لە پێناو یەکخستنی توانا پەروەردەییەکان

رەووف محەمەد ئالانی
کایە و بوار و سێکتەرەکانی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی هەمیشە بە بیر وبیرۆکەی جوان و پلان و نەخشەی زانستی و یەکخستنی تواناکان و یەکتر قبوڵکردن، قۆناغەکانی بەدیهاتن و گەیشتن بە ئامانجی گەورە و پێشکەوتن شاد بوون.

ئەگەر لە کایەی ڕامیاری کوردان  بڕوانین، دەبینین ئاکام و ئەنجامی گەلی کورد چەند دوورکەوتۆتەوە، دیارە بەهۆی یەکنەگرتن و یەکنەخستنی توانا و ووزە و پڕۆژەکان بووە، کە ناکۆکی و دووبەرەکی و یەکتر قبوڵنەکردن و تا گەیشتۆتە لەناوبردن و سڕینەوە و شڵەژان و ناسەقامگیری کۆمەڵایەتی و شەڕی نەگریسی خۆخۆری کە بە شەڕی براکوژی ناسراوە.

 دیارە بەشێک لەمانە خودی بیرتەسکی کورد خۆی بووە و بەشەکەی تری پلان و نەخشەی دوژمنانی ئەم گەلە بووە و کاریان لەسەر کردووە، لە ئاکامیشدا ئامانجە گەورەکەی نیشتمان و نەتەوە دوورکەوتۆتەوە و بووە بە خەونێک و هیچی تر، کە ئەمەش بۆ هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەر خەمێکی هەمیشەییە.

مەبەستمە بچمە سەر بابەتە سەرەکیەکە کە وەک هەمیشە لای زۆربەی شارەزایان و دڵسۆزان کە ئەویش پەروەردەیە، بەهۆی نەبوونی ستراتیژێکی  ووردی  زانستی زۆر پڕۆژە نەگایشتونەتە هانگاوی ئاراستەکراو ڕووە و ئامانجی خزمەتی پەروەردە.
ڕێزنەگرتنی یەکتر و خۆبە پاڵەوان زانین و کەسانیتر بەکەم ناسین هۆکارێکی سەرەکی ئەو یەک دەنگ نەبوونەیە، چونکە کاتێ مرۆڤەکان ناخرێنە چوارچێوەی سنووری ڕێزگرتنەوە، لە بەرامبەردا کینە و ڕق و باسکردنی خراپە شوێنی  کارە ئەرێنی و باشەکان دەگرێتەوە، لەخۆڕا نیە پیرەمێردی مەزن وتوێتی:

قەدری یەکبگرن گەر قەدرزانن
برا بن یاکتر بەسووک مەزانن

ئەوەندەی من بزانم و سەرنجم دابێت، لە ناو کوردستاندا ووزە و توانای زۆر هەن کە مەبەستیانە خزمەت بەبوارو کایە گەورەکەی پەروەردە بکەن، بەڵام ئەم توانا و ووزانە نەخراونەتە بۆتەیەک و یەکیان نەگرتووە، ئەوەش چەند هۆکارێک وایان کردووە، کە دەمەوێ بەشێکیان بخەمەڕوو کە ئەمانەن:

١-خۆپەرستی و خۆخوازی هەندێک لەو کەسانە کە دەیانەوێ هەموو شتێک هەر خۆیان بن و دان بەکەسانی تر کە لەخۆیان پڕئەزموونتر و شارەزاترن بنێن

٢-دەست وەردانی کەس و لایەنی حیزبی، چونکە حیزبەکانی کوردستان ئەوەندە عەقڵیان بچووک وتەسکبیرن، وادەبینن ئەوەی لەگەڵیان نەبێت جێی نابێتەوە و ناکرێ هیجی هەبێت

٣-نەبوونی ئۆرگانێکی بێلایەن و فەرمی تا ببێتە چەتری کۆکەرەوەی تواناکان، چونکە هەموو ڕێکخراوەکانی بەناو کۆمەڵگەی شارستانی، حیزبین و هەمووشیان بەسەرچوون، هەر لە یەکێتی مامۆستایان و یەکێتی نوسەران و سەندیکاکانی تریش
بێگومان ئەو ئەرکە بەکەسانی ڕۆشنبیر ئەکرێت، هەروەها ئەرکی ڕۆشنبیر لە کۆمەڵگادا بە ڕوونی لە ڕێگەی مامەڵەکردنی لەگەڵ تاکەکان دەردەکەوێت، کە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان دەزانن و ڕێز لە پێوەر و بەهاکانی دەگرن و دەزانن چۆن بخوێننەوە و بنووسن چونکە وا دەکات پەیامەکەی بە خێرایی بگاتە زۆرترین ژمارەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر، بوونی کەسانی شارەزا و خەمخۆر لەڕێگەی قوتابخانە و ڕۆژنامە و گۆڤار و شوێنی پەرستن(مزگەوت) لە کۆمەڵگادا وەک کەناڵی بەهێز بۆ ئاراستە کردن وپەیوەندیکردن دیارە ئەمانەش بەهۆی یەکخستنی توانا و ووزەی کەسە دڵسۆزەکان بەدیدێت.

  یەکەم ئەرک کە ڕۆشنبیر و نوسەرانی  ئەو بوارە ئاڕاستەی  دەسەڵاتی  جێبەچیکردنی دەکەن، ئەوەیە کە تا چەند دادپەروەری کۆمەڵایەتی جێبەجێ دەکات و هەڵوێستی تاکەکان بەرامبەری چییە (لە قبوڵکردن، پەسەندکردن، ڕەخنە، یان ڕەتکردنەوە)، مانای ئەوەیە کە وەک چاودێرێکی هۆشیار  بەرژەوەندی گشتی مامەڵە دەکات و زیانی پێناگەیەنێت نەک خۆخوازی و خۆ پەرستی و خۆنمایشکردن.
خزمەتکردنی پەروەردە بەگشتی، لە پرۆسەکە و ئەدەبی مناڵان، پێویستە نوسەران و خەمخۆران بیرو ڕاو پڕۆژەکانیان یەکبخەن تا کاری پێکەوەیی و هەماهەنگی ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، نەک ئەوەی ئێستا هەیە هەرکەس بیرۆکەیەکی هەبێت، بڵێ من دەبمە خاوەنی پڕۆژەکە و کەسیتر نابێ لەسەرووی منەوەبێت.

دەمەوێ بە فەرمودەیەکی خودای مەزن نمونەیەکی بەرجەستەکراوی ژیانی کۆمەڵگە بخەمەڕووکە چۆن داوامان لێدەکات لە هەموو کار و ئیشەکانماندا بۆ کاری باش هاوکار وپشتیوان بین بەڵام بۆ کاری خراپ و نەخوازراو نەبینە هاوکار، بۆیە فەرموویەتی: {وَتَعَاوَنُوا عَلَى الْبِرِّ وَالتَّقْوَى وَلا تَعَاوَنُوا عَلَى الإثْمِ وَالْعُدْوَانِ..}

بەپێی ئەزموونی کارکردنم لە بواری نوسین و رێکخراوەیی و پەروەردەدا، ئەمانەم بەرچاوکەوتوە، هیوادارم ئەو کەسانەی بەمکارانە هەڵدەستن ڕەچاوی هەموو لایەنەکان بکەن و واز لە خۆپەرستی بێنن لەپێناو ئامانجە گەورەکە کە پەروەردەیە.

15/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر