدی لە دونیادا باوی نامێنێت. ئەوەی لە حەفتانین روویدا پێچەوانەی ئەم بۆچوونەیە. خۆڕاگری گەریلا ئەوەی سەلماند، دوژمن چەندەش بەهێزبێت، ئەگەر گەریلا لە بواری فەلسەفی، سیاسی وبیردۆزی و رێكخستنیدا خۆی ئامادەبكات، پشت بە ئیرادە و تواناكانی خۆی ببەستێت، لە بواری سەربازیدا داهێنانی بەردەوام بكات، قووڵایی جوگرافی بەكار بهێنێت، خاڵە لاوازەكانی دوژمن بەكار بێنێت، ئەوا هیچ هێزێك ناتوانێت زەفەری پێ ببات. مرۆڤ لە هەموو تەكنۆلۆژیاكان بەهێزترە. لێرەدا دەسكەوتێكی گرنگی شەڕی حەفتانین ئەوەیە كە پێشتر گەلی كورد كەڵكی لە ئەزموونی شەڕی گەریلایی گەلانی دی دونیا وەردەگرت، بەڵام حەفتانین تێزی شەڕی گەریلایی گۆڕی و ئێستا گەلانی دی دونیا كەڵك لە ئەزموونی گەلی كورد وەردەگرن بۆ تێكۆشانی گەریلایی. چ چەك و تەكنۆلۆژیای پێشكەوتووی سەربازی هەیە، لە حەفتانین لە دژی گەریلا بەكار هێنرا. راستە، دەوڵەتی توركیا بە پشت بەستن بە سەدان فڕوكە و هەزاران تۆپ و كاتیۆشا و هاوەن، هەروەها هەلیكۆپتەری كۆبرا و تەیارەی كەشف توانیوویەتی چەند گردێكی لە حەفتانین بگرێت و چەند كیلۆمەترەیەك بێیتە ناوەوە، بەڵام گەریلاش حەفتانینی بە جێی نەهێشتووە. رۆژ نییە گەریلا لە دژی لەشكری داگیركەری توركیا چالاكی ئەنجام نەدات. ئەم چالاكییانە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زۆری لە ناوی لەشكری توركیا دا دروست كردووە. دیاردەی خۆكوشتن، خۆ برینداركردن، هەڵاتن لە نێو لەشكری تورك لە حەفتانیندا زۆر بووە. ئێستا ئەم دیاردە دەروونییە وەكو سەندرۆمی حەفتانین باسی لێوە دەكرێت. هەربۆیە هەرمانگێك جارێك جێگۆڕكێ بە هەموو سەربازەكان دەكەن و سەربازی نوێ دێنن.
"سوپای توركیا پلانی دانابوو بە پشتیوانی تەكنۆلۆژیای ناتۆ تا ساڵی 2017 هەموو گەریلا پاكتاو بكات، بەڵام پێی نەکرا"
پرسیار: هەمیشە لەو هێرشانەی کە تورکیا دەیکاتە سەر ئەو شوێنانەی کوردستان لە باکور بێت، یان لە باشوور، رژێمی تورکیا بە حکومی تەکنەلۆژیا و چەکی پێشکەوتوو دێتە پێشەوەو شوێنێ زۆر داگیردەکات، وەک لە شەڕی حەفتانین بینیمان کە بەقوڵایی چەندان کیلۆمەتر هاتۆتە ناوەوەو خاکی باشووری داگیرکردووە، بەڵام هەمیشە پارتی کرێکارانی کوردستان خۆی بەسەر کەوتوو و براوە دەزانێت لەو شەڕانەدا، ئایا ئەمە واقیعیە کە خۆت بە سەرکەوتوو دەزانیت، لە کاتێکدا ئەو هەموو زەویەی لێداگیرکردوویت..؟
زاگرۆس هیوا: هەروەكو دەزانن، شێوازی شەڕی گەریلا وەك شێوازی سوپای كۆنڤەنسیۆنەل نییە. شەڕی گەریلا زیاتر لەوەی كە هێڵی بەرگری بە بنەما بگرێت، گرنگی بە رووبەری بەرگری دەدات. واتە ئەو پانتاییە جۆگرافییەی كە بتوانێت تیایدا چالاكی بكات. لەم رووەوە، شەڕی حەفتانین كاریگەری لەسەر ئەو پانتاییە نەكردووە. گەریلا لە كەنارەكانی دەریای ناوەڕاست تا كەنارەكانی دەریای رەش، لە هەموو كوردستانی باكووردا هەبوونی هەیە و چالاكی ئەنجام دەدات. سوپای توركیا وای پلانكربوو كە بە پشتیوانی تەكنۆلۆژیای ناتۆ تا ساڵی 2017 هەموو گەریلا پاكتاو بكات. بەڵام گەریلا نەك هەر پاكتاو نەبوو، بەڵكۆ لەگەڵ پاراستنی هەبوونی خۆی درێژەی بە چالاكییەكانیشی دا. ئەم سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ گەریلا.
