به‌ندكراوێكى سیاسى كورد لەرێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی دا

عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی کە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ڕاگیراوە و ڕۆژی یەکشەممە ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، لە ژووری تاکەکەسیی ئەو بەندیخانەیە لە ڕێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە و باری تەندروستی ناجێگیرە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەوی ڕابردوو عادڵ موکەڕەم بەندکراوی سیاسی ڕاگیراو لە بەندیخانەی ئورمیە کە دوای ئەوەی هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانە گوازرابوویەوە، لەڕێگای خواردنی وردە شووشە هەوڵی خۆکوشتنی داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ناو بەندیخانەی ئورمیە، عادڵ موکەڕەم شەوی ڕابردوو لە ژێر چاوەدێریی پزیشکیدا بووە، بەڵام کاتژمێر ٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە هۆی تێکچوونی باری تەندروستی بە مەبەستی نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی بەندیخانە گوازراوەتەوە.

 

عادڵ موکەڕەم  ڕۆژی یەکشەممە ٤ی تشرینی یەکەم بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین ١٠ مانگ ڕاگیرانی لە بەندیخانە بە بێ ئەوەی چارەنووسی یەکلایی بکرێتەوە، لێوەکانی دوورییەتەوە و مانی لە خواردن گرتبوو کە دوای ٣ ڕۆژ و بەڵێنی بەرپرسانی بەندیخانە لەسەر جێبەجێ کردنی داواکارییەانی، مانگرتنەکەی خۆی شکاندبوو.

عادڵ موکەڕەم تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی ئورمیە، کۆتایی مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە سنووری شاری خۆی لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە دیپۆرتی ئێران کراوەتەوە و بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ لە دەستبەسەری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لەژێر لێپرسینەوە بووە و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو خۆی و دواجار بۆ بەندیخانەی ئورمیە گوازراوەتەوە.
 
دانیشتنی دادگای عادڵ موکەڕەم مانگێک پێش ئێستا لە لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی دادوەر شەیخلوو بەڕێوەچوو و تۆمەتی ”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی و چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات“ خراوەتە پاڵ ناوبراو.
 
جێگای ئاماژەیە کە عادڵ موکەڕەم پێشتر ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە و سەرەتای هاوینی ساڵی (٢٠١٩) چووەتە وڵاتی تورکیا و داوای پەنابەری کردبوو.



PM:07:09:20/10/2020