بۆ ڕێگرتن لە هەرەسی نیشتمان

عومەر عەلی

ئەگەر سەیری سایکۆلۆژیای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکەین ،لە لای زۆرینەیان ژیان بەهایەکی ئەوتۆی نەماوە ،چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ مافەکانی هاووڵاتی مانایەکیان نامێنێت و نەخۆشی و بێکاری و نەفامی باڵ بە سەر کۆمەڵگەدا دەکێشێت،، و لە ئێستادا پڕۆژەیەکیش لە ئارادا نییە کەبەر بەم قەیرانانە بگرێت و هیوایەک بۆ خەڵک بگێڕێتەوە.هەنوکە سەدان هەزار گەنج کە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگاکانن، بێکارن و بەم هۆیەشەوە خوێندن بە یاخی تایبەتی خۆی لە دەست داوە. کەرتەکانی تەندروستی و ژینگەش بەرەو وێرانی ڕۆیشتوون و کۆی گشتی کەرتەکانیش بەتایبەت کراوە بۆ کۆمپانیا حیزبییەکان،پەڕلەمان لەکار خراوەو حکومەت کاربەڕێکەرەو داهاتی گشتیش بێجگە لەخواو سەرانی دوو بنەماڵەکە، کەس هیچی لێ نازانێت. واتە گەندەڵی بە سیستماتیک کراوە، بۆ ئەم مەبەستەش دادگا و میدیا و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەشی زۆری پارتە ئۆ پۆسیۆنەکانیش خزمەت بە ئەم دۆخە دەکەن و خراونە ژێر هەژموونی پارتە فەرمان ڕەواکان. لە ئێستادا دەستەمکاری و گەندەڵی دەست لە ملانێی یەک بوون و بەم هۆیەشەوە دەسەڵاتە سیاسییەکە ڕەگی دا کوتاوەو ترسێکی نییە لە بەردەم ناڕەزایی و خۆپیشاندان و بایکۆت و ڕەخنەی سۆشیال میدیا و پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان. درێژەکێشانی ئەم دۆخە بۆ ماوەی زیاتر لە سی و سێ ساڵ، بۆتە هۆی ئەوەی کە ڕەگی گەندەڵی و ستەمکاریی زیاتر بەنێو خاکدا بچێت، بەم هۆیەشەوە ڕۆژ بۆ ڕۆژ بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ڕاستگۆیی و نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی نەتەوە و فەزیلەت و لێبوردەیی و هاوکاری و مرۆڤ دەستی لەنێو دەچن.

.واتە ئاراستەی کۆمەڵگە بەرەو ئەوە چووە کە کلتوورێکی نوێ دروست ببێت، لەژێر هەژموونی گەندەڵی و سکەمکاریدا . لەم ڕوانگەیەشەوە پارتە ئۆپۆسیۆنەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و نوسەر و ڕۆشنبیر و میدیاکار و بزنسمانەکانیش زۆرینەیان بوونە بەشێک لەم فەزا نوێیە. لەم بارودۆخەشدا ئەوەی پێی دەڵێن نیشتیمان پەروەری و ئینتیما بۆ نەتەوەو خۆشەویستی بۆ سەروەری و سەربەخۆیی ڕۆژ بۆ ڕۆژ لاواز دەبێت،چونکە ئەمانە وەک بازاڕ مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە دا دەکەن و قازانج لەچیدا بێت ئەوان ڕوەو ئەو ئاڕاستەیە هەنگاو دەنێن،لێرەوە دەتوانی بپرسی ئێستا زۆربەی چالاکوانە سیاسی و مەدەنی و نوسەرو ڕۆشنبیر کانی 17ی شوبات لە کوێن ؟چونکە نیشتیمان و نەتەوەو عەداڵەت و دیموکراسی و مافەکانی هاوڵاتی هەمویان کەوتونە ژێر پرسیارو مانایەکیان نەماوە ، گەشەکردنی ئەم چەمکانە هەرگیز لەژێر سایەی سیستمێکی گەندەڵ و ستەمکاردا نایەنە دی. بەڵکو ئەمانە پێویستیان بە کەشێکی دیموکراسی کراوەو بوونی ئازادی و فرەیی ڕاستەقینە و سەروەری یاسا و بوونی دەستوور هەیە. لەبەر ئەوە لە ئێستادا پێویستە پرۆژەیەکی سیاسی مەدەنی هەبێت بۆ ڕاگرتنی ئەم دۆخە و ئاراستەکردنی خەڵک بۆ کۆبوونەوە لە دەوری خەمێکی نیشتمانی، چونکەر ئەگەر ئەوە نەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا حکوومەت و قەوارەی هەرێم و نیشتیمان و نەتەوەش ،هەمووی بەرەو هەرەس و وێرانی دەچن.

18/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر