په‌رله‌مانتارانی مانگرتوو به‌چه‌ند مه‌رجێك كۆتاییان به‌مانگرتنه‌كه‌یان هێنا

پەڕلەمانتارانی مانگرتوو ڕایدەگەیەنن" سەرۆكی پەڕلەمان بەڵێنی داوە دانیشتن بكرێت، بۆیە دوای ٥ ڕۆژ لەمانگرتن ئەمڕۆ كۆتایی بەمانگرتن دەهێنن". 

 

ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەندامی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و یەکێک لە پەرلەمانتارە مانگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" نزیكەی ٥ ڕۆژ كە ١٠٠كاتژمێرە مانگرتنمان لەپەڕلەمان ڕاگەیاند، كە مەبەستمان پشتیوانی خۆپیشاندانەكان بوو، ئامانجێكی تر هەڵوێست بوو بەرامبەر دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمان كە ١٢ كەس شەهیدبوون و دەیان بریندار و دەستگیركراو هەیە ناكرێت پەڕلەمان بەپاساوی دروست بوونی پشێوی نێوهۆڵ بێدەنگ بێت، بەداخەوە پەڕلەمان تەنها تەماشاكەربوو و ئۆباڵەكەشی لەئەستۆی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانە، چونكە ئەنجام نەدانی كۆبوونەوە هیچ پاساوێك لەخۆ ناگرێت، ئامانجیشمان فشاربوو بۆ حكومەت تاوەكو بەخێرایی ڕێككەوتن بكەن". 

 

هەڵەدنی وتیشی" سەرۆكی پەڕلەمان سەردانی گروپی پەڕلەمانتارانی مانگرتووی كرد، گلەییەكانی خۆمان گەیاند كە دەبێ دانیشتن بكرێت و لیژنەی ناوخۆ و مافی مرۆڤیش ڕاسپێردرێن تاوەكو ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەبكەن لەسەر خۆپیشاندانەكان و پەڕلەمان كۆببێتەوە، سەرۆكی پەڕلەمان بەڵێنی داوە ئەوە بكات، بۆیە لەسەر ئەو بنەمایە مانگرتن كۆتایی پێدێنین، ئومێد دەكەین پەڕلەمان بەئەركی خۆی هەڵبستێت". 

ڕاشیگەیاند" گروپەكەمان هەرماوە، بەڵام هەندێكیان نەخۆش كەوتوون، بۆیە لێرەنین، سەرۆكی پەڕلەمان ڕایگەیاندووە یاداشتەكان ڕەوانەی حكومەت دەكەن بۆ بەشداری لەكۆبوونەوە لەسەر ئەو دۆخە، یاداشتی تایبەت بەسەرۆكی هەرێم لەبارەی گرێبەستی ٥٠ ساڵە، یاداشتی سێیەم تایبەت بەكۆبوونەوەی پەڕلەمان، ٢٩ ئیمزامان كۆكردۆتەوە ٨ ئیمزا ماوە لەوەش بەردەوام دەبین، ئامانجەكانمان لەمانگرتن لە١٠٠٪ نەپێكاوە، بەڵكو لە٦٠٪ بووە، بەڵام بووبەهۆی سەرۆكی پەڕلەمان بێت بەڵێن بدات لیژنەكان ڕاسپێردرێن كاربكەن بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرت، بەڵام ئومێدەوارین گوشارەكانمان گوشاری تری بەدوادابێت و پەڕلەمان لەم دۆخە بێتە دەرەوە. 

ناوبراو دەشڵێت" لەگەڵ هەموو خۆپیشاندانێكن و هیچ خۆپیشاندانێك بێ تووندوتیژی نابێت، لێرەدەبێ پرسیار بكرێت بۆ گەنج پەنا بۆ تووندوتیژی دەبات وەك سوتاندن، هۆكارەكە پەیوەندی بەدەسەڵاتە و گوێ ناگرێت، كە حیسابی بۆ گەنجان و دەرچووان نەكردوە، پێشتریش گوێ لەخۆپیشاندانی مەدەنیانە نەگیراوە". 



PM:05:00:13/12/2020