لە غیابی مۆڕاڵدا ئەزمەڕ تۆش نۆرەت دێت

سان ساراڤان



لە دوای ئەو زنجیرە قەیرانە مرۆیی و ئەخلاقییانەی کە دەستەڵاتی کوردی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا بەسەرئەم بەشەی کوردستاندا هێنای و وەک گەردانە خستیە ملی تاکی کوردی، شوناس و هزر و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی ئەوی دی و ئینتیما و وابەستەیی کۆمەڵایەتی لێ سەندرایەوە.

ئەوەی مابۆوه خۆشەویستی ژینگەو شانازی بوو بە سونبولە ژینگەییەکانی شار. مرۆڤی کورد ئەمەندە نزیک بوو لە ژینگە سێبەری خۆی وەک دارو درەخت و باڵندەو شاخ و کێو و گوڵەکان دەبینیەوە. سروشت ببوە ئاوێنە رۆحی ئەو، وەک نارسیس هەمیشە روخساری خۆی تیا ئەبینییەوە.لە ڕێگەی گۆرانی و هۆنراوەکانەوە بوونی خۆی بەرجەستە دەکرد، گۆرانی و مەقامەکان لەسەر بەزونزمی و هارمۆنی ژینگە چنرابوون، بۆنیان وەک ڕەیحانە و سنگ و بەرۆک و تەنانەت قەد و باڵای کەژاڵەکانیش وەک میوەو چنار وشاخەکان وێنا کرابوون.

ئەم دەستەڵاتە بە درێژای سی ساڵی رابردوودا، مرۆڤی سڕ کرد، جوتیاری کرد بە مووچەخۆر و چەکدار، زەوییە کشتوکاڵیەکانیشی کردە سەربازگەو زیندان و تەلاری بەرز، پیرە دار بەڕووەکانیان بڕییەوە و کردیە کلکی تەور، خانووە گڵێنەکانیان بۆ کردین بە کۆنکرێتی پڕ بارگاوی ئەلەکترۆن، کانی و کارێزەکانیشی کردە پیشەسازی ئاوی پلاستیکی . گوێدێژو ئاژەڵەکانیشیان لەبەرچاومان خست، ئۆتۆمبێلی بەرزە فڕیان بۆ هێنانین، سەیرانگاکانیان کردە مۆڵ، گوڵی پلاستیکیان بۆ ڕوانین، خانووە پڕ سەوزاییەکانیشیان کردە ئەپارتمان، سەوزەفرۆشەکانی سەرکۆلانەکانی کردە بازرگانی هاوردەی خۆراکە پڕ لە کیمایییەکان. فویان بەباڵای خێلدا کرد تا شەنی دروێنەکانیان بکەن بە چەک و بەردەرگای حیزبەکان بتەنن.

حیزبەکان پیرۆزکران، هیچ شتێکی تر ئەوەندەی ئەوان پیرۆز نەبوون، هیچ ووتارێک هێندەی ووتاری ئەوان سەر لەقاندنی تیا نەبوو، سروشتیان تەلبەند کرد تەنانەت ئاژەڵە کێویەکانیش نەیانتوانی گوزەر بکەن، بۆیە ئاژەڵە کێویەکانیش ڕاو کران و ئەوەی نەدەخورا کرایە قەفەسی باخچەی ئاژەلان،سەوزترین گردیان هەڵبژارد ببێتە ماڵ و تەلار و نزرگەی سەرۆکاکان.

پەلو پۆو شکۆی زۆر لە کەژاڵەکانیشیان بڕی، بازرگان و وەبەرهێنەری هاوڕەنگی خۆیان دروست کرد . ژێر زەوییان خست سەر زەوی، مڵە ئاسا بە دوای زەوی تەختدا دەگەڕان تا شی بکەنەوەو بیکەنە مۆڵ و ئەپارتمان، کە دەشت نەما پەلاماری گردیان دا، تەڕو تووشیان بڕی ، دارستانەکانیان قڕ کرد ووتیان « شارتان بۆ جوان ئەکەین».

« شارتان بۆ جوان ئەکەین» بوو بە مانشيت لە میدیاکانی خۆیاندا، « شارتان بۆ جوان ئەکەین» بوو بەشیعر، بوو بە ڕۆمان، کەچی شاعیر و ڕۆمان نوورەسەکانیان نەیانئەزانی منداڵەکانیان لە نەخۆشخانەن.


14/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر