بۆچی لەگەڵ پرۆژەکەی گۆیژە نیم؟

نیاز نەجمەدین
بڵاوبوونەوەی یەک فۆتۆ خەریکە زۆر کەس پەشیمان دەکاتەوە لەوەی گفتوگۆی پرۆژەکەی گۆیژە بکات. ئەمە پێمان دەڵێت ئێمە لە سەردەمێکداین فۆتۆ دەمانبات بەڕێوە.

من شارەزای پلاندانانی شار نیم، بەڵام چەند بنەمایەکی سادە هەن زۆربەمان دەیزانین و بەم پێیەش مافی خۆمانە لە شوناس و کاریگەریی پرۆژەکان بپرسینەوە:

یەکەم/ ژینگە: هەر پرۆژەیەکی گەورە دەبێت حساب بۆ ژینگە بکات، نەک تەنها لەوەدا هەوای پاکمان پێ ببەخشێت، بەڵکو ژیانی گیاندارانیش کەم تا زۆر پارێزراو بێت. قسەی ئەم سەردەمە ئەوەیە دەبێت لە هەر پرۆژەیەکدا بزانین چەند تەعەددامان لە سروشت کردووە. تا کوێ بۆ چڵێسی خۆمان رێگەپێدراوین ژینگە وێران بکەین؟ بۆچونەکە ئەوەیە نابێت بۆ گەشە و خۆدەوڵەمەندکردن ژینگە وێران بکەین لە کاتێکدا لە ماوەی درێژخایەندا تەنانەت خۆمان زەرەری لێ دەکەین. ئەم پرۆژەیە ئەم سیفەتەی تیادایە؟ باوەڕ ناکەم. ئەوسا ئەمەمان نەدەزانی، ئەمڕۆ باشتر فێربووین و پێویستە هەر یەکێک لە ئێمە حسابی زیاتر بۆ ژینگە بکات و دژ بە گەشەیەکی ژینگەوێرانکەر بێت. ئەو بازاڕکزییەی ئەمڕۆ رووی کردۆتە شار و وڵاتەکەمان، ئەگەر ئاگامان لێی نەبێت هەڵەی گەورەمان پێ دەکات و دەبێت بە پاساویش بۆ وێرانکردن.

دووەم/ خانووبەرەی کەشخە: پلاندانەرانی شار کاتێک رەزامەندیی لەسەر پرۆژەیەکی خانووبەرە دەکەن، دەبێت حساب بۆ ئەوە بکەن کە نرخی شوقە و خانوو و کرێ لە شاردا نەفڕێنێت. ئەم پرۆژەیە پێدەچێت لە نرخێکی بەرزدا بوەستێت، بۆیە کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر کۆی نرخی خانووبەرە لە سلێمانیدا.

سێیەم/ شاردنەوەی زانیاریی: پێشتر کۆمەڵیک پرۆژەی خانووبەرە کراوە و هەموومان دەزانین کە کێشەی ساغبوونەوەیان هەیە. ئێستا تۆ دێیت و رکابەرێکی بەهێزیان بۆ دروست دەکەیت. تۆ تەنها کۆمەڵێک کڕیارت هەیە توانای کڕینی ئەو خانووبەرەیەی هەبێت. چیت کرد؟ تەنها لەم پرۆژە بۆ ئەو پرۆژە رایاندەکێشیت و کۆمەڵێک مایەپوچ دەکەیت. لێرەدا با پرسیارێکی سیاسییش بکەم: ئایا دەتەوێت بەدەسیسە مایەپوچیان بکەیت تەنها لەبەرئەوەی سەر بە تەکەتولەکەی تۆ نین؟ ئاخر ئەگەر ئەمە نییەتتە، ئەوا مەیلی وەبەرهێنان وێران دەکەیت.

چوارەم/ یەکگرتووی کۆمەڵایەتیی: پرۆژەی کەشخە کە بۆ کەمینە بوو، زۆرینەش بە دەست کەمدەرامەتییەوە ناڵاندیان، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیی دەشێوێنێت، رق و تەنگژەی کۆمەڵایەتیی دەورووژێنێت. من ئەم بنەمایەش لەو پرۆژەیەدا نابینم.

پێنجەم/ تەرخانکردنی سەرچاوەکان: تەرخانکردنی سەرچاوە بۆ پرۆژەیەکی گەورەی کەشخەچێتیی راکێشانی سامانی وڵاتەکەیە بۆ ئەو بوارە بۆ ژێرخان و زۆر شت، کە واتای کەمبوونەوەی سەرمایە بۆ بوارەکانی تر، وەک کشتوکاڵ کە سفرەی بەیانیانی هەموومان خۆراکی بیانییە، یان خوێندن، هتد.

پێش ئەوەی بچمە سەر خاڵەکانیتر، با ئەوەش بڵێم کە سەردەمێکیشە ئیدی مرۆڤ ئیسراحەتی لێ دەبڕێت. جاران بەهۆی جەنگ و ئەمڕۆ بەهۆی مەسڕەف و کەشخەچێتییەوە ناسەقامگیرین، بەردەوام قەلەقین، هەست بە کەمیی دەکەین و هەر بەو شێوەیە. ئەم کۆمپانیای قەیوانە خۆی ریکلامی دنیای بۆ بەرزاییەکانی قەیوان و سلێمانی کرد، ئێستا پرۆژەیەکی تری دروست کردووە بۆ ئەوەی لەبەرچاویان بخات و ئەو تۆزە پارەیەی پێیانە سەڕفی بکەن. ئەمەشی پێنەوتن تا شوقە و ڤێلاکانی پێ فرۆشتن.

شەشەم/ کوالتی ژیان: کوالتی ژیان تەنها کوالتی خانووەکان نییە، یان قەبارەی خانووەکان نییە، بەڵکو شار بەوە دەناسرێتەوە کە چەند ئاو و کارەبا و رێگا و قوتابخانە و نەخۆشخانەی باشی هەیە. دەیان شاری وڵاتانی ئەوروپیی هەن زۆر سادەن لە دیزایندا، بەڵام شارن نە گاڵتە. تامی ژینگەی پاک و رێگای سەلامەت و بژاردەی جۆراو و جۆر و دەرفەتی کاری باش و ئازادیی دەکەیت. ئەم پرۆژەیە چی لەمانە زیاد دەکات؟ زۆر زۆر کەم.

حەوتەم/ ژێرخان: هەر پرۆژەیەکی خانووبەرە فشاری زیاتر دەخاتە سەر خزمەتگوزاریی وەک ئاو و کارەبا و شتی لەو چەشنە. ئەمەش لەو پرۆژەیەدا نابینم حسابی بۆ کرابێت.

جگە لەمانەش، ئەوانەی ئەمڕۆ پارەیان پێیە هەم خۆیان پێویستیان بەوە هەیە لە شتێکیتردا پاشەکەوتی بکەن، هەم کۆمەڵگەش پێویستێتی پارەکەیان بخەنە بواری ترەوە. ئاکامی ئەم پرۆژەیە چییە؟ ئەوەی پارەی پێیە یان موڵکێکی دروست کردووە، دەیفرۆشێت، یەڵا دەست بکەرەوە بە قیست دانەوە تا حەوت ساڵی تر. تەنانەت بۆ ئەوانیش ئەوە ژیان نییە کە بەردەوام ناسەقامگیرن. بەکورتیی، بۆ میکانیزمەکانی تری پاشەکەوت و پاراستنی سەرمایە لەم وڵاتەدا لاوازن و بۆ بەتەنها بە خانووبەرە پارە دەهێننە بازاڕەوە؟

ئەگەر ئەم خوێندنەوانەی من هەڵەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە بەشێکی لەبەر ئەوەیە زانیارییمان پێ نەدرا. دەکرا چوار شارەزای ژینگە و پێنجی پلاندانانی شار ئەم باسەیان بخستایەتە بەردەم رای گشتیی، ئینجا حکومەت پشتبەستوو بە بەڵگەی زانستیی دەکرا پرۆژەکە بدات بە قەیوان.

ئایا بەس کۆمپانیای قەیوان ئەمەی کردووە؟ نەخێر. بەڵام ئەوەی ئێمە یادگارییمان لەگەڵ ئەو شاخە هەیە و ئەوەش ئەمڕۆ چاوکراوەترین لە جاران، وای کردووە دەنگ بەرز بکەینەوە نەک بەسەر حزب و پیاوەکانیان، بەڵکو بەسەر خۆشماندا کە ناکرێت لەوە زیاتر بۆ کەشخەچێتیی چڵێس بین، کەشخەچێتییەک کە ئەگەر وێرانمان نەکات ئەوا بە دڵنیاییەوە ناتوانێت بەتاڵییە دەروونییەکەمان پڕ بکاتەوە.بەڵێ هاوارەکە بەر لە ئەم و ئەو، بەسەر خۆماندایە و خۆڕاچڵەکاندنە. کە شەرم لە خۆمان نەکەین و داوا لە خۆمان بکەین ئەدامان لەگەڵ خۆمان و دنیا باشتر بێت، ئەوا شەرم لە کەسیتریش ناکەین کە هەمان داوامان هەبێت لێی.


31/05/2024



وتارەکانی تری نوسەر