"ئاین لەنێوان لەچکەکەی ژینا و نیقابەکەی عروبەدا"

گۆران دوکانی

لەدوای خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی شارەکانی ڕۆژهەڵات بە هێنانەوەی ئایەت و فەرمودەو فەتوای فوقەهاو ئیمام و عولەماکانی ئیسلام بەرگریان لە ئازادیەکانی ژنان دەکرد، هەر لەو سەردەمەشداو هەتا ئێستاش ڕۆژانە شەپۆلێکی گەورەی پیاوانی ئاینی و کۆمێنت نوسە موسوڵمانەکانی باشوور بە پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتەوە پشتگیری لە حیجاب کردن و تەنانەت بەشێکیان پشتگیری لە نیقاب کردنی ژنان دەکەن.

یەک ئاین! بەڵام دوو خوێندنەوە و دوو تەفسیرو دوو بۆچوونی سەدو هەشتا پلە پێچەوانە لەیەکتری، یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک کەلتوور و یەک شوناس و یەک مێژوو و یەک جوگرافیا و تەنانەت یەک کات، بەلام لەدوو وێنەی جیاوازدا! لە ڕۆژهەڵاتدا مامۆستایەکی ئاینی لە پێناو ئازادی ژنانی کورد لە لەسێدارە دەدرێت و لە باشووریش مامۆستایەکی ئاینی لەسەر فەتوای نیقاب زۆرترین دەستخۆشی و لایک و کۆمێنتی بۆ دێت!

ئاخر چۆن دەبێت ئەم دوو دید و بۆچوونە تەواو جیاوازە بە ئاسایی تەماشابکرێت لەکاتێکدا هەردوولا چەندین بەڵگەی قورئان و حەدیس و فەتوای زاناکانیان لەبەردەستدایە؟! تەنانەت ئەم نیفاقە لە ئایندا بەشێکی زۆری موسوڵمانانی توشی سەرلێشێواوی و گومڕابوون کردوە!

ئەمە چی دیمەنێکی نامۆیە مامۆستایەکی ئاینی بە یاسایی هەمان ئاین لە سێدارە بدرێت؟! چی مەهزەلەیەکە یەک نەتەوە و یەک زمان و یەک کەلتوور، وەلێ لە پارچەیەکی نیشتیماندا مامۆستایانی ئاینی هاوار بۆ ئازادی ژنان دەکەن و لە پارچەکەی دیکەی نیشتیمانیش هاوار بۆ نیقاب و جبەو بە عروبەکردنی کۆمەڵگای کوردی دەدەن؟!.

ئەم جیاوازییە بەرینە فکرییە ئاینییەی کە هەموو چەمکەکانی ژیانی مرۆڤی موسوڵمانی تەنیوە، جارێکیتر ئەو ڕاستیەمان بیردەخاتەوە ئاینە ئاسمانیەکان زۆربەیان یاساکانیان مەتاتین بەتایبەت لەناو ئیسلامدا زۆر بە ڕوونی ئەم مەتاتیبونە ڕەنگی داوەتەوە، ئەگەر ئێمە تەنها لەچکەکەی ژینا بە نموونە باس بکەین لە دیدی جیاوازی (سەلەفی و توندڕە و وەهابی و ئیخوانی و ئەشعەری و عیرفانی و ڕیفۆرمخوازەکان)ەوە، ئەوا هیچ گومانی تێدانیە کە هەر گروپێکیان قسەی خۆیان و یاسای خۆیان و دەقی خۆیان و فکری خۆیان و بۆچوونی خۆیان هەیە لەسەر ئەم بابەتەو هەموو ئەو بابەتانەی دیکەش کە ئاین دەخالەتی تێدا دەکات، هەروەها هەریەک لەم گروپانە بەڵگەی قورئان و فەرمودە و ئیمام و فوقەها و زاناکانیان لەبەردەستە تاکو فەتوای ڕاستی خۆیان و ناڕاستی و گومڕابون و بیدعە بون و تەنانەت هەندێجار (کافربونی) گروپە دینیەکانی دیکەی پێ بدەن.

جیاوازی ئەو یاسا مەتاتیە کە لە ئاینی ئیسلامدا بونی هەیە زۆر بەڕوونی دیارە کە یاسایەکە دەکشێت و دەکرێت پڕ بە بەری هەموو گروپە جیاوازە ئیسلامیەکان بێت، هەر گروپێکیشیان بە موتڵەقی خۆی پێ ڕاستەو هەموو ئەوانی دیکە ڕەت دەکاتەوە، چارەسەری ئەم دەردە کوشندەیە کە پێش هەر کەسێکیتر موسوڵمانان بەدەستیەوە دەناڵێنن هەروەک زۆرێک لە پرۆفیسۆرو ئاین ناسەکانی جیهان پێیان وایە جیهانی ئیسلامی بوێری ڕیفۆرمی ئاینیان نیە ئەگەرنا ئاینی مەسیحی کە هەتا ئەمڕۆ زۆرترین شوێنکەوتەی هەیە لەسەر ئاستی جیهانداو لەپێش هەر چوار هەزار ئاینەکانیترەوەیە لە سەردەمێکدا پڕی بوو لە دەق گەلێک کە بەئاشکرا هانی مرۆڤەکانی دەدا شەڕەنگێز و بکوژ و بێ بەزەیبن لێ جیاوازی مەسیحی و موسوڵمانان لەوەدایە مەسیح دێت ڕیفۆرم لە ئینجیلدا دەکات هەربەوەشەوە ناوەستێت دین لە دەوڵەتیش جیادەکاتەوە! بەلام ئیسلام کە دووەم ئاینە لەدوای مەسیح زۆرترین شوێنکەوتەی هەیە پیاوانی ئاینی جورئەت ناکەن یان نایانەوێت ڕیفۆرمی ئاینی بکەن، تەنانەت هەر گروپێک یان زانایەکی موسوڵمان ئەهلی (شیعە یان سونە) بێت و مەیلی چاکسازی یان میانڕەوی هەبێت لەلایەن هەموو گروپە جیاوازەکانەوە پەلامار دەدرێت.

"گۆران دوکانی

07/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر