سێ هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا

سێ هاوڵاتیی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی پیرانشار کە مانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو دەستگیر کرابوون لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئێرانەوە سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا.

بە گوێرەی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ هاووڵاتی خەڵکی گوندی گەرگولی خواروو سەر بە شاری پیرانشار بە ناوەکانی سەلاح ئاجی تەمەن ٥٠ ساڵ، شۆرش عەبدوڵڵانەژاد تەمەن ٣٣ ساڵ و نەجمە سوخەنوەر تەمەن ٣٠ ساڵ لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە هەریەکێکیان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن سزادران. 

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار ئەو هاووڵاتیانە بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامەتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەستبەسەر و دادگایی و سزایان بەسەردا سەپێنراوە. 

ئەو سێ هاووڵاتیە ئێوارەی یەکشەممە ١٥ی نڤەمبەری ٢٠٢٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی پیرانشارەوە دەستبەسەرکراون و دوای مانگێک هەر کام بە دانانی بارمتەی یەک میلیار تمەنی ئێرانی بەشێوەی کاتی تا ڕۆژی بەرێوەچوونی دادگایکردنیان ئازاد کرابوون.

PM:12:00:24/01/2021