رەوتی ئایندەی نیشتمان بە توندی ئیدانەی رەفتاری ئێستای دەسەڵات دەرهەق بە چالاکوان و رۆژنامەنوسان دەکات

ڕەوتی ئایندەی نیشتیمان (ڕەوا) لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی رفاندن و رەفتاری ئێستای دەسەڵات دەرهەق بە چالاکوان و رۆژنامەنوسان دەکات و ڕایدەگەیەنێت" لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بێباک و هەریسە ئاسایە رۆژانە مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ لە دەربرینی رای ئازاد و نارازی و خۆپیشاندان بە زەبروزەنگ و توند و تیژی میلیشیا و چەکدار و دەزگا کۆیلەکانی حزب و دەسەڵات پێشێل دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت". 


رەوتی ئایندەی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە دەکات" لە ئاکامی گرتنی نایاسایی و زیندانیکردنی مەزاجی حزبی و رفاندن و بێسەر و بەرکردن و سزای سیاسی و نان برین، رەفتاری ئێستای دەسەڵات دەرهەق بە چالاکوان و رۆژنامەنوسان و هەڵگرانی هزری ئازادی و گۆرانکاری و چاکسازی دور لە هەمو رێسا ویاسا و رەوشتی کۆمەڵایەتی رەسەن و بە بەرچاوی خێزان و خانەوادەکانیان ئاوێنەی ئەو ئەقڵیەتە چەقبەستو و تاکرەوییەی دەسەڵاتە". 

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەم هەڵمەتە رەشبگیرییەی ئێستا لە چەند دەڤەرێکی باشوری کوردستان، تایبەت بەخەستی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەنجام دەدرێت،  ئاماژەی بێ گومانن کە دەسەڵات لە نارازی و دەنگی ئازادی خەڵکۆ توقیوە و پەلەقاژەیەتی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری بەسەر ئیرادەی میللەتدا. 

 

هاوکات هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەوتی ئایندە بەتوندی ئیدانەی ئەم رەفتار و کارانەی دەسەڵات دەکات، داواش لە جەماوەر دەکات چیتر بێدەنگ نەبن و بەرگری لە مافە بنەرەتیەکانی خۆیان بکەن. هاوکاتیش رایدەگەنین کە ئەم کردارانەی دەسەڵاتی کوردی دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دەکرێت لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوان سكاڵا تۆمار بکرێت، چونکە پرسەکانی گرتنی نایاسایی و ئەشکەنجەدان و ونکردنی مرۆڤ بەهۆی بیرورای جیاوازەوە  بەشێکە لە ئەرکەکانی ئەو دادگایە.

 

دەقی راگەیەندراوی رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ): 

 

جەماوەری خۆراگری کوردستان،
ئازادیخواز و گۆرانخوازان،

لە کاتێکدا ئافاتی کۆڕۆنا رۆژانە دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە، قەیرانەکانی موچە و گوزەرانی هاوڵاتیانیان هەراسان کردوە و جەماوەری کوردستان بەدەست سیاسەتە چەوت و مەزاجیەکانی دەسەڵاتی هەرێمەوە دەناڵێنێت، دەبینین لە سایەی ئەم دەسەڵاتە بێباک و هەریسە ئاسایە رۆژانە مافە بنەرەتیەکانی مرۆڤ لە دەربرینی رای ئازاد و نارازی و خۆپیشاندان بە زەبروزەنگ و توند و تیژی میلیشیا و چەکدار و دەزگا کۆیلەکانی حزب و دەسەڵات پێشێل دەکرێن و سوکایەتیان پێدەکرێت. 

 

جەماوەری کوردستان ئازار و دەردەسەری زۆری چێشتوە لە ئاکامی گرتنی نایاسایی و زیندانیکردنی مەزاجی حزبی و رفاندن و بێسەر و بەرکردن و سزای سیاسی و نان برین، رەفتاری ئێستای دەسەڵات دەرهەق بە چالاکوان و رۆژنامەنوسان و هەڵگرانی هزری ئازادی و گۆرانکاری و چاکسازی دور لە هەمو رێسا ویاسا و رەوشتی کۆمەڵایەتی رەسەن و بە بەرچاوی خێزان و خانەوادەکانیان ئاوێنەی ئەو ئەقڵیەتە چەقبەستو و تاکرەوییەی دەسەڵاتە.   

 

ئەم هەڵمەتە رەشبگیرییەی ئێستا لە چەند دەڤەرێکی باشوری کوردستان، تایبەت بەخەستی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەنجام دەدرێت،  ئاماژەی بێ گومانن کە دەسەڵات لە نارازی و دەنگی ئازادی خەڵکۆ توقیوە و پەلەقاژەیەتی بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتی خۆسەپێنەری بەسەر ئیرادەی میللەتدا. 

 

سێ کوچکەی گەندەڵی و ستەمکاری دەسەڵاتی هەرێم بێباکانە و بێ شەرمکردن درێژە بەم دۆخە دەدەن، هەرچی بکەن و بڵێن ناتوانن نە لە ئێستا و نە لە ئایندەشدا خۆیان لەم تاوانە سەختانە بێبەری بکەن و خۆیان لە بەرپرسیاریەتی ئەمجۆرە سیاسەت و رەفتارانە بێبەری بکەن.
 
جەماوەری ئازادیخواز و بەئەمەکی کوردستان، رەوتی ئایندەی نیشتمان نەک تەنها بەتوندی ئیدانەی ئەم رەفتار و کارانەی دەسەڵات دەکات، هاوکاتیش داوا لە جەماوەری خۆراگر دەکات چیتر بێدەنگ نەبن و بەرگری لە مافە بنەرەتیەکانی خۆیان بکەن. هاوکاتیش رایدەگەنین کە ئەم کردارانەی دەسەڵاتی کوردی دەچێتە چوارچێوەی تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و دەکرێت لە دادگای نێودەوڵەتی بۆ تاوان سكاڵا تۆمار بکرێت، چونکە پرسەکانی گرتنی نایاسایی و ئەشکەنجەدان و ونکردنی مرۆڤ بەهۆی بیرورای جیاوازەوە  بەشێکە لە ئەرکەکانی ئەو دادگایە.

 

بۆیە تا کار نەگاتە ئەو ئاستە، دەبێت دەسەڵاتی هەرێم داوای لێبوردن لە قوربانیانی ئەم رەفتارانە بکات، بەڵێن بە دوبارەنەکردنەویان بدات، قەرەبوی سەرجەم زیانلێکەوتوەکان بکات و رێگا بدات لیژنەیەکی نێودەوڵەتی لە رێکخراوی رۆژنامەگەری جیهان، رێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، کۆمسیۆنی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشی مافەکانی مرۆڤ لە یەکێتی و پەرڵەمانی ئەوروپا لێكۆڵینەوەیەکی دروست لەو روداوانە بکەن و تاوانباران سزای یاسایی بدرێن.


رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا )
٢٣ ئۆکتۆبەر ٢٠٢٠



PM:11:22:23/10/2020