کاتی دابەشکردنی مووچەی مووچە خۆرانی هەرێم دیاردەکرێت

بڕیارە سبەینێ پێنج شەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە، هاوکات بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە دەست بە دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بکرێت. 

 

بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، سبه‌ی‌ ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ به‌ سه‌رپه‌رشتی‌ مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆكی ئەنجوومەنی وه‌زیرانی‌ هەرێمی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی‌ وه‌زیران كۆده‌بێته‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا تاوتوێی‌ چه‌ند پرسێكی‌ پەیوه‌ست به‌ هه‌رێمی‌ كوردستان دەکرێ، هەروەها تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە لەبارەی ئەو ئامادەکاریەیە کەلەلایەن دارایی هەرێم لە کۆبوونەوەی پێشوو باس کرا تایبەت بە ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢١ی هەرێمی کوردستان دەبێت.

 

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی کەدەست ماڵپەڕی (سپی) کەوتووە، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەست بەدابەشکردنی موچەی مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ دەکات.  

 

ڕۆژی ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد و تێیدا مووچە و خانەنشینی ١٠ هەزار و ٦٠٩ مووچەخۆری راگرت. 

 

جێی ئاماژەیە هەر ئەمڕۆ چوار شەممە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراونی هەرێمی كوردستان ئاشکرایکرد کە، مووچەی ١٣ هەزار و ٢٨٢ كەسیان بڕیوە، كە مەرجی یاساییان تێدا نەبووە.



PM:08:30:06/01/2021