لەسەر روداوەكەی ئەمڕۆی هەولێر وەزارەتی پێشمەرگە هاتە دەنگ

وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی روداوەكەی ئەمڕۆی بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگەوە هاتە دەنگ و رایدەگەیەنێت" بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین". 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە کۆپیەکی بۆ ماڵپەڕی (سپی)  نێردراوە، تێیدا هاتووە" بەڕێزان کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان نیگەرانین لەو رووداوە نەخوازراوەی کە ئەمڕۆ ۱۱-۱۱-۲۰۲۰ ی بەردەم نەخۆشخانەی پێشمەرگە، لەشاری هەولێر روویدا، لەگەڵ رێزو پێزانینمان بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و مرۆییەکان کە هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری باشی وەزارەت و هێزەکانی پێشمەرگەن. دیارە، ئەمڕۆش رێکخراوێکی خێرخوازی جیهانی، لەپڕۆژەیەکدا بڕیاریدا بە دابەشکردنی کۆمەڵێک کەل و پەلی وەک هاوکاری پێشکەش بەکەس و کارو وارسی شەهیدانی شەڕی دژ بەداعش. تیایدا جۆر و قەبارەی کەرەستەکان گلەیی و نیگەرانی کەس وکاری سەربەرزی شەهیدانی لێکەوتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، نیگەرانی ئەو رووداوەین، شەهیدان وکەسوکاری بەڕێزیان شایستەی زۆر لەوە زیاترن و تاجی سەرمانن، بەئەرکی خۆمانی دەزانین، بەهەموو جۆرێک و بەباشترین شێوە خزمەتی وارسی شەهیدان بکەین.

 

ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی پێشمەرگەی هەولێر، بەناوی دابەشکردنی هاوکارییەوە نەعل و دایبی منداڵان  و جلی کۆن بەسەر کەسوکاری پێشمەرگە شەهیدەکانی شەڕی داعشدا دابەشکرا.



PM:03:01:11/11/2020