رێکخراوی بەدیل پانێڵێک لەسەر میدیاو ئاسایش سازدەکات

رێکخراوی بەدیل بۆ دیبەیت بە پاڵپشتی سندوقی نیشتیمانی بۆ دیموکراسی ئەمریکی (NED)، رۆژی 4 شەممە، بەرواری 23ی کانونی یەکەمی ساڵی 2020، کاتژمێر 2ی پاش نیوەڕۆ، لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا پانێڵێکی بە ناونیشانی (میدیا و ئاسایش) بە میوانداریی هەر یەکە لە بەڕێزان د. سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ. ئەنوەر حسێن، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنوسان. شوان محەمەد، سەرنووسەری سپی میدیا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەشداربوان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هۆڵی هۆتێل تایتانیک سازکرد. 

سەرەتا، ئارام سەعید، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی بەدیل بۆ دیبەیت باسی لەوە کرد کە، لە هەرێمی کوردستان بۆشاییەکی گەورە هەیە لە نێوان هاوڵاتیان و بەرپرسانی حکومەت، وپاشەکشێکردنێکی تەواو هەیە لە دۆزی دیموکراسیدا، وتا ئیستا هیچ شوێنیک نییە تیایدا هاوڵاتیان راستەوخۆ پرسیارەکانیان لە نوێنەرەکانیان بکەن. ئەم هەوڵەی ئێمەش بۆ دروستکردنی ئەو نەریتەیە کە کۆبوونەوەی کراوەی بەردەوامی نێوان هاوڵاتیان و بەرپرسان هەبێت و لەو رێگەیەوە کەشێکی گونجاو بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی بەشداربێت لە بریاری سیاسیدا و هەست بە ئارامی بکات. 

وتیشی: ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیە کە چاودێری حکومەت بکەن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا و یەکێک لە ئامانجەکانمان کە ئەم پرۆژەیەی لەسەر دامەزراوە بریتیە لە داهێنان و بەکلتورکردنی تاونهۆڵ یان گفتوگۆی کراوە بۆ بەرپرسانی حکومەتی خۆجێی وهاوڵاتیان بەشێوەی وەرزی وبەردەوام. کە بەخۆشحاڵییەوە سندوقی نیشتمانی بۆ پەرپیدانی دیموکراسی NED پاڵپشتی دەکات.

 

 

ئەنوەر حسێن لە سەندیکای رۆژنامەنوسان لە پانێڵەکەدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە بۆ ئەوەی بزانین چ لایەنێک زیاترین پێشێلکاریی دەکات بەرامبەر رۆژنامەنوسان دەبێت بزانین ئەو لایەنە سەر بە کوێیە لە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش، بەڵام بەپێی بەدواداچوونەکانمان ئەو هێزانەی کە زۆرترین پێشێلکاریی دەکەن لە بەرامبەر رۆژنامەنوسان، ناسنامەیان دیار نییە کە ئەمە بۆ ئێمە گرفتە. 

 

ئەوەشی خستەڕوو کە هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە دەکرێت لە بەرامبەر رۆژنامەنوسان نایاساییە بە پێی یاساکانی رۆژنامەوانی و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی کە لە بەرامبەر رۆژنامەوانان ئەنجام دەدرێت لەسەر شەقام، حکومەت و دەسەڵات لێی بەرپرسە، وهیچ کام لە دەزگا حکومییەکانیش سەرکەوتوو نەبوون لە رێگرتن لەو پێشێلکارییانەی کە دەرهەق بە رۆژنامەنوسان دەكرێن. 

 

لە کۆتایی وتەکانیدا رایگەیاند کە چەند پێشێلکاری و سووکایەتیکردن بە رۆژنامەنوس و داخستنی کەناڵی راگەیاندن و فشارەکان لەسەر ئازادی میدیا زۆرتر بێت، ئەوەندە زیاتر دیموکراسی پاشەکشە دەکات.

 

هەر لە پانێڵەکەدا شوان محەمەد، رۆژنامەنوسی سەربەخۆ رایگەیاند: ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا روو دەدات لە دەستدرێژییکردن بۆ سەر رۆژنامەنوسان و کەناڵ داخستن، بەرەنجامی دۆخێکی ناسروشتی و ناتەندروستە کە لە کوردستاندا گوزەر دەکات و بەشێکی پەیوەندی هەیە بە سروشتی ئەم دەسەڵاتەوە کە سروشتێکی بنەماڵەیی ئەمنییە، ئەمەش خاڵێکە کە دەبێت هەروا بە ڕووکەش لەسەری نەوەستین، بەڵکو بزانین لە پشتی ئەمەوە چیی هەیە؟ لە سروشتی دەسەڵاتێکی لەم جۆرەدا هیچ زامنییەک نییە بۆ ئەوەی دەستکاری بنەماکانی یاسای رۆژنامەوانی بکەین، وتیشی: "ئەوەی کە لە کوردستاندا روو دەدات لە ناو سیستمی سیاسیدا، پاشەکشێیە، و ناکرێت دادگا و داواکاری گشتیی بێدەنگ بن لە بەرامبەر ئەو هەموو پێشێلکارییانەی کە لە بەرامبەر رۆژنامەوانان و چالاکوانان دەکرێت، خاڵێکی تر ئەوەیە کە وەزارەتی رۆشنبیری لە ئێستادا بووەتە سەرکوتکاری ئازادیی رۆژنامەوانی و خۆپیشاندان و ئەو چالاکییانەی کە پەیوەندییان بە پێشکەوتنی کۆمەڵگاوە هەیە. 

 

بەکوردی و بە کورتی ئەمەوێ بڵێم، ئێمە لە پاشەکشەداین، زەمینەی کاری رۆژنامەنوسی لە کوردستاندا زۆر خراپە و بەرەو خراپتر دەڕوات و هیچ زەمینەسازییەکیش نەکراوە بۆ پیادەکردنی یاساکانی رۆژنامەنوسی کوردستان لە دادگاکانەوە تا دەگات بە بەرپرسە ئەمنییەکان و ئەوانی تر، هەروەک هەق نییە هێزە یاساییەکانی پۆلیس و چالاکییە مەدەنییەکان رێبدەن هیچ هێزێکی نەناسراوو دەمامکدار رێوشوێن لە بەرامبەر رۆژنامەنوسان بگرنەبەر".

 

بەشێکی تری پانێڵەکە تەرخانکرا بۆ د. سامان فەوزی، مامۆستای زانکۆ و لە میانی وتەکانیدا ئاماژەیکرد بە یاساکانی رۆژنامەوانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانە یاسای چاپەمەنی هەرێمی کوردستان ژمارە 10ی ساڵی 1993 لەو یاسایەدا دەڵێت: "سزادانی سەرنوسەر و خاوەن ئیمتیاز، سزای رۆژنامەکە ناگرێتەوە"، د. سامان وتی: "فەلسەفەی ئەم یاسایە لەوەدایە کە لە رۆژنامەیەکدا یان کەناڵێکدا دەیان و سەدان بابەتی جیاواز بڵاو دەکرێتەوە کە رەنگە بابەتێک یان چەند خولەکێک لەو کەناڵە بابەتێکی سەرپێچی تیادا بێت، كه دەبێت بە پێی ماوەی سەرپێچییەکەی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک بێبەش کردنی خوێنەر وبینەر لە دەیان بابەتی تر کە لەو رۆژنامەیە یان لەو کەناڵەوە بڵاو دەکرێتەوە و هیچ سەرپێچییەکی تیادا نییە، هەروەها  یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 بەناوی "یاسای رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان" کە بڕگەی پێنجی مادەی دووی یاساكه بە روونی پێمان دەڵێت: رۆژنامە داناخرێت و قەدەغە ناکرێت و دەستی بەسەردا ناگیرێت، بۆیە باشتر وایە دادوەرەکان ئەم یاسایە بەو جۆرە جێبەجێ بکەن کە هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن بگرێتەوە، بۆیە هیچ یاسایەک نییە لە هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووبێت کە رێگە بەداخستنی کەناڵێک بدات. 

 

وتیشی: "ماوەیەکی زۆرە بانگەشەی ئەوە دەکەین بۆ پەرلەمانتارانی کوردستان کە ئەگەر یاسای رۆژنامەنوسی هەموار نەکرێتەوە، پێویستە یاسایەک دەربچێت بۆ رێکخستنی لایەنە جیاوازەکانی وەک تەلەفزیۆن و رایدیۆ و ئەو لایەنانەی کە یاسای رۆژنامەنوسی باسی نەکردووە. 

 

لە ئێستاشدا کە یاسای رۆژنامەنوسی هەموار نەکراوەتەوە، تەئکید لەوە دەکاتەوە کە داخستن و دەست بەسەردا گرتنی کەناڵی راگەیاندن پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری و عورفی وڵاتە پێشکەوتووەکانە لە مامەڵەکردن لەگەڵ دەزگاکانی راگەیاندن". 

 

لە کۆتاییدا باسی لەوەش کرد کە رایەک هەیە پێی وایە تەنانەت سکاڵا بەرزکردنەوە لەسەر رۆژنامەنوس کارێکی هەڵەیە، "لە کاتێکدا ئەمە رێگا راستەکەیە و دەبێت رێگا بەوە بدرێت کە لایەنەکان سکاڵا بەرز بکەنەوە بەو یاسایانە و رێگای دادگا بگرنە بەر نەک پەنا ببەنە بەر تۆڵە سەندنەوە لە دەرەوەی دادگاکان، وئەگەر پێمان وایە یاساکان کەم و کوڕیان تیادایە با کەمپینی لەسەر بکەین و هەوڵ بدەین باشتریان بکەین و بیانگۆڕین و هەمواریان بکەینەوە، نەک لێیان هەڵبگەڕێینەوە".



PM:08:15:30/12/2020