پەیمان عێزەدین چۆنێتی دەستگیرکردنی بۆ ماڵپەڕی " سپی " دەگێڕێتەوە

پەیمان عیزەدین کەسایەتی سەربەخۆ و پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، باسی دەستگیرکردنی خۆی و هاوڕێکانی و مانەوەی بۆ ١٢ کاتژمێر بە دەستەبەسەری دەکات.

 


لە لێدوانێکی تایبەتەدا، پەیمان عیزەدین کە یەکێک بوو لە گرووپی " نوێنەری دەنگە ناڕازییەکان" کە رێکخەرانی خۆپیشاندانەکەی دوێنێ هەینی بەردەم بینایەی پارێزگای سلێمانی بوون، بە ماڵپەڕی، سپی راگەیاند" دوێنێ ئێمە بەر لە وادەی خۆپیشاندانەکە چووینە بەردەم بینایەی پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی لای خەڵک وا نەكەوێتەوە كە لەبەر بڵاوەپێكردنی ئەو هەموو هیزە ئێمە پاشگەزبووینەتەوە لە خۆپیشاندانەكە".

 


ئەو باسی لەوەكرد كە پاش ماوەیەكی كەم هێزیكی دەمامكداری جل رەش هاتوونەتە سەریان و گەمارۆیان داون بە مەبەستی دەستگیركردنی عەبدوڵای مەلا نوری و شیركۆ حمە ئەمین کە هەردووکیان پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان بوون، وتی "لەو پەلامارەی ئەواندا داری كارەباییان بەكارهێناو، عەبدوڵای مەلا نوری و شیركۆ حمە ئەمینیان دەستگیركرد و لە ئێمەیان دوورخستنەوە".

 

 
لە دریژەی گێڕانەوەی رووداوی دەستگیركردنەكەیدا، پەیمان وتی " لە چەند ساتیكی كەمدا هەموومانیان دەستگیركرد كە رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە و چەند كەسی دیكە بوون كە بۆ پالپشتی ئێمە هاتبوون".

 

بەپێی زانیاریەكانی "سپی" لە خۆپیشاندانەكەی ناو شاری سلێمانیدا زیاتر لە پەنجا كەس دەستگیركراون، كە سەرجەمیان بەبێ بریاری دادوەر دەستگیركراوون.

 


پاش دەستگیركردنیان زۆریەك لە دەستگیركراوەكان گوازراونەتەوە بۆ فەوجی سێی لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی كە سەربازگەكەیان لە كانی گۆمەیە (باشووری رۆژئاوای سلێمانی)، وەك پەیمان عیزەدین دەڵێت.




دەربارەی ئەو مامەڵەیەی لەو سەربازگەیە بەرامبەریان گیراوەتەبەر، پەرلەمانتارەكەی پێشووی گۆڕان وتی "وێنەیان گرتووین و پەنجەمۆریان پێكردووین".

 


دوای دوو كاتژمیر دەستگیركراوەكان دەگوازرینەوە بۆ فەرماندەی هێزەکانی یەكەی ٧٠ كە دەكەویتە رۆژئاوای شاری سلێمانی، پەیمان بەو پێیەی تاكە ژنی ناو دەستگیراوەكان بووە لە ژووری ئەفسەری ئەو سەربازەگەیە دەستبەسەربووە، وەك خۆی باسی دەكات دواتر گوازراوەتەوە بۆ فەوجی ژنان كە سەربازگەكەیان لەناو فەرماندەیی هێزەکانی حەفتادایە.

 


وەك پەیمان عیزەدین ئاماژەی بۆ دەكات تا كاتژمێر دووی شەو لەو سەربازگەیە ماوەتەوە و دواتر پێیان راگەیاندووە كە خۆی ئامادە بكات دەیگوازنەوە، پاش ماوەیەك بە ئۆتۆمبیلیك هێنراوەتە دەرەوەی سەربازگە و دواتر هەر بە ئۆتۆمبیلیكی هێزە ئەمنیەكان گەیەنراوەتەوە ماڵی خۆیان.




پەیمان عیزەدین لەكاتیكدا داوای ئازادكردنی هاورێكانی دەكات کە تا ئێستا لە زیندان هێڵراونەتەوە، جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە ئەوان لە بەرنامەیاندا بووە خۆپیشاندانێكی هێمن و ئاشتیانە ئەنجام بدەن، رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە خەككی ناسراو بێت، بەڵام ئەوان هەر لە یەكەم ساتەكانی خۆپیشاندانەكەدا رووبەرووی دەستگیركردن و سەركوتكردن بوونەوە.

 


پەیمان عێزەدین پێیوایە تا گەندەڵی و ناعەدالەتی و سەركوتكردن و بەرتەسككردنەوەی ئازادیەكان بەردەوامبێت و هێزە ئەمنیەكان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەل خۆپیشاندانەكاندا بكەن، زنجیرەی توندوتیژیەكان بەردەوام دەبێت.

 


PM:02:32:12/12/2020