پارتی هێز دەجوڵێنێت بەرەو ناوچەی سیدەکان

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی تشرینی دووەم پارتی هێزێکی زرێپۆشی جوڵاند بەرەو ناوچەی سیدەکان، مەترسی ئەوە هەیە کە شەڕ لەگەڵ پەکەکە ‌هەڵگیرسێت.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە دەست (سپی) کەوتووە، ئەمڕۆ پارتی هێزێکی زرێپۆشی جوڵاندووە بەرەو ناوچەی سیدەکان، کە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەش لەژێر دەسەڵاتی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانە. 

 

ئەم جوڵانەش دوای ئەوە دێت ماوەیەکە بارگرژی باڵی کێشاوە بەسەر پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و پەکەکەدا.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردوودا گرژییەکانی پارتی و پەکەکە پەرەی سەند و لە ڕۆژی ٤ی تشرینی دووەم لە چەمانکێ گەیشتە گرژیی سەربازی و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەک گیانیلەدەستدا و دوو پێشمەرگەی دیکەش بریندرابوون.  

لای خۆشیەوە مەسعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتیی کوردستان کرد و ڕایگەیاند" مێژوو شاهیدی ئەوەمان بۆ دەدات و شانازی دەکەین کە شەڕی کورد و کوردمان حەرام کردووە، چونکە گەلی كوردستان و هەموو لایەکمان زەرەری زۆرمان لە شەڕ و ناتەبایی بینیوە". 



PM:08:27:23/11/2020