سڕینەوەی شوێن، وەک ڕوویەکی تری شووناسی شار

بەیان سەلمان

لەو هەڵمەتە گرنگانەی لەم ماوەیەدا لەسەر ماڵپەڕەکان و توڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرێت، هەڵمەتی پاراستی ژینگەی گۆیژەیە. ئەم شاخەی، وەک چوارچێوەیەکی زێڕینە بە دەوری سلێمانی، بەر مەترسی شێواندن و گۆڕینی ژینگەی شارەکە کەوتووە.

ئەم جۆرە پرۆژەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر دانیشتوان و گەشتکەرانیش، نەک تەنیا لەبەر لەناوبردنی جوانی دیمەن و دروستکردنی کێشەی تەندروستی، کە دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە هەوای خاوێن و لەناوچوونی گیانلەبەر و بوونەوەر، بەڵکوو لە ڕووی دەروونییەوە دەبێتە بەربەست بەرامبەر بە شووناسی شارەکە و هەڵوەشانەوەی مێژووییەکی شکۆمەند کە پێوەی ناسراوە.

لەسەر ئاستی ئابووری، چەند کەسێکی دەوڵەمەند دەست بەسەر ئەو جۆرە پرۆژەیەدا دەگرن و بە هەموو نرخێک دەیانەوێ ئەنجامی بدەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو زیانانەی لە دوورمەودا ئاکامەکانی دەرەکەون. وەک تێکدانی ژێرخانی ئابووری گشتی، کاریگەریی بۆ سەر لەناچوونی هەمەجۆریی ڕوەک و گیانەوەر… وئەو پێشێلکردنە لەپێناو باڵەخانە دەستکردەکان سڕێنەوەی هەموو هەستێکی جوانییە!

سلێمانی و شارەکانی تر کوردستان بە گشتیی، تایبەتمەندێتی خۆیان هەیە، لەبنەڕەتدا، شێوازێکی ئاسۆییان هەیە نەک ستوونی. ئەمڕۆکە کە بە بەهانەی کرانەوە و بەرەو جیهانێکی نوێ ئەو تایبەتمەندێتییە لە کیس دەدات، پێویستە بەرپرسان ئاگاداربن لەوەی، گرنگە لە تەلارسازیی شارستانیەتدا بنەچەی لەبەرچاو بگیرێت پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت و ڕێژەیەکی پارەی زۆر بۆ ئەو پرۆژانە خەرج بکرێت کە دەکرێ لە ئاست داهاتوودا بەرگە نەگرن.  

خاڵێکی تر کە بیوروژێنین ئەوەیە، هێندە دروست نییە ئەگەر پاساوی پێویستییەکی دایموگرافی (گەشەی دانیشتوان)ی بۆ بهێننەوە! چونکە ژمارەی خانووی چۆڵ و باڵەخانەی تەواونەکراو بە چاکیی دەبندرێت. 

مافێکی تری ئەو شارە لە ڕوویی کولتوورییە، لەسەر ئاستی ژینگەیی، لە سەرووی هەمووشیانەوە مافی وێنەیەکی شارستانییەت، بە پێچەوانەی کە دیمەنی باڵەخانە نوێگەرایی و شارستانییەت دەردەخات، دروستکردنیان بەو ڕێژە وەبەرچاوە لادانە لەو یاسایە. بێجگە لەوەی، هەموو شارێک کۆدی تایبەتی خۆی هەیە کە پەیڕەو دەکرێت، سلێمانی هەمیشە لانەیەکی کۆمەڵایەتی- سیاسی بە گوڕ بووە بۆ ئەوانەی وەک پەناهەندەی شارەکانی تر و بگرە وڵاتانی دراوسێش ڕوویان تێکردووە. ئەمڕۆکە ئەو کەسانەی بەم هەڵمەتە هەڵدەسن ناچارن وەک دوا چەکێک وشەکانیان و هەڵوێستیان و دەڕبڕینەکانیان لە ئاست ئەو کردارانە بخەنەڕوو تا هانی ئەو کەسانە بدەن لەو بڕیارە پاشەکشێ بکەن و گرنگیی ئەو خاڵانەی وروژێندراون، لێرە و لە لای کەسانی بە ئەمەک بۆ ئەو پرسە، لەبەرچاو بگرن. ئەمە کێشەی ”کەرکووک و ناوچە لەدەستچووەکانی” تر نیە تا بەهانەی ناوچەیی و جیهانی بۆ لێکبدرێتەوە. ئەمە پرسێکی گرنگیی ئەمڕۆیە بەڵام کارکردنیشە بۆ هۆشیارکردنەوەی نەوەکانی داهاتوو.

14/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر