سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی هەرێم و پرسیاری شکۆو گەشەپێدان

عومەر عەلی

ئەگەر سەرنجی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن بدەین، لە زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان و تەنانەت وڵاتانی دراوسێی هەرێمیش، دەبینین کە سەرپەرشتیار ڕۆڵی دیارو بەرچاوی پێدراوەو وەک پایەیەکی گرنگی پەروەردە و فێرکردن سەیر دەکرێت و لە لایەن حکوومەت و وەزارەتی پەروەردەوە بە چاوی ڕێزەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و ڕەگەزێکی گرنگی گەشەپێدانی خوێندن و ناوەندەکانی خوێندنە.

 بەڵام بە داخەوە لە هەرێمی کوردستاندا سەرپەرشتیاران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرپرسیارێتییەکانیان کەم دەکرێتەوەو دەخرێنە پەراوێز،  ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە لە بەر چاوی مامۆستا و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی پەروەردەوە ،چەندەها پرسیاریان لەسەر دروست ببێت و تەنانەت دەگاتە ئەو ئاستەی کە پێیان بڵێن سەرپەرشتیاران بوون و نەبوونیان وەک یەکە و هەست ناکەین بە لاچوونیشیان پرۆسەی پەروەردە زیانێکی ئەوتۆ بکات.!!

  لە ئێستا زۆرینەی سەرپەرشتیاران نیگەرانن لەو بارودۆخەی کە تیایدان و پێیان وایە لە ئاستێکی باڵای وەزارەت و بەڕێوبەرە گشتییەکان و زۆربەی بەڕێوەبەری پەروەردەکانەوە کار لەسەر ئەمە کراوە. کە دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی قوتابخانە حکوومییەکان ڕۆڵیان لاواز ببێت و متمانەی دایبابان پێیان کەم بێتەوە و لە بەرامبەردا ئەمەهانی دایبابان دەدات کە منداڵەکانیان بگوازنەوە بۆ قوتابخانە ئەهلییەکان.!!!

  ئەوەی باسکرا ئێستا بە ئاشکرا لە پرۆسەی فێرکردنی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت. چونکە ساڵ بە ساڵ ئاستی ئەرک و بەرپرسیارێتی سەرپەرشتیاران، لە ڕووی کارگێڕی و دارایی و بەشدارییان لە گۆڕین و نوێکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خوێندن و گواستنەوە و دانانی مامۆستا و وانەبێژو کردنەوەی خولەکان  کەم دەکرێتەوە، لە ڕووی دارایشەوە شایستەی سەرپەرشتیارێک  ناگاتە ئەوەی کە بۆ خزمەت گوزارەکە دابین کراوە لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا ،وە لە کاتی تاقیکردنەوەی پۆلە کۆتاکانیشدا ڕۆڵی تەنها هێنانو بردنی پرسیارەو ناتوانێت بچێتە ناو هۆڵەکانی تاقیکردنەوەوە.

   لەبەر ئەوە یەکێک لە هۆکاری لاوازییەکانی ئێستای پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا نادیدەگرتنی ڕۆڵی سەرپەرشتیارە لە پرۆسەی فێر بوون و فێرکردندا.ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کەرتی پەروەردەش وەک هەموو کەرتەکانی تری حکوومەت پلانێکی ئەوتۆی نیە بۆ چارەسەری قەیرانەکان و دەستکردن بە پلانی گەشەپێدان و کارکردن لەسەر چاکسازی لە هەموو بوارەکانی پەروەردەدا، لە ڕویەکی ترەوە ئەگەر بەرپرسانی پەروەردە بزانن ئێمە لە چ زەمەنێکدادەژین و ئاستی پەروەردەو فێرکردن لە  چ ئاستێک دایە ،هەرگیز بەو شێوەیە مامەڵەیان لەگەڵ سەرپەرشتیاران و یەکەی سەرپەرشتیاریدانەدەکرد.

 لە ئێستادا سەرپەرشتیاری پەروەردەیی ئەرکی تەنها ئەوە نییە کە سەردانێکی ڕۆتینی قوتابخانەکان بکات یان سەردانی وانەی مامۆستایەک بکات بۆ دیاریکردنی کەمو کوڕیەکانی ، بەڵکو ئەرکی سەرپەرشتیاری نوێ  قۆناغی پشکنین و چاودێری تێپەڕاندووە وپێویستە وەک سەرکردەیەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت ،ئەمەش لە پێناو گەشەپێدانی هەموو دامەزراوەی موتابخانەیە بە بەڕێوبەر و مامۆستا و هەموو فەرمانبەران و تەنانەت ژینگەی قوتابخانەش.

لە لایەکی ترەوە سەرپەرشتیار دەبێت پلان بۆ ئایندەی پرۆسەی خوێندن دابنێت و خۆیشی سەرپەرشتیی جێبەجێکردنەکەی بکات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن پشتیوانی لێ بکەن و کارئاسانی بۆ بکەن و هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەن، ئەمەش لە پێناو چارەسەری تەنگژەکان و دروستکردنی گۆڕانکاری و هەنگاونان بەرەو قۆناغێکی نوێ، واتە سەرپەرشتیاری نوێ قۆناغە کۆنەکەی تێ پەڕاندووە کە لە ئاستێکی باڵاوە مامەڵە بکات و بە شوێن کەموکوڕییەکانی مامۆستا دا بگەڕێت. لێرەوە چالاکیەکان ئاستی تاکەکەسی بەجێ دەهێڵن و دەچێتە ئاستی گرووپ، لەو کاتەشدا گەشەپێدانی قوتابخانە وەک دامەزراوە دەبێتە ئامانج، نەک سەرکەوتنەکان بۆ سەرپەرشتیار تۆمار بکرێن. واتە سەرپەرشتیار دەبێت وەک سەرکردە مامەڵە بکات نەک بەڕێوەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت ساڵانە پلانی بۆ ئەو قوتابخانەیە هەبێت کە لایەتی ، و دواجار  بەدواداچوونیشی بۆ بکرێت بۆ پلانەکەی کە تا چەند سەرکەوتوو بووە ،چونکە ئەو پلانە دەبێت هەموو لایەنەکانی مامۆستا ،بەڕێوەبەر، قوتابی، پرۆگرامەکانی خوێندن ،پەروەردە، بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و ژینگەی قوتابخانەش لە خۆ بگرێت.

 زۆربەی توێژەران کۆکن لەسەر ئەوەی کە چەمکی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی پڕۆسەیەکی هونەری ڕاوێژکاری سەرکردایەتی مرۆیی هاوکاری ڕێکخراوەییە، لەبەر ئەوە یەکەی سەرپەرشتیاری و دامەزراوەکانی پەروەردە و فێرکردن بۆ هەر یەک لەو لایەنانە زیاتر وردکردنەوەی بۆ بکەن و پشتیوانی سەرپەرشتیاران بکەن بۆ جێبەجێکردنی، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لە ئێستادا لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت هەر ڕۆڵە تەقلیدییەکەیە و تەنانەت هەندێک ڕۆڵ و بەرپرسیاریەتی کە لە کۆنەکەشدا هەبووە لە ئێستادا نەماوە .

پرۆسەی هەڵسەنگاندنی دەرەکیش کە ئێستا لە قوتابخانەکان بەڕێوە دەچێت بە ئاراستەیەک نیە کە ببێتە هۆی گەشەپێدانی قوتابخانە و دیاریکردنی بەرپرسیارییەتێک لە دوای پرۆسەی هەڵسەنگاندنەکە، چونکە ئەویش ئاراستەیەکی ڕۆتینی وەرگرتووەو بۆ ساڵی داهاتوو لە ئاستی باڵاوە  کار لەسەر. خاڵە لاوازەکان ناکرێت بۆ چارەسەرکردنیان .چونکە بەشێک لەو. خاڵە لاوازانە لە توانای بەڕێوبەر و سەرپەرشتیار دا نییە چارەسەریان بکات.و بەشێکی زۆریشی پێویستی بە بوجەیەکی تایبەت هەیە بۆ چارەسەرکردن، بە تایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە ژینگەی قوتابخانە و پێداویستیەکانی تەکنەلۆژیای نوێ و دابینکردنی کەرەسەی نوێ هەیە بۆ بۆوانە وتنەوە.  بە هۆی ئەوەش کە بەڕێوەبەر  ئەو پێداویستییانەی لەبەر دەست دانیە، کەواتە گرفتەکان بۆ ساڵی داهاتوو بە هەمان شێوە دەمێننەوە.
   
لەبەرئەوە لە ئاستێکی باڵادا ئەگەر پلانێک هەبێ بۆ گەشەپێدانی خوێندن و پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستاندا، پێویستە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکان ئەوە بێت کە لیژنەیەک دروست بکرێت بۆ بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرپەرشتیاراندا گفتوگۆ بکات و گوێ لە سەرپەرشتیاران بگیرێ لە هەموو یەکەکاندا، کە ئایا ڕەخنەو گازندەیان چییە و بۆچی تا ئاستێکی زۆر سەرپەرشتیاران نائومێدن.  لە لایەکی تریشەوە کار بکرێت بۆ ئەوەی سەرپەرشتیار وەک فا ئاکتەرێکی گرنگی گەشەپێدانی پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن سەیر بکرێت، چونکە لە ڕووی کارگێڕییەوە پۆستی سەرپەرشتیار لە ئاستی بەڕێوەبەری پەروەردە دایە و دەبێت لەم ڕوانگەیەشەوە زیاتر گرنگی پێ بدرێت و گوێی بۆ بگیرێت و بەشداری پێ بکرێت لە پلانەکانی گەشەپێدانی پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی کوردستاندا

03/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر