کورد و هەدەپە و وانەکانی هەڵبژاردن

زاگرۆس هیوا

لە باکوری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و پەرلەمان بەڕێوەچوو. لە سەر ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە لە سەر ئاستی دونیا، رۆژهەڵاتی ناوین و کوردستان لە پلاتفۆرمی جیا جیادا گفتوگۆ و شیکردنەوەی زۆر کرا. گفتوگۆ لە سەر هەڵبژاردن نەک هەر لە باکور، بەڵکۆ لە باشور و رۆژهەڵات و رۆژئاواش هێشتاش هەر بەردەوامن. دۆخێکی وەها دروست بوو وەک بڵێی هەموو کوردستان کەوتۆتە هەڵبژاردنەوە. هەر واشە، هەڵبژاردنەکانی باکور کاریگەرییان لەسەر هەر چوار بەشی کوردستان هەیە. ئەمە لە رابردووشدا وابووە لە داهاتووشدا هەر وا دەبێت. بێگومان کاردانەوەی زۆر جیاواز لە سەر ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە هەبوون. ئەوانەی خاوەنی هەستی نیشتمانپەروەری چاوەڕوانی ئەنجامێک وەک  ئەوەی هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، یان ئەنجامێک لەوە باشتر بوون. ئەمە چاوەڕوانییەکی مافدارە. ئەوانەش کە چارەنووسی خۆیان بە چارەنووسی داگیرکەران و بەتایبەت ئەردۆغانەوە گرێداوە، بە ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە شاگەش‌ بوون، چۆنکە کوردی ئازاد ژماری کورسییەکانی کەمی کردبوو و دەرفەت رەخسا بوو بۆ ئەوەی کە کوردی بەکرێگیراو لە باوەشی ئەردۆغاندا بچێتە پەرلەمانەوە. هەربۆیە دەستیان بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی پرۆپاگەندە کرد لە دژی رێبازی هەدەپە و ئەو تێکۆشانە سیاسیەی کە هەدەپەی لێ بەرهەم هاتووە. ویستیان وا نیشان بدەن کە گوایا رێباز و سیاسەتی هەدەپە هەڵەیە، شکستی هێناوە و لەمەوبەدوا پێویستە دەست لە رێبازی خۆی بەردات. بە شیکردنەوەیەکی وردی هەڵبژاردن لە وێستگە جیاجیاکانی ئەم پرۆسەیەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە نە پێویستە مرۆڤی دڵسوز و نیشتمانپەروەر تووشی بێ‌هیوایی بن، نەش لایەنی بەکرێگیراو حیسابی خاو بکەن. 

١. هەدەپە
لێرەدا با تابلۆی هەڵبژاردنی باکوور بە هێنانی نموونەیەک لە تۆپی پێ بە شێوەیەکی روونتر بخەینە بەرچاو. وای بۆ دانێن کە هەر دوو یانەی ریال مادرید و بەرشەلۆنە دێنە بەرامبەری یەک. بەر لەوەی یاری دەست پێبکات یانەی ریال مادرید بە هاوکاری پۆلیس دەست‌وپێ هەموو یاریزانەکانی بەرشەلۆنە بە گورێس دەبەستێت و گرێ دەدات. گۆلپارێزەکەش بە ستوونی گوڵەکەوە دەبەستێتەوە. لە هەمان کاتدا یاریدەدەری راهێنەرەکەی ریال مادرید بۆ خۆی دەبیتە ناوبژیوانی یاریەکە و یاری دەست پێ دەکات. دەست‌وپێ بەرشەلۆنە بەستراوەتەوە. هەربۆیە بەرشەلۆنە ناچار دەبێت هەر لە یاریگاکە لەناو تەماشاچییەکان و لایەنگرانی خۆی چەند کەسێک دەستنیشان دەکات کە یاری بکەن. لێرەدا بەرشەلۆنە تەنیا بە ئیرادە و بەخۆباوەڕ بوون و بە پشتیوانی گەرمی تەماشاچیان یاری دەکات . وای بۆ بچین کە بەرشەلۆنە ١-٠ دۆڕاوە و ریال مادرید و هاندەرانی جەژنی سەرکەوتن دەگێڕن! لێرەدا کێ سەرکەوتووە؟!  کلاسیکۆی هەڵبژاردنی باکووری کوردسنان بەم شێوەیەیە. هەدەپە لە شەرت و مەرجێکی وەهادا بەشداری یاری هەڵبژاردنی کرد.  لە هاوسەرۆکانەوە بگرە تا سەرۆک شارەوانییەکان و هتد. هەموو ئەندامانی هەدەپە خراونەتە زیندانەوە. ٧٠٠ کەس قەدەخەی سیاسی‌یان لە سەر هەیە.  تەنیا هەژمارێکی کەم توانیان خۆیان بگەیەننە ئەوروپا یان باشوری کوردستان (کە ئەویش دانە بە دانە تیرۆر دەکرێن).  هەموو رۆژێک ئۆپەراسیۆنێکی گرتن و راوەدوونان لە دژی هەدەپە ئەنجام دەدرێت و ئەندامانی نوێ و لایەنگران دەخرێنە زیندانەوە. رۆژ هەیە ١٥٠ کەس، رۆژیش‌ هەیە ٢٠ کەس. لەمە کەمتری تێدا نییە. ئەندامی هەدەپە نەماوە کە جارێک نەکەوتبێتە زیندانەوە. بەشی هەدەپە لە بۆدجەی دەوڵەت کە مافێکی دەستووری هەموو پارتێکی ناو پەرلەمانە دەستی بەسەر دا گیراوە و نادرێت. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە دادگای دەستوری تورکیایە و هەر کات رەنگە دابخرێت.  هەموو راگەیاندن تەلەڤیزیۆنەکانی تورکیا لە سەدا ٩٥ لە ژێر کۆنترۆڵی ئەردۆغاندان. پرۆپاگەندە بۆ ئەردۆغان دەکەن و هێرش دەکەنە سەر هەدەپە. هەدەپە بۆی نییە لە یەک تەلەڤیزیۆن دەرکەوێت.  هەدەپە لە شەرت و مەرجێکی وەهادا کەوتە هەڵبژاردنەوە. بە هۆی ئەوەی کە هەر مەترسی داخستنی هەبوو، بڕیاریدا بە پارتێکی نوێ (پارتی چەپی سەوز)کە لە تورکیا کە کەس ناوی نەبیستبوو بەشداری هەڵبژاردن بکات. تەنیا پێڕا گەیشت نووسینگەکانی بکاتەوە! زۆر دەرفەتی میتینگیشی نەبوو. لەبەر ئەوە کە پارتێکی نوێ بوو مافی ئەوەی نەبوو کە چاودێر و نوێنەر لە سەر سندووقەکانی دەنگدان دانێت. چاودێرێکیش هەبووبێت بەشی تەنیا لێدان و هەڕەشەی کوشتن بووە. 
وێرای هەمووی ئەم ئاستەنگییانە، هەدەپە لە کوردستان دا بوو بە یەکەم پارت و لە ناو پەرلەمانیش بوو بە سێهەمین پارت و هەروەها بوو بە دوومین پارتی بەرهەڵستکار. ئەگەر هەر پارتێکی دی بێت لە شەرت و مەرجێکی وەهادا بەشداری هەڵبژاردن بکات، نەک ئەوەی ٦١ کورسی پەرلەمان بهێنێت، تەنانەت ٦١ دەنگیش‌ ناهێنێت.  

 هەندێک چاوکوێری سیاسی کە نە بایان دیوە نە باران، لە هەوای سازگاری ستۆدیۆەکانی سەر بە ئەردۆغان پێ ئەخەنە سەر پێ و بێشەرمانە دەڵێن سیاسەتی هەدەپە شکستی هێنا. بۆ!؟ بۆ ئەوەی کە ئەردۆ‌غان لە بەشەکەی خۆی چوار کورسی بەخشیوە بە هوداپار!! ئەمانە پێیان وایە کە هەدەپە لە وڵاتی سویسرا کەوتۆتە هەڵبژاردنەوە و دۆڕاندوویەتی.

بە لەبەرچاو گرتنی ئەم هەموو راستییانە، پێویستە بڵێن ئەوەی کە هەدەپە کردی سەرکەوتنێکی مەزن و مێژووییە. بە پێ پێوانە باوەکانی هەڵبژاردن هیچ پارتێک لە شەرت و مەرجێکی بەم شێوەیەدا ناتوانێت ئەنجامێکی وەها بەدەست بهێنێت.  بەڵام لێرەدا راستییەکی دیش هەیە. ئەویش راستی ئەو تێکۆشانە سیاسی و ئایدیۆلۆژیەیە کە هەدەپەی لێ بەرهەم هاتووە. ئەم راستییەش راستی مەزڵۆم دۆغان و کەمال پیرە کە لەژێر قورسترین ئەشکەنجەی زیندانی ئامەددا چۆکیان بە فاشیزم دا هێنا. ئەگەر ئەم راستییە بکەینە پێوان و خۆمانییانە دۆخەکە هەڵسەنگێنین، ئەوا دەبینین کە هەدەپە لە زۆر بابەتدا هەڵە و کەموکوری هەیە و نەیتوانی وەک جاوەڕوان دەکرا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. 

یەکەم، هەدەپە نەیتوانی سیاسەت و رێبازەکەی خۆی وەکو پێویست لە کردەوەدا پێک بێنێت. ئەم رێبازە ئەوەیە کە هەموو هەدەپەییەک یەکەم خەمی ئەوە بێت کە گەل پەروەردە و رێکخستن بکات، ماڵ بە ماڵ و گەڕەک بە گەڕەک بگەڕێت و هەوڵ بدات کێشەی گەل چارەسەر بکات. نەک ئەوەی لە ئۆفیس دا دابنیشێت و بە تەمای ئەوە بێت گەل سەردانی ئەو بکەن. یان تەنیا لە میتینگەکاندا چاوی بە گەل بکەوێت.  ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی هەدەپە بەم شێوەیە هەڵسوکەوتیان دەکرد.پێوانی سەرکەوتن رێکخستن کردن و پەروەردە کردنی گەلە. رەنگە هەڵبژاردن چەند ساڵ جارێک ئەنجام بدرێت، بەڵام پەروەردەکردن و رێکخستن کردنی گەل کارێکی رۆژانەیە و سەرکەوتن لە هەڵبژاردن ئەنجامی کەڵەکەبوونی بەرهەمی ئەم کارەیە. تێکۆشان تەنیا لە سەر کورسی پەرلەمان ناکرێت، تێکۆشانی ئازادیخوازی پێویستە لە هەموو کات و شوێنێکدا و لە ناو جەماوەر و لەگەل جەماوەر بەڕێوەببردرێت.  ئەکادیمیای سیاسەتی دیمۆکراتی بۆ پێگەیاندنی کادێر نەیتوانی رۆڵ بگێڕێت.
  
دووەم، وا دیار دەبێت کە لە کاتی دەستیشانکردنی بەربژێرانی پەرلەمان‌دا را و ئیرادەی گەل لەبەرچاو نەگیراوە. بەر لەر هەڵبژاردنەکان پێویست بوو لە ڕیگەی هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شار و ناوچە و گەڕەکەکاندا بەربژێرەکان دەستنیشان کرابان. بەڵام بەربژێرەکان بە بڕیارێک لە سەرەوە دەستنیشان کراون، کە ئەمە لە بواری دیمۆکراسی راستە‌راست دا کەم و کورتییە و دەبێتە هۆئ ئەوەی کە هەموو چین و توێژەکان لە بەربژێرەکان بە خاوەن دەرنەکەون، لە چوونە سەر سندووقەکان سارد ببنەوە. بەربژێرەکان بە شێوەیەکی ناوەندی دەستنیشان کران و گەل رەخنەی لەسەر هەندێک لەو بەربژێرانە هەبوو. بەڕێوەبەرایەتی هەدەپە ئەم رەخنانەی لەبەرچاو نەگرت و زۆر کەس کە بە دڵی گەل نەبوون، بەربژێرکران کە هەندێکیان چوونە پەرلەمانیش. گەرچی دەڵێن کە کاتەکە تەنگ بوو و پێ‌ڕانەدەگەیشتین هەڵبژاردنی بەرایی بکەین. 

سێیەم، هەدەپە تەنیا پارتێکی کوردی نییە. بەڵکۆ پارتێکە بۆ هەموو گەلانی تورکیا. راستە، تا ئێستاش زۆرینە دەنگدەرانی کوردن، بەڵام ئارمانجی هەدەپە ئەوەیە کە هەموو مرۆڤێکی ئازادیخواز لە هەر کوێ تورکیا بێت بتوانێت رانگدانەوەی ئیرادەی خۆی لە هەدەپەدا ببینێت. واتە، رێباز و سیاسەتی هەدەپە وەهایە  کە نەک تەنیا لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکۆ لە هەموو کار و چالاکی سیاسی و ر‌ێکخستنی و پەروەردەیی‌دا نوێنەرایەتی یەکسانی هەموو گەلان و چین و توێژەکان لەبەرچاو بگرێت. وادیارە، لە کردەوەدا ئەم رێبازە ئەوەندە پەیڕەو نەکراوە. یۆ نموونە، لە گەلی ئەرمەن یان لە پێکهاتەی ئێزیدی کەس بەربژێر نەکرابوو.  پرۆپاگەندە و چالاکییەکانی هەدەپە زیاتر بەو ئاراستەیەدا بوون کە هەدەپە پارتێکی تەنیا کوردییە. لە کاتێک دا کە رۆڵ و میسیۆنی هەدەپە دیمۆکراتیزەکردنی هەموو تورکیایە. 

چوارەم، هەدەپە بۆ خۆی وەکو هاوپەیمانییەکە. هاوپەیمانییەک کە هەموو هێزە ئازادیخوازەکان و دیمۆکراسیخوازەکان لە چەپەوە بگرە تا راست  لە خۆ دەگرێت.بەڵام لەم هەلبژاردنەدا ئەو هاوپەیمانێتیە بە‌باشی بەڕێوەنەبردرا. پارتی کرێکارانی تورکیا کە پێشتر لەگەڵ هەدەپە دەکەوتە هەڵبژاردنەوە ئەمجارە بە تەنها خۆی کەوتە هەڵبژاردنەوە. کە ئەمەش بوو بە هۆی لەدەستدانی لانی کەم ٦ کورسی پەرلەمان. هەروەها پێویست بوو گرنگی زۆرتر بدرێتە ئەو هێزانەی کە نوێنەرایەتی ئیسلامی دیمۆکراتی دەکەن و بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا پێک دێنن. ئەمانە پێشتر نزیکی هەدەپە بوون، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوورەپرێزییان کرد

 ٢. ئەردۆغان، لە هەموو کەسێک باشتر دەزانێت کە دۆڕاندوویەتی و بە فێڵ و بە زۆر ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندی خۆیدا یەکلایی کردەوە. راستە کە پارتەکەی زۆرینەیە، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردنەکانی پێشو هەژماری کورسییەکانی کەمی کردووە. لە تورکیادا لە هەر دوو کەس، یەک کەس ئەردۆغانی ناوێت. سەرکەوتنی یەردۆغان سەرکەوتنێکە بەتامی شکست. سەرکەوتنی ئەردۆغان بڕیاری دەوڵەت بوو. هەموو دام و دەزگاکانی دەوڵەت و هەموو ئەو هێزانەی کە دەوڵەتی قووڵ پێک دەهێنن، لە ئەرگەنەکۆنەوە بگرە تا ئاڤراسیاجییەکان هەموو بو سەرخستنی ئەردۆغان کاریان کرد. دەوڵەت دەیەوێت لە کەسایەتی ئەردۆغاندا فۆرمێکی نوێ بداتە خۆی. ئەتاتورک لە سەدەی بیستەم دا چی بووبێت، ئەردۆغانیش لە سەدەی بیست و یەکەمدا هەمان شتە. ئەتاتورک پاش ئەوەی کە بوو بە سەرۆک کۆماری تورکیا یەکەم شت کە کردی ئەوە بوو کە دەستی بە کۆمەڵکوژی کورد کرد. پاش سەد ساڵ یەکەم پەیامی ئەردۆغانیش لە پاش هەڵبژاردن شەڕ لە دژی کورد بوو. ئەم شەڕە هەمە لایەنە دەبێت. بۆ ئەوەی کە ئەم شەڕە لە رای گشت نێو دەوڵەتی بشارێتەوە، چەند کوردێکی بەکرێگیراوی هاوشێوەی حەسەن خەیرییەکەی سەدەی بیستەم بەکار دەهێنێت. ئەردۆغان بۆ شاردنەوەی دوژمنایەتییەکەی لە گەڵ کورد، کوردی بەکرێگیراو بەکار دەهێنێت. بۆ ئەوەی ئەگەر لێیان پرسی "بۆ لە دژی کورد شەڕ دەکەی؟" بڵێت 'من دژی کورد نییم، ئەوا نابینن پ‌دک و بارزانیم لە گەڵە، هوداپارم لەگەڵە، جێگرەکەم بە رەچەڵەک کوردە، وەزیری ئابووری بە ڕەچەڵەک کوردە. من دژی کورد نییم و دژی تیرۆرم.' ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنەی دواییدا بە قەرزوەرگرتن لە وڵاتانی وەک قەتەر و سعودیە و روسیا هەوڵی دا کە پێش‌ دارۆخانی زیاتری لیرەی تورکی بگرێت. هەربۆیە لە پاش‌ هەڵبژاردن لیرەی تورکیا هاڕەی کرد و هەموو رۆژێک ریکۆردێکی نوێ لە شکست تۆمار دەکات. ئەردۆغان ئابووریی تورکیای روخاندووە، ئەم ئابوورییە هەموو بۆ شەڕی دژ بە کورد بە کار هاتووە. رەنگە خۆی بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدات، بەڵام لە راستیدا وا نییە. نیوەی تورکیا دژیەتی. ڵە باکوری کوردستان لە سەدا حەفتای خەڵک ئەردۆغانی ناوێت. ئەمانە هەموو پێگەی ئەردۆغێ‌ن لاواز دەکەن. رەنگە لەم قۆناخە سەرەتاییەی پاش هەڵبژاردن دا، بە پشت بەستن بە هەوای ئەو سەرکەوتنەی بە دەستی خستووە بیەوێت یان بتوانێت لە نێوخۆ و دەرەوە هەندێک هەنگاو بنێت، بەڵام ئەمانە کورتخایەن دەبن.

٣. کەمال کلیچدارئۆغلۆ رەکابەرێک بوو کە بە تەواوی بە دڵی ئەردۆغان بوو. ئەردۆغان بەرلەوەی کە پرۆسەی هەڵبژاردن دەست پێ بکات قەدەخەی کاری سیاسی لە دژی ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلۆی شارەداری ئەستەمبۆڵ دانا. چۆنکە دەیزانی تاکە رەکابەرێک کە بتوانێت شکستی بدات ئەکرەم ئیمام‌ئۆغلۆیە. دەتوانین بڵێن کە ئەردۆغان بۆ خۆی رەکابەرەکەی خۆی دیار کرد و گەمەکەی وا ئاراستە کرد کە کلیچدارئۆغلۆ ببێتە رەکابەری. کەمال کیلچدار‌ئۆغلۆ رەنگە وەکو تاکەکەس زۆر ئاوێتەی گەندەڵی نەبووبێت و  تا رادەیەک دروست بیت، بەلام زیاتر لە فەرمانبەرێکی دروست و چالاک دەچێت تا فیگەرێکی خاوەنی کاریزمای سیاسی و کۆمەڵایەتی. کلیچدارئۆغلۆ نەیتوانی گوتارێکی سیاسی تایبەت بە خۆی هەبێت، نەیتوانی کە بوێرانە جیاوازی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان نیشان بدات و سیاسەتێکی جیاواز پەیڕەو بکات. هەموو گوتارەکانی تەنیا کاردانەوە یان یان لاسایی کردنەوەی گوتارەکانی ئەردۆغان بوون. بەتایبەت پاش خولی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری بە تەواوی وەک ئەردۆغان قسەی دەکرد، تەنیا بۆ ئەوەی کە دەنگی نەتەوەپەرستەکان بەدەست بهێنێت. کەمال کلیچدارئۆغلۆ کورد و عەلەوییە و خەلکی دێرسیمە. ئەم ناسنامەیانە هەموویان لە سەدەی بیستەمدا لە تورکیا تووشی جینوساید و کۆمەڵکوژی هاتوون. لە خۆیدا ناوەکەی کلیچدارئۆغلۆش سەرنج راکێشە. بە تورکی دێتە واتای "ئەو رۆڵەیەی کە پاشماوەی شور و سێدارەیە". ئەو ناسنامانەی کە کلیچدارئۆغلۆ هەڵگری بوو لەلای دەۆڵەتەوە بڤەن. دەوڵەت نەیدەویست سەرۆک کۆماری رادەستی کەسێکی وەها بکات. نەیدەویست ئەوانەی کە بە دەستی خۆی کۆمەڵکوژی کردوون لە کەسایەتی کلیچدارئۆغلۆدا زیندوو ببنەوە. 
 
٤. هاوپەیمانی میللەت. ئەم هاوپەیمانییە هاوپەیمانییەکی تاکیتکی بوو. هاوپەیمانییەک بوو کە لە سەرەوە لە نێوان سەرۆکەکان پێک هاتبوو. تاکە هاوبەشییان ئەوە بوو کە لە ئەردۆغان نارازی بوون. بەڵام پرۆگرامێکی ئەلتەرناتیفیان نەبوو.  ئەم هاوپەیمانییە شۆڕ نەبووەوە بۆ ناو کۆمەڵگا و  بنکەی جەماوەری پێکهاتەکانی ئەم هاوپەیمانیە رق و کینەیان بەرامبەر یەکدی هەیە. لەخۆیدا، پاش هەڵبژاردن ئەم هاوپەیمانییە بڵاوەی پێکرا و زۆر کەسی ناو ئەم هاوپەیمانییە و تەنانەت کەسی ناو جەهەپەش رایانگەیاند کە دەنگیان بە کلیچدارئۆغلۆ نەداوە. زیهنییەتی پێکهاتەکانی ئەم هاوپەیمانییە لە زیهنییەتی ئەردۆغان زۆر جیاوازتر نەبوون. باباجان و داوودئۆغلۆ بۆ خۆیان ماوەیەک سەرۆک وەزیر و ئابۆریزانی دەستبژێری ئەردۆغان بوون. تەمەل کەرەمۆللە‌‌ئۆغلۆ بۆ خۆی کەسێکە کە لە کۆمەڵکوژی کورد و عەلەوییەکانی شاری سێواز (sivas-١٩٩٣) رۆڵی هەبوو. مەرال ئاکشەنەر هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی و  مەهەپەی رەگەزپەرست نییە. بۆ خۆی پێشتر ئەندامی مەهەپە بوو، وەک ئەسبی  ترۆوا خستیانە ناو بەرەی ئۆپۆزیسیۆنەوە. یەکێکە لەو کەسانەیە کە ئەوکاتەی کە لە ساڵانی ١٩٩٠ وەزیری ناوخۆ بوو دەستی هەبوو لە کوشتنی بە هەزاران کورد. جارێک لە هاوپەیمانێتییەکەی لە گەڵ کلیچدارئۆغلۆ پاشگەز بووەوە، بەڵام بۆ ئەوەی کە رێبازی دژ-کورد لەم هاوپەیمانییەش دا بەردەوام بێت دەوڵەت ناچاری کرد کە بگەڕێتەوە ناو هاوپەیمانێتییەکە. ئەردۆغان زۆر لە فیگەرە سەرکییەکانی نزیک کلیچدارئۆغلۆی کڕیبوو. بۆ نموونە، لە خۆلی یەکەمدا تونجای ئۆزکان (Tuncay Ozkan) بەرپرسی یەکەمی کەمپینی هەڵبژاردنی جەهەپە بوو. ئەم کەسە لە ئێوارەی رۆژی هەڵبژاردنەکاندا جەهەپەی گێژ و مات کرد. سیستەمی ژماردنی دەنگکەکانی تێکدابوو. ئەگینا کلیچدارئۆغلۆ لە دەوری یەکەمدا بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرکەوتنی بە  دەست هێنابوو. هەربۆیە رۆژی پاشتر کلیچدارئۆغلۆ لە کارەکەی دووری خستیەوە. 

٥. دەوڵەت باخچەلی، ئەم کەسە نوێنەری ئەرگەنەکۆن و دەوڵەتی قووڵە نە ناو دەسەڵاتدا. تاکە ئارمانجی ئەو دژایەتیکردنی کورد و پاراستنی کۆدی ئانتی-کوردی دەوڵەتە. بۆ دژایەتی کردنی کورد لە هیچ شتێک سڵ ناکاتەوە. راژەی دەنگی دەوڵەت باخچەلی و مەهەپە لە سەدا پێنجە. ئاسمان بیتە خوارەوە، مەهەپە زیاتر لە سێ ملیۆن دەنگدەری نییە.  بەڵام بۆ ئەوەی کە لاواز نەکەوێت و هەمیشە لە شوێنی گرنگی بڕیار دا جێ بگرێت، دەوڵەت بۆ خۆی راستەوخۆ دەستێوەردان لە دەزگای بڵندی هەڵبژاردن و سندووقی دەنگدەران دەکات. بەر لە هەڵبژاردن راژەی دەنگی مەهەپە دیاری دەکرێت. واتا، مەهەپە خاوەنی کۆتای دەنگە. کۆرپەی نازپەروەردەی دەوڵەتە.  وای لێ دەکەن کە راژەی دەنگەکانی هەمیشە لە ژووری ١٠% بێت. بۆ نموونە، لەم هەڵبژاردنەدا ٢٢ هەزار سندووق بۆ ئەوەی کە دەنگی مەهەپە لێ زیاد بکرێت دەستکاری کرابوو. لە کوردستان، لەو شوێنانەی کە مەهەپە تەنانەت یەک دەنگیش ناهێنێت، لە هەندێک سندۆقی پێشتر دیاریکراودا، بە تایبەت لە گوندەکاندا ٣٠٠ دەنگی مەهەپە دەردەکەوت. لە شارەکانی تورکیا، لە زۆرێک لە سندووقەکاندا دەنگی هەدەپە بۆ مەهەپە هەژمار کرابوو. سكاڵای زۆر کرا، بەڵام ئەنجامەکەی لێدان و ئەشکەنجە و هەڕەشەی کوشتن بوو. 

رەنگە ئەو پرسیارە هەبێت کە ئەگەر وایە، بۆ ئەم هاوپەیمانییە هێندە دەنگی هێنا. بۆ نیوەی دەنگی تورکیای هێنا؟ گەلانی تورکیا گۆڕانکارییان دەوێت. بەڵام دەوڵەت کەسێکی وەهای نەهێشتۆتەوە کە پێشەنگایەتی ئەم گۆڕانکارییە بکات. یان خستوویانیەتە زیندانەوە، یان قەدەخەی سیاسی لە سەریان داناوە، یانیش شاربەدەری کردوون. بەڵام خەڵکەکە سوور بوو لە سەر ئەوەی گۆڕانکاری بکرێت. بە ئاشکرا دەیانگوت کە رەنگە درگای بەهەشتمان بۆ نەکرێتەوە، بەڵام لانی کەم دەمانەوێت درگای دۆژەخ دابخەین. 

٦. رۆڵی پ‌دک لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا. یەکەم، پ‌دک هاوپەیمانی ئاشکرای ئەردۆغان بووە لە هەموو هەڵبژاردنەکاندا. مەسعود بارزانی چەندین جار بەشداری کۆنگرەی ئاکەپە بووە و تەنانەت بەشداری میتینگەکانی هەڵبژاردنیشی کردووە. ئەردۆغان لە بواری سیاسیدا و بەتایبەت بۆ رای گشتی کورد و رای گشتی جیهانی سیاسەتی دژە-کوردی خۆی بە پ‌دک پەردەپۆش دەکات. لەم هەڵبژاردنەی دواییدا، ئەردۆگان بۆ ئەوەی کە دەنگی نەتەوەپەرستەکان لە دەست نەدات، هەوڵی دا کە لەگەڵ سەرۆکی پ‌دک  مەسعود بارزانی دەرنەکەوێت. بەڵام پێویستیشی دەکرد کە ئەردۆغان بۆ دەنگدەرانی کوردی باکوور  نیشان بدات کە دژ بە کورد نییە. هەربۆیە لە جیاتی ئەوەی کە ئەمجارە مەسعود بارزانی ببات بۆ میتینگەکانی، هوداپاری کردە هاوپەیمانی خۆی و سەرۆکی هوداپاری نارد بۆ دیداری مەسعود بارزانی. ئەگەر نەتەوەپەرستەکان لە ئەردۆغان بپرسن : "ئەوە بۆ لە گەڵ کوردێکدا دیدار و چاوپێکەوتن دەکەن؟" بڵێت "من نەبووم هوداپار بوو کە چووە لای مەسعود بارزانی”. ئەگەر دەنگدەرە کوردەکان لێ بپرسن "ئەی کوا سیاسەت و پرۆگرامی تۆ بۆ کورد؟" لە وەڵامدا بڵێت: "مەگەر نابینن هوداپار کە هاوپەیمانمە ناردم بۆ لای مەسعود بارزانی؟!”  دووەم، پ‌دک  بە رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی نەوت گەورەترین پشتیوانی ئابووری ئەردۆغان و ئاکەپەیە. هەروەها بازاری باشوری کوردستان بۆتە جێ ساخکردنەوەی کاڵای تورکی و تورکیا لەم رێگایەوە ساڵانە بە دەیان ملیارد دۆلار قازانج دەکات. ئەمەش بە بەهای دارۆخانی ئابووری باشوری کوردستان مەیسەر دەبێت. ئەم خزمەتەی پ‌دک وایکرد  کە  خێرایی دارۆخانی لیرەی تورکی بە تایبەت لە پێش هەڵبژاردنەکان کەم ببێتەوە لە ئاستێکدا رابگیردرێت. هەربۆیە پاش هەڵبژاردنەکان لیرەی تورکی گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی.  سێهەم، پ‌دک هەموو راگەیاندنەکانی خۆی خستە خزمەتی پرۆپاگەندەی ئاکەپە و ئەردۆغانەوە. ئەردۆغان لە کوێ قسە بکات، راگەیاندنی پەدەکە بەر لە ئاژانسی ئەنادۆڵ بە راستەوخۆ دەیگوازێتەوە. چوارەم، پ‌دک لە راگەیاندنەکانی خۆیدا رێبازی هەدەپە تەشیر دەکات، وای نیشان دەدات کە گوایە لە کوردایەتی دوور کەوتۆتەوە و خۆی نزیکی چەپی تورک کردۆتەوە. دەیەوێت وا بکات کە هەدەپە خۆی نەگەیەنێتە گەلانی دیکەی ناو تورکیا، هاوپەیمانی دروست نەکات و تەنیا لە کوردستانی باکووردا قەتیس بمێنێتەوە. ئەگەر بەرپرسانی پ‌دک هەموو رۆژێک لە ئەنقەرە و لەگەڵ سوڵتان بن کێشە نییە، بەڵام ئەگەر هەدەپە مەرحەبا بداتە شۆڕشگێڕێک و ئازادیخوازێکی تورک یان ئەرمەن رێبازی کوردایەتی خەسار دەبینێت!! چوارەم، پ‌دک لە داهاتی هەرێمی باشوری کوردستان مۆچە دەداتە زۆرێک لە عەشیرەتەکانی باکووری کوردستان، لە شەمزینان و جۆلەمێرگەوە بگرە هەتا شرناخ و جزیرە و سلۆپی. لەم رێیەوە دەیەوێت کاریگەری خۆی لە باکور زیاد بکات. لەم هەڵبژاردنەدا پ‌دک  هەمووی ئەم عەشیرەتانەی تەوجیە کردبوو کە دەنگ بدەن بە ئەردۆغان و ئاکەپە. 

وەکو ئەنجام، دوابەدوای ئەم هەڵبژاردنانەی تورکیا هێرش لە سەر کورد زۆرتر پەرەدەستێنێت. ئەردۆغان هەوڵ دەدات دەسکەوتەکانی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان لەناو ببات. ئەمەش لە رێگای بەکارهێنانی هەمەلایەنەی کوردی بەکرێگیراو و هێرشی هەمەلایەنە بۆ سەر کوردی ئازاد ئەنجام دەدات. چۆنکە ئەردۆغان دەزانێت تاکە هێزیک کە بتوانێت رووبەرووی بوەستێتەوە تێکۆشانی کوردی ئازادە. هێرش لە سەر هەدەپە و کوردی باکور زۆرتر دەبن، هێرشی داگیرکاری و تیرۆر هەم لە سەر رۆژئاوای کوردستان و هەم لە سەر باشوری کوردستان زیاتر دەبن. هەر بۆیە خۆڕاگرییەکی هەمە لایەنەی کورد و هەروەها یەکگرننی کورد پێویست دەکات. کورد چی بە دەست هێناوە بە خۆڕاگری بەدەستی هێناوە، لەمەوبەدواش خۆڕاگری هەمەلایەنە تاکە رێگای سەرکەوتنە. ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیا نە لەناوخۆ و نە لە دەرەوە ئەو هێزەیان نییە کە بانگەشەی دەکەن. نیوەی گەل ناڕازییە، ئابووری رووخاوە، لە دیپلۆماسیدا لاوازی زۆرترە.  ئەردۆغان ناچار ماوە بۆ چاوپێکەوتن لە گەڵ بەشار ئەسەد لە روسیا بپارێتەوە. واتا، سیاسەتی ئەردۆغان لە سوریا بە تەواوی شکستی هێنا. جەند گرۆپی چەتە و چەند ملیۆنێک پەنابەر لە دەستیدا ماونەتەوە کە هەر جارێک لە گەڵ لایەنێکدا مامەڵەیان پێوە دەکات.

هەدەپە قۆناخێکی بەخۆداچوونەوە و رەخنە و رەخنەدانی دەست پێکردووە. لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەڵە و کەموکۆڕییەکانی سەرەراست بکاتەوە. پێدەچێت کۆنگرە ببەستێت و بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ هەڵبژێرێت. گەرچەی دۆسیەی داخستنی هەدەپە هێشتاش هەر لە سەر ماسەیە. هەرچی بێت، هەدەپە لە توانایدا هەیە کە بە راستکردنەوەی کەموکۆڕیەکان و دەرس وەرگرتن لە هەنگاوە هەڵەکان قەڵەمبازێکی نوێ تۆمار بکات. پێویست دەکات سەرچاوەی هێزی خۆی باش دەستنیشان بکات. سەرچاوەی هێزی هەدەپە گەلە. بنکەی جەماوەری هەدەپە لە دونیادا نموونەی نییە. ئەشکەنجە و هەڕەشە و لێدان و تەنانەت مەرگیش ئەگرنە بەرچاو و وەها دەجن بۆ دەنگدان. ئەم بنکە جەماوەرییە زانایە، ئەزموونی تێکۆشان و رێکخستنی هەیە، کەلتور و رێبازی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەگەر ئەم بنکە جەماوەرییە بە تەواوەتی بەشداربکرێت لە پەروەردە و رێکخستن و میکانیزمی بڕیاردان، نەک دە هەزار کە ئێستیا گیراون، ئەردۆگان سەد هەزاری دیکەش بگرێت ئەو هەر دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە. هەدەپە دۆستی راستەقینەی هەیە لە ناو گەلی تورک و گەلانی دی لە تورکیا. هەدەپە هیوای هەموو گەلانی تورکیایە. هەر بۆیە پێویستە چەندە گرنگی بە کێشەی کورد دەدات ئەوەندەش گرنگی بە کێشەی ئازادی و دیمۆکراسی لە هەموو تورکیا بدات و نەکەوێتە داوی نەتەوەپەرستییەوە. رێبازی سیاسی و فکری هەدەپە راستە، پێویست ئەم رێبازە بە شێوازی راست بکەوێتە بواری کردارەوە.

26/06/2023



وتارەکانی تری نوسەر