" لە ماوەی 42 ساڵ تێكۆشانی پەکەکەدا زیاتر لە 40 هەزار شەهید هەیە"
پرسیار: لە رێگای فڕۆکەو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە سەرکردەو کادیری پێشکەوتووی پارتی کرێکاران شەهیدکران، ئایا مەترسی ئەوە نییە کە شەهیدبوونی ئەو ژمارەی کادیرەو بەردەوامی بۆردومان و شەهیدبوون پەکەکە لاواز بکات؟ ئەلتەرناتیڤی پەکەکە چییە..؟
زاگرۆس هیوا: پ.ك.ك تەڤگەرێكە كە لە سەر بنەمانی تواناكاری كادێر بونیاد نراوە. هەربۆیە شەهادەتی هەر كادێرێك خەسارەتێكی مەزنە. و پ.ك.ك. لەو رۆژەوە كە دامەزرێنراوە، تەنانەت لە پێش دامەزراندنیشەوە شەهیدی داوە و تا رۆژی ئەمڕۆ لەسەر بنەمای رەنج و تێكۆشانی شەهیدان مەزن بووە و گەشەی كردووە. لە ماوەی 42 ساڵ تێكۆشاندا زیاتر لە 40 هەزار شەهید هەیە. هەربۆیە رێبەر ئاپۆ دەڵێت كە پ.ك.ك. پارتی شەهیدانە. هێز و وزە و ئیرادەی خۆی لە شەهیدان وەردەگرێت. بێگومان ئەگەری شەهید بوون بۆ هەر كادێرێكی پ.ك.ك. هەیە. چۆنكە پ.ك.ك. لەبەرامبەر شاڵاوی كۆمەڵكوژی و داگیركاری دەوڵەتی توركیا تێكۆشانی مان و نەمان بەڕێوەدەبات. پ.ك.ك گرنگییەكی زۆر بە پەروەردەی كادێر دەدات. پەروەردەی كادێر لەسەر بنەمای درێژەپێدانە بە رێبازی شەهیدان، لە سەر بنەمای خاوەن دەركەوتنە لە رەنج و ئەمەك و هیوا و ئاواتەكانی شەهیدان. شەهادەتی هەر كادێرێك هەم بۆ گەل و هەم بۆ هەڤاڵانی جێگای داخە، بەڵام لە هەمانكاتدا سەرچاوەی ورە و بڕوا بە سەركەوتنە. لەبواری پراكتیكیشدا ئەو بۆشاییە بە مەزنتركردنی تێكۆشان و بە گەشەدان بە پەروەردە پڕ دەكرێتەوە.
" پێویستە بەرامبەر پیلانگێڕی دژی سەرۆک ئاپۆ ئەمەریکا داوای لێبوردن بکات "
پرسیار: وەک دەزانین ترامپ پەیوەندیەکی زۆر باشی لەگەڵ ئۆردوغان هەیە، پێدەچێت ئەگەر دەربچێتەوە، ئەمەریکا دۆسیەی هەموو کورد بخاتە ژێر دەستی ئۆردوغان، لای ئێوە کامیان بۆ سەرجەم گەلی کورد باشن هەڵبژاردن ببینەوە: دیموکراتەکان، یان کۆمارییەکان..؟
هیوا زاگرۆس: پەرەسەندنە سیاسییەكان كە لە سەر ئاستی جیهان بەڕێوەدەچن، كاریگەرییان لە سەر پرسی كورد هەیە. هەربۆیە پێویستە خوێندنەوەمان هەبێت بۆ هەر پەرەسەندنێكی سیاسی لە هەر شوێنێكی دونیا. بەڵام لە تێكۆشانی ئازادیخوازیدا، پێویستە پشت بە هێز و ئیرادەی خۆمان ببەستین. پشت ببەستین بە پەروەردەكردن و رێكخستنكردنی گەل. سەرچاوەی هێز بۆ گەلی كورد تەنیا ئەمەیە. گەلی كورد كاتێك ئازاد دەبێت كە بە شێوەیەكی رێكخراو و پەروەردەكراو، یەكێتی نەتەوەیی خۆی ساز بكات، بۆ بەدەست هێنانی مافی خۆی پەرە بە چالاكییەكانی بدات و لەبەرامبەر هێرش و داگیركاریدا، خۆی بپارێزێت.
سیاسەت لە ئەمەریكادا بە شێوەیەكی دامەزراوەیی بەڕێوەدەچێت. دامەزراوەكانی ئەمەریكا، بە شێوەیەكی دریّژخایەن سیاسەتی ئەمریكا دیاری دەكەن و سەرۆك كۆمار ئەم سیاسەتانە جێبەجێی دەكات. هەربۆیە سەرۆكێكی كۆماری یان دیموكرات لە بواری ستراتیژیدا گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ پێك ناهێنێت. بەڵام لە كاتی جێبەجێ كردنی سیاسەتەكاندا، لە شێوازی جێبەجێ كردنیاندا، لە كاردانەوەكان لە بەرامبەر رووداو و پێشهاتەكاندا، رۆڵی سەرۆك كۆمار گرنگە. ئەگەر دیموكراتەكان بەڕاستی دەیانەوێت لە چارەسەری كێشەی كورددا هەنگاوێك بهاوێژن، پێویستە سەرەتا داوای لێبووردن لە گەلی كورد بكەن. چۆنكە لە سەردەمی كلینتۆنی دیموكراتدا بوو كە رێبەر ئاپۆ لە پیلانگێڕییەكی دەزگای سیخوڕی CIA دەستگیركرا و رادەستی دەوڵەتی توركیا كرا. ئەوە بۆ 23 ساڵ دەچێت كە بە تەنیا لە ژوورێكی تاكەكەسیدا بەندكراوە و مافی ئەوەی پێنادەن كە نە پارێزەر و نە بنەماڵەش بیبینن. ئەگەر كۆماری یان دیموكرات دەیانەوێت گۆڕانكاری لە سیاسەتی كوردیدا بكەن. پێوانی ئەمە هەڵوێستی ئەوانە لە بەرامبەر ئیمرالی. ئایا دەیانەوێت ئەو تاوانە مێژووییەی خۆیان راست بكەنەوە؟ ئایا ئیرادەی ئەوە نیشان دەدەن كە گۆشەگیری سەر ئیمرالی هەڵبگرن. ئەمە نەك تەنیا پێوانێكە بۆ سیاسەتی ئەوان سەبارەت بە كورد، بەڵكۆ پێوانێكە بۆ پابەندبوونی ئەوان بە بەها ئەخلاقی و مرۆڤی و گەردوونییەكانەوە.
" دەوڵەتانی ئێراق و سوریا ئێدی لە دۆخی جاراندا نیین و ئەو هێزەیان نەماوە كە هێرش بكەنە سەر كورد. خاڵی سەرنج راكێش ئەوەیە كە توركیا لەم هەر دوو وڵاتەدا هێرش دەكات سەر كورد".
پرسیار: خوێندنەوەی ئێوە بۆ هاوکێشە هەرێمایەتییەکە چۆنە؟ هەستدەکەن رەنگە لە داهاتوودا بەتەواوی ستراتیژی تورکیا و ئێران و عێراق دژی ئێوە ببێتە یەک سیاسەت و ستراتیژ، ئەو دەمە ئێوە چی دەکەن؟ ناترسن وەکو زۆر بزووتنەوەی چەکداری تر چەند مەسەلەکەش رەوابێت، بەس رەنگە شکست بخوات..؟
زاگرۆس هیوا: كێشەی كورد كێشەیەكە بەرهەمی سیاسەتی ئەوروپایە. ئەوەی كوردستانی دابەش كردووە، كێشەیەك بەناو كێشەی كوردی هێناوەتە ئاراوە ئەوروپایە. لە كاتی ئێستاشدا سیستەمی داگیركاری و دابەشكردنی كوردستان سیستەمێكی نێودەوڵەتییە. دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان تەنیا بەشێك لەم سیستەمەن. بەڕێوەبەرانی سەرەكی ئەم سیستەمە ئەمەریكا و بریتانیا و ئیسرائیلن. ئەو هێزانەی كە نایانەوێت كێشەی كورد چارەسەر بكرێت، ئەم هێزانەن. رێبەر ئاپۆ لە بەر ئەوەی كە دەیەویست كێشەی كورد بە شێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكات، كەوتە بەر هێرش و پیلانگێڕی ئەم هێزانە. خۆڕاگری و شەڕی ئازادیخوازی گەلی كورد ئەم سیستەمەی تووشی كێشە كردووە. لە رای گشتی ئەوروپا و ئەمریكادا دۆزی كورد جێگایەكی گرنگی هەیە. ئەمەمان لە شەڕی كۆبانی و سەرێكانیدا بینیی. رای گشتی ئەوروپا و ئەمریكا پشتیوانی لە خۆڕاگری كورد كرد. ئەمە دەسكەوتێكی گرنگە و كەلێنی خستۆتە نێو سیستەمی داگیركاری. هەروەها دەوڵەتە داگیركەرەكانی سەر كوردستان وەكو جاران بەهێز نین. لە دەستووری ئێراقدا، زۆرینەی مافەكانی گەلی كورد دەستەبەر كراون. ئەو كێشەی ماوە كێشەی سیاسەتی دیموكراتییە. لە سووریا، سیستەمی نكۆڵی لە هەبوون و خۆبەڕێوەبەری كورد بەشێوەیەكی دیفاكتۆ هەڵوەشاوەتەوە. كورد توانی بە پێشكەشكردنی زیاتر لە ده هەزار شەهید، لە سەر بنەمای برایەتی لەگەڵ پێكهاتەكانی دی سوریا سیستەمێكی خۆبەڕێوەبەری بونیاد بنێت. دەتوانین بڵێین دەوڵەتانی ئێراق و سوریا ئێدی لە دۆخی جاراندا نیین و ئەو هێزەیان نەماوە كە هێرش بكەنە سەر كورد. خاڵی سەرنج راكێش ئەوەیە كە توركیا لەم هەر دوو وڵاتەدا هێرش دەكات سەر كورد. واتە بۆشایی دەسەڵاتی ئێراق و سوریا لە لایەن توركیاوە پڕ دەكرێتەوە. ئەوەی رێگای بە توركیا داوە كە هێرش بكاتە سەر باشوور و رۆژئاوای كوردستان، هەمان سیستەمی نێودەوڵەتی داگیركاری سەر كوردستانە. ئەوەی رێگەی دا بە توركیا هێرشی عەفرین و سەرێكانی و گری سپی بكات، ئەمریكایە. ئەوەی كە ئاسمانی ئێراقی بە رووی فڕوكەی سیخوڕی و شەڕكەری توركیا كردۆتەوە ئەمریكایە. كەواتە، سیستەمی نێو دەوڵەتی داگیركاری سەر كوردستان، هیچ بۆشاییەك قەبووڵ ناكات. ئەگەر دەوڵەتێكی نەتوانێت وەكو پێویست كورد سەركوت بكات، رێگە بە دەوڵەتی دراوسێ دەدرێت كە ئەم كارە بكات و هیچ دادگا و دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتی (نە نەتەوەیەكگرتووەكان، نە دادگای ئەوروپا و نە مافی مرۆڤ) دژایەتی ناكات. چۆنكە هەموو دامەزراوە نێو دەوڵەتییەكان لە ژێر كاریگەری ئەم سیستەمەدان. رۆڵیان تەنیا ئەوەیە كە كراسێكی شەرعییەت و فەرمییەت بكەنە بەر ئەم سیاسەتە كۆمەڵكوژی و داگیركارییانە. پارتی دیموكراتی كوردستان PDK بەشێكە لەم سیستەمە. لەگەڵ ئەو سیستەمەدا هاوئاهەنگە. هەركاتێك ئەو سیستەمە بیەوێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان سیاسەتێكی تایبەت پەیڕەو بكات، ئەوا بێ یەك و دوو قەبووڵی دەكات. هەربۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان چ تاوانێكیش بكات، چاوپۆشی لێدەكەن. ئەمجا ئەمە دەعوەتكردنی سەددام بێت بۆ هەولێر یان تەسلیم كردنی شەنگال بە داعش. سیستەمی نێودەوڵەتی لۆمەی ناكات.
هاوپەیمانێتییەكی بەو شێوەی كە باسی دەكەن ئەگەرێكی هەمیشەییە كە پێویستە كورد بە خەباتی پاراستنی و سیاسی و دیپلۆماسی هەوڵ بدات پوچەڵ و بێكاریگەری بكات. هەموو ئەو هێرشانەی كە دەكرێنە سەر كورد لە هەر چواربەشی كوردستاندا، لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتیەكی وەهادا پێك دێین. كۆبوونەوەی مانگی رابردووی ئێران و توركیا سەلمێنەری ئەم راستییەن. لێرەدا كورد دەتوانێت بە یەكێتی نەتەوەیی بەرەنگاری ئەم هاوپەیمانییە هەرێمییانە ببێتەوە. ئەمە تەنیا ڕێگا چارەی ستراتیژیكی كوردە.
" گروپە جیهادییە توندرەوەكان بەشێكن لە قووڵایی ستراتیژی توركیا و هاوپەیمانی ئایدیۆلۆژیك و سیاسی و سەربازی ئەردۆغانن"
پرسیار: تورکیا سەرۆکایەتی بزووتنەوە توندڕەوە ئیسلامییەکان لە ناوچەکەدا دەکات، کێ ئەم رۆڵەی پێدا، ستراتیژی چییە چۆن بەکاریان دەهێنێت، لەو باوەڕەدایت رۆژێک لەشەڕی باشووریش لە دژی ئێوە بەکاریان بهێنێت و لەناوچەکانی باشوور نیشتەجێێیان بکات..؟
زاگرۆس هیوا: گروپە جیهادییە توندرەوەكان بەشێكن لە قووڵایی ستراتیژی توركیا و هاوپەیمانی ئایدیۆلۆژیك و سیاسی و سەربازی ئەردۆغانن. توركیا بیەوێت لە هەر شوێنێك دەستێوەردان بكات، بە رێگای ئەم گروپانەوە دەیكات. لە كاتی دەسەڵاتی عوسمانیدا هێزێك هەبوو پێیان دەگوت Akıncıllar، ئەمانە هێزی تاڵان و كۆمەڵكوژی بوون لە پێشەوەی سوپای عوسمانیدا حەرەكەتیان دەكرد. داعش و نوسرە و هیات تحریر شام و هتد ئێستا هەمان رۆڵ بۆ توركیا دەگێڕن. توركیا لە رێگەی ئەم گروپانەوە لە ساڵی 2011وە شەڕی كورد دەكات. توركیا لە سێ بەشی كوردستاند ئەم هێزانە لە دژی گەلەكەمان بەكار هێناوە. لە باشووردا، لە رێگەی داعشەوە لە شەنگال و كەركووك و خانەقین و مەخموور هێرشی گەلی كوردی كرد. لە رۆژئاوای كوردستان لە رێگەی بەرەی نوسرە و داعشەوە لە سەرێكانی و كۆبانی و عەفرین هێرشی گەلی كوردی كرد. لە باكووری كوردستان لە رێگەی داعشەوە لە ئامەد و ئەنقەرە و مێرسین و سوروچ هێرشی HDP ی كرد و بە سەدان كەس شەهید كران. ئێستاش لە شەڕی خواكورك و حەفتانیندا چەتەكانی داعش بە بەرگی لەشكەری توركیاوە لە هەوڵی داگیركردنی باشووردان. ئەم خاڵە ئەگەر و شیمانە نییە، بەڵكو راستییەكی حاشاهەڵنەگرە. 10 ساڵە ئەم سیاسەتە پەیڕەو دەكرێت.