کێشەکە هەمووی پارەیە پارە لەهەر جێگایەك بێت، گرفت و ئاریشەکانیش لەوێن!

هادی حەمەرەشید

ئەگەر تۆ ئەڵێی گرفتیتریش هەن، ئەوەش دیسان بە پارە دێنە حەلکردن!

جارێك حیشمەتی فیردەوس باسی مناڵیی خۆی بۆ نەوەکەی ئەکرد، ئەیووت: لە مناڵییدا زۆر دەست تەنگ و هەژار بووم، هەرگیز نەمتوانی جووتێك پێڵاوی جوان و شیاو لەپێکەم، تا ئەوەی کە باوکم لەبەر تینی نەخۆشیی قاچیان بڕییەوە و دایکم پێڵاوەکانی هێنا تا من لە پێیان بکەم، پێڵاوەکان ئەوەندەی گۆڕەپانی شارێك هەراو بوون، بەڵام دایکم ئەوەندە ڕۆژنامەی لێئاخنی، تا توانیم لە پێیکەم!

کە دەستم بە کاسبی کرد و وردە وردە گیرفانم پڕ بوون لە قران و تمەنی وردە، بە مەبەست ئێواران بە گیرفانی پڕ لە پارەوە ڕامئەکرد، تا بەریەك ئەکەوتن و دەنگیان ئەهات، ڕۆڵە نازانیت کە چەندە دڵنشین بوون زرینگە و دەنگی ئەو پارانە، لە سازترین مۆسیقا پڕ سۆزتر بوون!

پارە زاڵمە، لە هەر کوێ بێت پێشکەوتن و هۆکارەکانی ژیان لەوێن، بەڵام لە سنوورێکی مەعقولدا، سنوورێك هەیە، لەو سنوورە تێپەڕیی، ئیتر کێشە و نەهامەتیتر دەست پێئەکات!

هەژاریی دنیایەکی پڕ لە کێشەیە، بەڵام مرۆڤ بۆ دەربازبوون لەو دنیایە، ئامادەی هەموو باجێکە!
دۆستۆیڤسکیی گەورە نووسەری ڕووسیی ئەڵێ: مرۆڤ لە هەژارییدا شان و شکۆ و ڕێزی لە دەست ئەدات!

کە هۆشیار بوویەوە و هەستیکرد کە پێویستە بە زوویی دەردی هەژاریی تێپەڕێنێت، پێی ئەکەوێتە سەر دەیان مین و چاڵ و تەڵەوە.
ئەوە ڕێك ئەو سنوورەیە کە باسمان کرد، گەیشتن بە سنووری چاوچنۆکیی و باجدان!
باجی (لە مرۆڤ کەوتن) ئەدەیت تا دەوڵەمەندتر بیت!

جیڤارای ئایکۆنی شۆڕشی یەکسانیی، ئەیووت:هەژاریی شەرمەزاریی نییە، بەڵکو تاوانە...
ئەیویست لەسەری بڕوات و قسەکانی تەواو بکات، بەڵام دەوڵەمەندەکان بە چەپڵە گەرموگوڕەکانیان پێیان بڕی!

تۆ بە پەلهاویشتن و ڕاکەڕاکەت هەژاریی بەجێئەهێڵیت و دەوڵەمەند ئەبیت، ناوەستیت، داوای زیاتر و زیاتر ئەکەیت!
هەروەك ئەو مرۆڤانەی کە (خومار)ـن و پێویستیان بە تلیاك(تریاك)ـی پارە و سەرمایەی زیاترە، بە دەستخستنی زیاتر(نەشئە)ئەتگرێ و پاشان خومار ئەبیتەوە و ..... ئەمە بەردەوامە، تا سنوورەکە بەتەواویی تێئەپەڕێنیت!

پارە زاڵمە، کەسوکارت ئازیزن تا ئەو غایبە، کە ئەو هات، ئیتر هەمووان ئەغیار و دوژمنن!
ئامۆزا،پشت و هاوخوێنتە، تا پارە بێدەنگە، کە ئەو دەرکەوت ئیتر پرسییان لێت: دوژمنت هەیە؟
ئەڵێی:بەڵێ ئامۆزام زۆرە!

کێ لە برا نازدارترە بۆ مرۆڤ؟!
لە قورئاندا و لە باسی سەختیی دیمەنی قیامەتدا، ئەفەرموێ(ێوۡمَ ێفِرُّ ٱلۡمَرۡ‌وُ مِنۡ أَخِیهِ) کەچی کەپارە دێتە گۆڕێ،  هەر لە دنیادا و پێش گەیشتن بە ڕۆژی دوایی برا لە براکەی هەڵدێت و نایناسێت!
ئەوەی پێش هەرشتێك ئەتەوێت لە دژی براکەت بیکەت، لێسەندنەوەی ئاماژەی برایەتیی و قرتاندنی لینکی برابوونە!

پارە و چاوچنۆکیی بێ سنوور نەبوو، کێشە بوونی نییە، خۆ مرۆڤ لە خۆڕایی شەڕ نادۆزێتەوە!
تا ڕادەیەکی زۆر؛ درۆیە کە وتوویانە تەشتی پڕ لە نان، ئاشتیی ماڵە!

 ڕەنگە تەشتی نیوە لە نان، ئاشتیی ماڵ بێت!
ئاخر چۆڵبوونی تەشت ئەگەر گرفت بێت، ئەوا پڕبوونی کێشەی زیاترە!

تۆ ببینە بزانە کام حیزب و بنەماڵە و بەرەباب؛ پاش بەشەڕ هاتنیان لەسەر ئەوەی ناو تەشتەکە، تەشتەکەشیان لەت و پەت نەکرد؟!

تەفسیری زۆر هەڵناگرێت،"پارە زاڵمە" کۆمەڵێك هێلیکۆپتەر ئەکەن بە هۆکاری پاکتاوکردنیان، گرووپێك ئەڵێن هەوڵێك هەبوو بۆ دەرمانخواردمان، نەمانهێشت!

یەکێك لەگەڵ براکەیدا لە گوندێکدا پێکەوە نایانکرێت و باسی ئاشتیی جیهانیی ئەکەن!

کێشەکە پارەی زاڵمە، بڕوا بە هیچ تەفسیرێکیتر مەکەن!

22/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر