ته‌ندروستی هه‌ولێر له‌سه‌ر هێرشكردنه‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی ڕزگاری زانیاری ورد ئاشکرا دەکات

تەندروستی هەولێر لەسەر هێرشەکەی ڕۆژت ٢ی کانوونی یەکەم بۆ سەر نەخۆشخانەی ڕزگاری ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" سه‌رجه‌م ئه‌و كه‌سانه‌ی هێرشیانكرده‌ سه‌ر نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری به‌هۆی كۆچی دوایی هاوڵاتیه‌كی ته‌مه‌ن ٨١ ساڵه‌وه‌ ده‌ستگیركران كه‌ كوڕی كۆچكردوه‌كه‌ بوون".

نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" دوای بەدوای ئەوەی کە نەخۆشێک بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ خەوێندرابو لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە تەمەنی(٨١) ساڵ بو و باری تەندروستی ناجێگیربو بەهۆی توشبونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا، ڕۆژی سێشەممە کاتژمێر (٣) بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بە داخەوە گیانی سپارد."

ئەوەشی خستۆتەڕوو، پاش ئەوەی لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە ئەوپەڕی توانای خۆیان دەبەخشنە توشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە، لە بڕی ئەوەی کەسوکار و هاوەڵی نەخۆش سوپاسگوزاری ستافی تەندروستی بن بە هەڵسوکەوتێکی دور لەبەهای ڕێزگرتن ئەرکی پیرۆزی کاری پزیشکی، هەڵسان بە ئەنجامدانی پشێوی و هەڵکوتانە سەر ستافی تەندروستی و شکاندنی کەلوپەل و ئەمبوڵانس لەنێو نەخۆشخانەو کە ئەنجامدەرانی کارەکە کەسوکاری کۆچکردو بون.

وتیشی" دوای ڕوداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕێگەی بەشی یاسایی سکاڵای لەسەر ئەو کەسانە تۆمارکرد کە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەها پیرۆزەکانی نەخۆشخانەو دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچون  بەبڕیاری دادوەر ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیرکران بەمادەی (٤٧٧) لەیاسای سزادانی عێراقی کە کوڕی کۆچکردون". 

ئاماژەی بەوەشداوە كە" هاونیشتیمانیان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان تا دەگاتە فەرمانبەران خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە توشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن و کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسەو گیانیان سپاردوە کە لە ئێستا ژماریان گەیشتۆتە (٣٦) ستاف لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر". 



AM:09:01:04/12/2020