ئێن ئاڕ تی لەبارەی دەسبەسەراگرتنی کەناڵەکەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

کەناڵی ئێن ئاڕ تی لەبارەی دەسبەسەراگرتنی کەناڵەکەی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت" ماوەی ١٠ رۆژە هێزەچەکدارەکانی حکومەت و یەکێتی بینای سەرەکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داگیرکردووە و پەخشی کەناڵەکەیان راگرتووە و زیانی یەک ملیۆن دۆلاریان لە کەناڵەکە داوە".

 

ئێن ئاڕ تی لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە رێکخراوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی بواری ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەنوسی دەکات فشار لە حکومەتی هەرێم و هێزەچەکدارەکانی بکەن، بینای سەرەکی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی چۆڵ بکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" ماوەی ١٠ رۆژە هێزەچەکدارەکانی حکومەت و یەکێتی بینای سەرەکی کەناڵی ئێن ئاڕ تییان داگیرکردووە و پەخشی کەناڵەکەیان راگرتووە و زیانی یەک ملیۆن دۆلاریان لە کەناڵەکە داوە، بە شکاندنی ئامێرەکانی پەخش و تاڵانکردنی بەشێکی زۆرییەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هەرچەند بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیریی بۆ راگرتنی ئێن ئاڕ تی پشتی نەبەستووە بە هیچ بڕیارێکی دادگا و یاسای کاری رۆژنامەنوسی، بەڵام لەوەشدا باس لە داگیرکردنی بینا و شکاندن و تاڵانکردنی ئامێرەکانی پەخش نەکراوە.

جەختیشکردۆتەوە، ئێن ئاڕ تی داوای یاسایی لەسەر ئەو لایەن و کەسانە تۆمارکردووە، کە بەرپرسیارن لە تاڵانکردن و شکاندنی ئامێرەکانی پەخش و زیان گەیاندن بە کەناڵەکە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کەناڵی ئێن ئاڕتی باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا پێویستە لەسەر ئەو هێزە چەکدارانە بینای سەرەکی کەناڵەکە چۆڵ بکەن و رێگە بە لیژنەکانی لێکۆڵینەوەی دادوەری بدەن بۆ هەڵسەنگاندن زیانەکان و تاڵانکارییەکان و تۆمارکردنی بەشێوەیەکی فەرمی، ئەوەی یەکێتی و وەزارەتی رۆشنبیری بەرامبەر ئێن ئاڕ تی کردوویانە، پێشێلکردنی ئاشکرا و زەقی ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنوسییە لە هەرێمی کوردستان.



PM:08:56:16/12/2020