ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی لەسەر بودجه‌ و هه‌ڵبژاردنه‌كان ئاشکراکرا

د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گفتوگۆکرا سەبارەت بە پێشهاتە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکانی وڵات.

 

بەگوێرەی راگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆمار، لەمیانی کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پێویستی چەسپاندنی ئارامی عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان و بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەزگا ئەمنییەکان و جێبەجێکردنی یاسا کرا، لە پێناو زامنکردنی ئاشتی و ئاسایشی گشتی و رێگریکردن لەو کارانەی لە دەرەوەی یاسان و رێکخستنەوەی چەک.

ھەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی داهاتوویانکرد و پێداگری کرا لەگرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و پشتیوانی تەواوی خۆشیان دووپاتکردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و رێگریکردن لە ساختەکاری و فرتوفێڵ، هەروەها گرنگی چاودێریکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەلایەن چاودێرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی جددی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و زامنکردنی دەرفەتی بەشداری فراوان بۆ گشت هاووڵاتیان.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی ئابووری وڵات و بودجەی گشتی کرا، بۆ ئەو مەبەستە ھەردوو سەرۆک رێککەوتن لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی و پاراستنی مافی تەواوی مووچەخۆرانی عێراق و ھەرێمی کوردستان دوور لە ململانێ سیاسییەکان و گەیشتن بە چارەسەرێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە دۆسییە داراییە هەڵپەسێردراوەکان، بەجۆرێک زامنی مافی مووچەخۆران و هاووڵاتیان و چین و توێژە کەمدەرامەتەکان بکات بەبێ جیاوازی.



PM:11:01:18/01/2021