سیاسەت ، حیزبایەتی ، دەسەڵات

ئەبو کاروان(عەبدولرەحمان فارس)
لە فەلسەفە  و کەلەپوری پێشکەتووخوازی مرۆڤایەتیدا و بەتایبەت پاش هیگڵ ئەوە سەلمێنراوە کە هیچ دۆخێک لە خۆوە نەباش دەبێت ونەخراپ، بەڵکو هەمووی بەپرۆسەدا تێپەڕدەبێت و لەئاکامدا لەسەرباش یا خراپ لەنگەر دەگرێت.

سەبارەت بەم  دۆخەی  ھەرێمی كوردستان  کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بەرەو كێشەو قەیرانی قووڵتر  هەنگاودەنێت ،گەر سەیربکەین دەبینین ئەم قەیرانانە ڕەگ و ڕیشەی کردەییان هەیە کە لە بەرژەوەندی هەردوو حیزبدا بەرجەستە دەبن. ھۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە دژوارەش پەیوەندی بەعەقڵیەتی حوكمڕانیەوە هەیە کە بریتیە لە عەقڵیەتێکی چەوتی پاوانخوازی،کەبەداخەوە نەخۆیان چاکی دەکەن و نە ڕێگە بە سازکردنی زەمینەش دەدەن بۆ چارەسەر ، ئێستاشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە و نەیشیان ویستووە کە بەئیرادەیەكی یەكگرتوو ڕوو بەڕووی كێشەكان ببینەوە، دەبینین کە پەیوەندییەكان لەگەل بەغدا بەرەو چارەسەر ناچێت ، هاوکات پەیوەست بەم کێشەوە ،گەر بگەڕێنەوە بۆدواوە بۆمان دەردەکەوێت،لەكاتی بەھێزیی پێگەی ھەرێم كە زەمینەی سیاسی و دەستوری لەباربوو ، نەتوانرا داخوازییە سیاسی و یاساییەكان یەكلابكەنەوە ، نەتوانرا ڕێکەوتن لەسەر یاسای غازو نەوت و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی بكەن ، یاخود ماددە دەستوریەكان بە یاسا ڕێكبخەنەوە، ئەمە پێمان دەڵێت ئێمە لاوازین بەرانبەر مەرجە سەپێنراوەکان ، قبوڵكردنی یاسای بووجە ئەو ڕاستییە دەسەڵمێنێ کە لە مفاوەزدا ناشارەزاو كڵۆڵ بوون .

لەم قۆناغەدا کە ھەرێم و دەسەڵات و كیانەكە پێویستی بە كاری ھاوبەش و ھاریكاری ھەیە بۆ چارەسەرکردنی هەندێک دۆسیە وەک ھەڵبژاردن و ھەموواری یاسای بووجە، كەچی سەرباری ئەم بارودۆخە خراپە دوو حیزبی دەسەڵات  شەڕ لەگەل یەكتر دەكەن ، ئەوەتا زیاتر لە پەنجا ڕۆژە مووچەی كارمەندانی وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە نەدراوە .

لە بەرانبەر ئەم بارودۆخە پڕ قەیراناویەدا  حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات  بێ ھەڵویست و شەرمنن ، بەرانبەر تاڵانكردن و فەرھود كردنی موڵكی گشتی بێدەنگن و ناتوانن پێشرەوایەتی خەڵك بكەن  ،سەبارەت بە دۆسیە گرنگەکان  پرسیارو بەدواداچوون ناكەن ،  گەر وابڕوات نەك گویژە بەڵكو ئەزمڕ و سەفین و  ھەندرێنیش تەخت بكەن مێشێك مێوانیان نابێ ،   ژیان و گوزرانی خەڵک خراپتریش ببێت ،لەسەر شۆستەكان لاشەی مردوو ببینن ،لە دەربڕینی چەند دێرێكی سوواوی سی و دووساڵە زیاتر هیچ ناكەن ،کەواتە کارێک ناکەن  زیانی بۆ پەزەكان هەبێت.

حیزبەکانی هەرێم  ئەرکی سیاسی  و ئەخلاقی خۆیان لە دەستداوە ، ئامانج و مبادئیان وەلاناوە ،  پێداگرتن لەسەر بنەماكانی ئامانجەكان ئەركە و پرنسیبێكی مەردانەیە ،بەڵام ئاستەنگیەکان  وەك توڕی جاڵجاڵۆكە ڕێگرن ،  ئەم حیزبانە قسەی زۆر دەكەن ، نووسینی زۆر ،  بەڵام نەك كاریگەر نین لەسەر جەماوەر  بەڵكو  لەسەر ئەندامەكانیشیان کاریگەریان نیە ، لەوانەیە بڕێکیان قسەكەرێكی باشیشبن ،بەڵام كارزانێكی لێزان نین ، چونكە بنەماكانی حیزب ، سیاسەتەكانی حیزب  ،داكۆكیكردنە لە خەڵك .

بۆ ئەوەی دوو حیزبەکەی دەسەڵات لێیان نەڕەجنێن، ئەولایەنانە  بەردەوام پاساوی لاواز  بۆ  ووتەكانیان  دەهێننەوە ،ئەمەش بێ ڕەواجی  لای جەماوەر دروستكردوە ، ئەم حیزبە موعارەزانە  سەیری چەپ و ڕاستی خۆیان ناكەن تا بزانن چیان كردوەو چ دەكەن ،کە ئەمەش مانای دابڕانە لەخەڵک .

جێگەی خۆیەتی کە وتەیەکی شكسبیر وەبیر بهێنمەوە كە دەڵێ ( خۆت ماندوو مەكە بۆ پاساو ھێنانەوە ، چونكە خەڵك گوێت لێ ناگرێت ،بەڵکو تەنھا گوێ لەوەدەگرێ کە خۆی ئارەزووی دەکات و دەیەوێ) ،كەواتە دەپرسم خەڵك چیدەوێ و ئێوە چی دەڵێین ئەی حیزبەكان ؟
كارو چالاكی باش جەماوەر بەبەرزی تەماشای دەكات و ئیجابیانە ھەڵسەنگاندنی بۆ دەكات  ، بۆ نموونە حیزبی شیوعی كوردستان چەند مانگێک لەمەوبەر لەپێش بارەگای مەڵبەندی هەولێر  گردبونەوەیەكی ئەنجامدا ،زۆرێک لە خەڵکی کوردستان پشتگیری ئەوچالاکیەی کرد، دەی گەر ئەم نمونەیە بکرێتە کارو بەرنامەی ھەفتانەو مانگانەی حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات ،ئەوە بەدڵنیاییەوە  خەڵك پێشوازی لێدەكات. 

دووپاتی دەكەمەوە و دەڵێم بارودۆخی ھەرێم ،بە دەسەڵات و كیانەكەیشیەوە بەرەو لاوازی و تا ڕادەی لە ناوچوونیش دەڕوات ، فشارەكانی دەسەڵاتدارانی عێراق کە فشاری ئێرانی لەپشتە ،دوور نییە لە دووای ھەڵبژاردنی ئەمریكاو سەركەوتنی ترامپ پاشەكشەی لێنەكەوێتەوە ، ئەوكاتە دەكەوینە بەردەم بەرداشی ھێزەكانی توركیاو ئێران و گورگان خواردمان دەكەن ،بۆیە پێویستە لە سەر حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات ،  پیاچونەوەی جدی  بەشێوازی خیتابی سیاسی و شێوازی  هەڵوێست دەربڕین  بەرانبەر بەدەسەڵات بکەن ،  پێوێستە  لەسەر بەرنامەو خاڵی ھاوبەش تەبابن، لەسەر پێشرەوایەتی كردنی جەماوەرو مافە ڕەواكنیان کۆکبن، دەزگای ڕاگەیاندنەكانییان یەكبخەن و بەیەك ئاراستە فشار بكەن ، خۆپیشاندانی جەماوەری لەسەرجەم شارو شارۆچكەكان ڕێکبخەن، تەنها بەمجۆرە هەنگاوانە  جەماوەر پێشوازیان لێدەكات و پێگەی خۆیانیش بەھێز دەكەن ،خۆ گەر بەپێچەوانەوە کاربکەن و بەردەوامبن لەسەر ئەم شێوەكاركردنەی ئێستا کە زەمەن و زروف تەجاوازی کردوە ،ئەوە  لە مێژوودا لاپەڕەی ڕەش تۆمار دەكەن.

03/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر