ڕۆڵی پەروەردە لە چاککردنی ڕەفتارە نەرێنییەکان

رەووف محەمەد ئالانی

 (ژیری وەک چەتر وایە، تەنها کاتێک کاردەکات کە کراوە بێت - تۆماس دیۆر)

هەموو ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی مرۆڤ، زادەی وەرگرتن و فێربوونن، دەکرێ لە ژینگەیەکی لەبار و تەندروستدا بیرکردنەوە و ڕەفتاری  باش ببینین، بەپێچەوانەشەوە لە ژینگەی خراپ و دوور لەڕەچاوکردنی هەنگاوە باشەکان، ڕەفتاری نەرێنی و خراپ ڕەنگدەداتەوە.

لە شێوازی دیاریکردنی ئاراستەی باشەکان  یان  خراپەکاندا لەسەر ڕەفتارەکانی تاک، پەروەردە ڕۆڵ و کاریگەری بەرچاوی هەیە، بۆیە دەکرێ بە چاوی گرنگی پیدان  و پڕ بایەخ و نرخاندن لێی بڕوانرێت.

زۆرجار لەسەر کۆمەڵگەی پێشکەوتوو یان دواکەوتوو باس دەکرێت و پۆلێن دەکرێن، لەسەر یەکێک لەو دوو ئاراستەیە دادەنرێن،  بۆ ئاراستە باشەکە  دەڵێن  ئەو کۆمەڵگەیە زۆر خۆشبەختن، بەڵام  بۆ ئاراستەکەیتر کە خراپەکەیە دەڵێن ئەو کۆمەڵگەیە زۆر نائارام و توندوتیژن و ناشارستانین. 

ئەمانە هەمووی پەیوەندی بە فەلسەفە و جۆری پەروەردەکەیانەوە هەیە، دیارە دروست بوون و بەدیکردنی  ڕەفتاری نەرێنیش ڕاستە بەشێوەیەکی  گشتی  پەروەردە، کاری لەسەر دەکات بەڵام زۆر هۆکار بوونیان هەیە تا ڕەفتارەکان  دەبن بە نەرێنی، بەتایبەت لە ناو منداڵاندا ، هەر ئەو ڕەفتارانە ئەگەر ئاراستەکەیان نەگۆڕێ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەن  هاوتەریب ڕەفتارەکەش لەگەڵیدا گەورە دەبێت، 
پێش دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، بەباش وپێویستی دەزانم، ڕەفتاری نەرێنی بناسێنین.

ڕەفتاری نەرێنی بریتین لە و کار و هەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی کە لەڕووی پێوەری  کۆمەڵایەتی، پێچەوانەی داب و نەریت و یاسای کۆمەڵگەن و لای خەڵک بە نامۆو نەگونجاو سەیر دەکرێن.

نمونەی ئەو ڕەفتارانە(دزیکردن، درۆکردن، دەمپیسی(جنێو و وتەی ناشیرین)، داوێن پیسی(دوورکەوتنەوە لە ئاکار)، توندو تیژی و شەڕەنگێزی(ئازاردانی کەسانیتر)، (بوهتان - بوختان) واتە هۆنینەوەی درۆی هەڵبەستراو بۆ کەسانیتر، ....... هتد).

ئینجا هەندێک لەو هۆکارانە دەخەمە بەرچاو کە دەبنە دروست بوونی ئەو ڕەفتارانەی کە نەرێنین:

١-خراپ مامەڵەکردنی دایک و باوکی مناڵ و گرنگی نەدان بە پەروەردەی دروست، یان نەشارەزایی و کەمتەرخەمی
٢-توندو تیژی و ناکۆکیەکانی دایک و باوکی مناڵان لەبەرچاوی ئەواندا، چونکە ئەو ڕەفتارە ئەگوازرێتەوە بۆ مناڵەکانیان
٣-سۆز و نازی زۆری دوور لە پلانی پەروەردەیی

٤-جیاوازیکردنی مناڵان لەلەیەن دایک و باوکیان، بەوەی یەکێکیان بچوکترە نازی زۆرتر بدەنێ یان ئازاردانی یەکێکیان لە بەرچاوی ئەویتر لەسەر کارێک و ڕەفتارێکی هەڵە، ئەوەش پێویستی بە مامەڵەی پەروەردەیی و زانستی هەیە، نەک لێدان و توندوتیژی

٥-وەرگرتنی ڕەفتارێکی نەرێنی  لەدەرەوەی  خێزان و ڕاستنەکردنەوەی هەڵەکە

٦-مامەڵە کردنی مناڵ وەک گەورە و دوورخستنەوە لە جیهانەکەی خۆی

٧-نەبوونی هەماهەنگی  لە نێوان قوتابخانە و خێزانەکان، چونکە لەو کاتەدا هۆکاری ڕەفتارە نەرێنیەکە نازانرێ و ناتوانرێ ئاراستەکەی بگۆڕدرێت بۆ ئەرێنی

ئەوانەی سەرەوە بەشێکی  گرنگ و کاریگەرن لەسەر هۆکاری دروست بوونی ڕەفتاری نەرێنی، هەر یەکێک لەو خاڵانەی سەرەوە دەکرێ کاریان لەسەر بکرێت و بەرنامە و پلانیان بۆ دابنرێت هەموو ئەو ڕەفتارە نەرێنیانە بکرێن بە ئەرێنی و ڕەفتاری باش و بەجێ، بۆ ئەو کارەش تەنها پێویستە کار لەسەر پەروەردە بکرێت.

بۆ ئەم مەبەستەش ماندوو بوون و ‌هێز و ئیرادە گرنگە، وەک (تۆماس جێفرسۆن)دەڵێت: (من باوەڕێکی بەهێزم بە بەختەوەری هەیە، دەبینم تا زیاتر لە کارەکەمدا ماندووبم، دەستکەوتی زۆرترم  دەستدەکەوێت).

ئەکرێ ئاماژە بە لایەنێکی گرنگ بدەین کە ئەویش هەڵەکردنە، چونکە هەموو مرۆڤێک هەڵە دەکات و هەڵە بە تاوان دانانرێت، چونکە لە ئەنجامی هەڵەکردن ڕێی ڕاست ئەدۆزرێتەوە و هەست بە بوونی هەڵەکە دەکرێت و ڕاستە ڕێکە دەردەکەوێت.

هەر بۆیە (ویلیام ڕاندۆڵف هێرس)وتوێتی: (گەورەترین ماف مافی هەڵە کردنە) لەمەوە دەردەکەوێت  ئاکام و گەیشتن بە کردن و ئەنجامدانی ڕەفتاری ئەرێنی، ڕاستکردنەوەی هەڵەکانمانن.

لە ناو پرۆسەی پەروەردەدا دەکرێ پلان و بەرنامەی  گونجاوی پەروەردەیی بۆ ڕەفتارەکان دابنرێت و توێژەرانی دەروونی و مامۆستایان بەباشی ڕابهێنرێن لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ  ئەو کەسانەی ڕەفتاری نەرێنی وەرگیراو ئەنجام دەدەن، ئەو تاکەی هەڵە ئەنجام دەدات و ڕاستناکرێتەوە، وا دەزانێ ئەو ڕاستە و ئەوانیتر هەڵەن، لەسەر ئەم شێوازە لە کۆنەوە وتراوە:(مرۆڤە ژیرەکان لە هەڵەی کەسانی ترەوە فێر دەبن، لە کاتێکدا گەمژەکان لە هەڵەکانی خۆیانەوە  فێر دەبن).

30/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر