سەردانی سەرۆک پوتن و شێوە وەرگرتێکی تری ململانێ جیهانیەکان

بەهرۆز حاجی

شەوی سێ شەممە 18/6/2024 دوای 24 ساڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێرپۆتن سەردانی پایتەختی کۆریای باکوری کرد و لەلایەن سەرۆکی ئەو وڵاتەوە کیم جۆنگ ئون پێشوازییەکی زۆر گەرمی لێکرا،هێندەی گەرمی کاتی سەردانەکە کە بۆ هەردولا پێویستییەکیی هەنوکەییەو دەکرێت بڵێین کاردنەوەیەکی بەپەلەی سەرۆک پوتنیشە بۆ ئەو فشارو سزایانەی لەلایەن ئەمێریکاو وڵاتانی تری ڕۆژئاواوە لەسەری چڕکراوەتەوە.

واتە کاردانەوەی چەندین هەنگاوی خێراو بەپەلەی بلۆکی ڕۆژئاواییی و ئەمێریکایە،بەنمونەی ئەو ڕەزامەندییەی  سەرانی گروپی G 7 کە لە هەفتەی پێشودا لە ئیتالیا بەسترا کاتێک بڕیاریاندا سود لەو پارە بلۆک کراوەی ڕوسیا وەربگرن  کە بڕی 50 ملیار دولارە بۆ پاڵپشتی جەنگ و ئابوری ئۆکرانیا بەقەرز،کە بڕیاریشە تا کۆتایی ئەمساڵ بەشێک لەو پارەیە بگاتە دەستی ئۆکرانیا،بەجۆرێک ڕیشی سوناک سەرۆک وەزیرانی بەریتانیان،بەهەڵگێڕانەوەی یارییەکەی ناوی برد.

وەلێ دامەزراندنی سندوقێک بۆ قەرزو هاوکاریی بۆ ئۆکرانیا کەپێشتر دامەزراوە،دەتوانرێت وەک پشتیوانی سەربازی،پشتیوانی مرۆیی ،پشتیوانی بودجە و ئاوەدانکردنەوە،بەکار بهێنرێت،هەروەها پشتگیرییەکانی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا، بۆ وڵاتی ئۆکرانیاو لەبوارە جیاجیاکاندا لەلایەک، ڕێککەوتنیی ئەمنی نێوان ئەمێریکاو ئۆکراین لەپەراوێزی لوتکەی G7 کە بۆماوەی 10 ساڵە وڕێککەوتنەکە پێشبینی هاوکاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەکات - بەڵام واشنتۆن پابەند ناکات بە ناردنی هێز بۆ شەڕکردن.

بۆیە ڕوسیا هەستی بەوەکردوە کە زیاتر لەشانۆی جیهانی گۆشەگیرکراوە و هەوڵی چڕتریش دەدرێت لــەلایەن دژبەرەکانی ،ئەمە جگە لەوەی ڕەهەندی تری سەردانەکەی سەرۆک پوتن بۆ کوریای باکور لەمکاتەدا  وەستانەوەی هەردو وڵاتدا لەبەرامبەر ڕۆژئاواییەکان کەڕێگری دەکەن لەوەی ئەو نزمە جیهانییە فرە جەمسەرییەی ڕوسیا و چین و هاوپەیمانەکانیان دەیانەوێت بیسەپێنن.

لەلایەکی ترەوە پوتن ئەوەدەزانێت کە کۆریای باکووریش پێویستی بە یارمەتی هەیە لە بواری تەکنەلۆژیای بۆشایی ئاسمان دوای ئەوەی لەم دواییانەدا شکستی هێنا لە دانانی مانگی دەستکردی سیخوڕی دووەم بۆ خولگە - وەلێ یارمەتیدان و پێدانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو بۆ بەرنامە موشەکی و ئەتۆمیەکەی ئەو وڵاتە داوە.

 ئاژانسەکانی هەواڵیش باس لە واژۆکردنی گرێبەستی ئەمنی دەکەن لەنێوان هەردو وڵاتی ڕوسیاو کوریای باکور و پڕکردنەوەو فرۆشتنی چەک بەیەکدی،کە ڕوسیا ئێستا لەشەڕدایە،پێویستییەکی هەنوکەییە بۆی،ئەمە جگە لەکەمبونەوەی دراوی بیانی لەوڵاتەکەیداو لاوازبونی ئابوری وڵاتەکەی بەهۆی سزاکانی ڕۆژئاوا و بۆیە سەرۆک پوتن بڕیاری داوە،سیستەمی بازرگانی و ئاسایش لەگەڵ پیۆنگیانگ دروست بکات،کە ئەمەیان هەنگاوێکی تەواو نوێ و کاردنەوەیە.

بێگومان چین لەم هەنگاوانەی ڕوسیا ئاگادارە و ئەوە خواستی هەردو وڵاتیشە کە سنورێک بۆ فشارەکانی سەر ڕوسیا دابنرێت لەبەرامبەر ڕۆژئاواو ناتۆ. چونکە،ئەو هەنگاو فشارە خێرایانەی لەهەمبەر ڕوسیا دادەنرێت،بە دژایەتیی خۆی دەزانێت و لەوە گەیشتووە،ئەمێریکا بارتەقەی ڕوسیا دژایەتییەکەی لەبەرامبەر ئەودا زیاترە،کەواتە هەرچی وڵاتی چینیشە،خواستی لەگەڵ ڕوسیادا هاوبەشەو لەدوای شەڕی ڕوسیاو ئۆکراین،لەبواری بازرگانی و وزەو پشەسازی ئۆتۆمبێل،زۆر هەڵکشاوەو توانراوە،بەشێک لەسزاکانی سەر ڕوسیا سوک بکات،کەواتە ئەوەی چاوەڕێدەکرێت،جۆرێک لە گۆڕینی ململانێی بلۆکی ڕۆژئاوایە بەسەرکردایەتی ئەمێریکاو لەبەرمبەر بلۆکی  چین و روسیاو ئێران و کۆریا و سەرکرە هاوبیرەکانیانی تریان

19/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر