حامیدی حاجی غالی سزادانی مەلا بەختیار و ڕێواز و قوباد بڕیارێکی بوێرانە بوو

حامیدی حاجی غالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی کە لەنەوە کۆنەکەی یەکێتییە، سزادانی مەلا بەختیار و د. رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە بڕیارێکی بوێرانە ناوزەد دەکات.



لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، حامیدی حاجی غالی، دەڵێت"وەزعی خەڵک باش نییە، بێ موچەیی نەهامەتیە بۆ خەڵک، حیزبەکان تەنها تاوانیان ئەوەیە کە ڕاناپەڕن، ڕاپەڕینیش زۆر دەکەوێت لەسەر حیزبەکان، چونکە ئەم هەرێمە دەرئەنجامی هەزاران شەهید و پەنجا ساڵ خەبات و دەردەسەریە، گەر حیزبەکان قیادەی خەڵک بکەن و ڕاپەڕن، دەترسن حکومەتەکە و هەرێمەکە بڕوخێنن و خراپ لەسەریان بکەوێت، بۆیە پەندێکی کوردی هەیە، دەڵێت: جام کەپڕبوو، لێی دەڕژێ، دیارە هێشتا جامەکە پڕ نەبووە."

 

بێ تاوان پیشاندانی حیزبەکان لەلایەن بەرپرسەکەی یەکێتیەوە، لەکاتێکدایە حیزبەکان حکومەتی هەرێمیان پێکهێناوە، لەو وەڵامدا حامیدی حاجی غالی، وتی"حیزبەکان حکومەتیان پێکنەهێناوە، بۆ نموونە یەکێتی و گۆڕان لەحکومەتدان، بەهەردووکیان و وردە حیزبەکانی سەربە پارتیش، بەقەد دوو وەزیری پارتیان بەدەست نیە، ئەو وەزارەتانەش کە پێیاندراون، ئەو وەزارەتانە نین بڕیاریان تێدا جێبەجێ بکرێت، پارتی هەمووشتی پاوان کردووە، ئیتر ئەمە بیانوو گرتنە بە گۆڕانی قوڕبەسەر و کۆمەڵ و ئەوانیتر."

 

 
وتیشی"یەکێتی لە تاواندا پشکی لە حیزبەکانی تر زیاترە، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم بەرپرسە، چونکە سەرۆکی هەرێم و حکومەت و زۆرینەی پەرلەمانیشە، چی بوێت دەیکات، دەبێت ئارام بگرین، بزانین وەزعەکە بۆ کوێ دەڕوات، تا پارتی بە ئاگا دێتەوە و واز لەو غروریەتە دێنێ."

 

ڕەخنەگرتنی مەکتەب سیاسیەکەی یەکێتی لەحکومەت، لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانی نوێنەری یەکێتی جێگری سەرۆکی حکومەتە، بەڵام حامیدی حاجی غالی، دەڵێت"جێگری حکومەتە، بەڵام سەرۆکی حکومەت سەفەرێکی 10 ڕۆژی بۆ ئەوروپا کردووە، بچوکترین دەسەڵاتی پێنەداوە، تا ئیشەکان بکات." 

 

 
لە کۆتایی قسەکانیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، حامیدی حاجی غالی ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حیزبەکەی بە بردنی داهاتی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان و چنینەوەی داهاتی سنوری سلێمانی بۆ یەکیتی و بێبەشکردنی خەڵک لێی، وتی"یەکێتی شەریکی پارتیە، کە پارتی تۆمەتبارەکەم، یەکێتیشی تیایە و بێ تاوان نییە، بەڵام قەبارەی تاوانەکەی وەکو پارتی نییە."

 


AM:12:20:25/11/2020