ئەبێت شەق بزانێ قۆناغ لەکوێیە !

عەبدولرەزاق شەریف
سەدە و نیوێکە و لەدوای فەوتی ئیمارەتەکانیەوە، ئەم کورد و خاکی کوردستانە کەوتۆتە ژێر زەبروزەنگی چەک و چەپۆکی لەشکری بێگانە . باشترین و خراپترین دەسەڵاتەکانی (فارس ، تورک ، عەرەب) لەهەوڵی ملکەچکردن، چۆکدان و تواندنەوەی کوردبونابون، لەوپێناوەشدا شێخ و دەرەبەگ و سەرمایەداری خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتیان وەک "پیاوی گوێ لەمست" ی خۆیان بەکارهێناوە ! بەحوکمی دەوڵەتداری و حوکمڕانی، بەومەبەستە بەردەوام لەگەڵ خۆیان و دنیای دەرەوە لەسازش و دانوسانا بون، گشت پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکانیشیان، بۆ مانەوە و هەژمونی دەوڵەتەکانیان بەکارهێناوە . 

   سەروەختی هاتنی (بەهاری عەرەبی) و (داعش) ، دەرفەتێکی مێژویی گرنگ بۆ کورد هاتە پێش کە بتوانێت هەرێمی کوردستانی عێراق بەپرۆژەیەکی سیاسی و سەربازی بکات بەو دیفاکتۆیەی کەهیچ هێزێکی بێگانە نەتوانێت تخوبەکانی ببەزێنێت، گشت مقەوەماتەکانی هێز و مانەوەش (پارە، چەک، پێشمەرگە، پەیوەندی و شەرعیەتی ناوخۆ و نێودەوڵەتی، یەکریزی و پێکەوەیی، ورەی بەرز و حەماسی نیشتیمانپارێزی .. هتد) بۆ بناغەی جیابونەوە و پشتیوانی پارچەکانیتری کوردستان هەبون . ئەمجارەیان حیزب و سەرکردەکانی حیزب بەتایبەت (پارتی و یەکێتی) دەوری شێخ و ئاغای داردەستی بێگانەی جارانیان بینی و نەیانتوانی و نەیانکرد ! بەپێچەوانەشەوە هەرچیەکیانکرد تەنیا بۆ نەمان و فەوتی ئەو مقەوەماتانە بوو کە کورد ئەیتوانی بۆ دەوڵەت ، پارێزگاری خاک و خەڵکی کوردستان سودیان لێببینێت و بەکاریان بهێنێت . 

  نمونەیەک لەویژدانەوە :

  لەسەروەختی گەرمی شەڕی داعش و تێکچونی بڵانسی هێزەکان، شەوێکی درەنگ، بەکاری میدیا داوای روخسەتی دیداری کاک نەوشیروانم کرد .!

 لەسەرداوای خۆی چومە ئەو ژورەی کەشەوان تیایدا ئەنوست و ئەحەوایەوە .

  وەک ئەندازیارێکی پلانی ئاوەدانی و تەلارسازی پشت لەمن و بەسەر مێزێکی گەورەدا، نەخشەیەکی سەربازی فراوانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بڵاوکردبۆوە، بێ ئاوڕدانەوە وتی :

-  وەرە تەماشای ئەم نەخشەیە بکە ، ئەم گوندە لەناوەڕاستی چیای حەمرینا پێنج سەد ماڵە کوردی لێیە، وەک خۆی ماونەتەوە، ئێرە بنکەیەکی باشە بۆ دەستپێکی پرۆژەیەک بۆ پاراستنی هەتایی کوردستان، وەک بنکەیەکی سەرەکی، سەرکردایەتی پێشمەرگە ئەبەینە ئەوێ، بەشانی حەمرینا لەجەلەولا هەتا شەنگال، بۆ سەر خاپور خەندەقی مەحکەمی سەربازی، پێشی کۆنکرێت وکارەبا، ئاویشمان هەیە بۆپڕکردنەوەی، پشتی کۆنکرێت، بەدرێژایی خەندەقەکەش گوندەکان ئەبوژێنینەوە، شارۆچکە و ماڵ و شوێنی نیشتەجێبون بەئیمتیازی زۆرەوە بۆ خەڵکی ناوچەکە و ئەوانەی ئاوارەی ئەمشارانە بون دروستدەکەین ، زەویان بۆ کشتوکاڵ ئەدەینێ، هەرچی پۆلیس و پێشمەرگە و ئاسایشی خەڵکی ئەو ناوچانە کەلەهەولێر وسلێمانی دەوامدەکەن ئەیاننێرینەوە، موچەکانیان بابمێنێت و بەتفەنگی خۆیانەوە پارێزگاری لەماڵ و زەوی خۆیان بکەن، لەگەڵ ئەفسەرەکانی ئەرکان کەپسپۆڕی خۆیانە قسەمکردوە، زیاتر لە سێ هەزار شۆفڵ و مەکائینی گەورەی کۆمپانیاکان لەم سێ شارەدایە، سەرمایەدارەکان ئامادەن خۆبەخش تاتەوای ئەکەین بیخەنە خزمەتی ئەو پرۆژەیەوە، قسەم لەگەڵکردون هەندێکیان هاوکاری تێچوی خانوی نیشتەجێبونەکانیش ئەکەن، دیراسەمان کردوە هەرخانویەک بیست هەزار دۆلاری تێدەچێت، پشتوێنەیەک لەئاوەدانی هاوشانی ئەو خەندەقە دروستدەکەین، بۆهەتاهەتایە مەترسی تەعریب و داگیرکردنی هەرێمی کوردستان ناهێڵین ....

 لەگەڵ ئەم باس و خواسەیا، جارناجار چاویلکە توبیەکەی "کەزۆرکەم بەکاری ئەهێنا"  ئەجوڵاند و بەقەڵەمەکەی خەتێک یان پونتێکی لەنەخشەکەی بەردەستی ئەدا . 

 + لەگەڵ کاک مەسعود باستکردوە ؟

- رێکەوتنی من و مەسعود لەسەر ئەم پرۆژەیە بوە، پرۆژەی (تەجنیدی ئیجباری) شم بۆ پاراستنی پرۆژە سەرەکیەکە بۆ هێزێکی پێشمەرگەی یەکگرتوو داوەتێ . لەسەر بەڵێن و داوای خۆی ئیشی تیا ئەکەین . ئەو خەیاڵی ریفراندۆمی هەیە، پێم وتوە هەتا ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەکەین بیر لەریفراندۆم و سەربەخۆیی مەکەرەوە ! لەگەڵ فەرماندەکانی یەکێتیش قسەمانکردوە، پێم وتون خەڵک بەرگری لەقەبری باوک و باپیری ئەکات، عەرەب قەبرەکانیان لەدەرەوەی خاکی ئێمەیە ماڵەکانیان تێکئەدەین ئیتر ناگەڕێنەوە، کورد خەریکە قەبرسانی لەناو خاکی خۆیا نامێنێت ! پەلاماری (داعش) بۆ ئێمە فرسەتێکە، باسی ناکەین هەتا جێبەجێی ئەکەین . 

  ئەو داتا و ژمارە و زانیاری وردی لەسەر کۆی پرۆژەکەی کۆکردبۆوە، هەمو ئەو هاموشۆ و دیدار و کۆبونەوە مەکۆکیانەی نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی "کەدواتر بوە مایەی رەخنە" بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بوو ! کەهەواڵی رۆژنامە و راگەیاندنەکانی لەسەر ناوەرۆکی کۆبونەوەی نێوان خۆی و بارزانی ئەخوێندەوە، زەردەیەک ئەیگرت و ئەیوت تەنیا شتێ کەنایزانن و بڵاوی ناکەنەوە ئەوەیە کە ئێمەپێکەوە باسی ئەکەین ! لەکۆتایشدا، بە دەستی بەدەستی، پرۆژەکە لای بارزانیەوە دیزە بەدەرخۆنە کرا، بوە هۆی دروستبونی گرژی و  دابڕانی یەکجاری لەنێوانیانا .

 دواجار و کەپرسیاری هۆکاری ئەو دابڕانەی نێوان خۆی و بارزانی لێدەکرا، بە دوو وشە ئەیوت :
- مەسعود درۆی لەگەڵ کردم ..!

     ئەو نمونەیە وانەیەکە بۆ ئەوەی هیچ کوردێک بەئومێد و هیوای ئەوە نەبێت کە (پارتی و یەکێتی) هەوڵی پارێزگاری کوردوکوردستان بدەن یانەخۆ دەوڵەتداری و حوکمڕانی مۆدێرنی دیموکراسی پاراستنی ماف و ئازادیەکانی کورد بکەن ..!  تەوریسی سیاسی و حیزبی و حوکمداری و تەجسیدکردنی لەناو هەرێمی کوردستانا، ئاماژەیەکی رون و ئاشکرای ئایندەیەکی رەش و مەترسیدارە بۆ کورد ، هەرکەسێکیش پشتیوانی ئەکات شەریکی ئەو تاوانەیە کەدەرهەق بەکوردوکوردستان دەکرێت . 

 ئەرکی سەرەکی نەخشەی رزگاری ئەم قۆناغەش ئەبێت بەشەقهەڵدان لەو دوو حیزبە و پاشکۆکانیان دەستپێبکات و دیاری بکرێت .

16/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر