"ديبەیتی نێوان نەخۆش و شێتەکە گڕی لە دیموکراتەکان بەردا..بازەکە بەسەرشانی کام بەربژێری دوای بایدن دەنیشێتەوە؟"

گۆران دوکانی


درۆدەکەیت!...گەمژەیت!...شێتیت!...ئەمانەو چەندین دەستەواژەی دیکەی نامۆ کە بینەر هیچکات چاوەڕێی ئەو زمانە بازاڕیەی نەدەکرد لە دیبەیتی نێوان دوو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکایەتی زلهێزترین ووڵاتی سەرئەم زەمینە کە (ئەمێریکا)یە!

لە دیبەیتەکەی شەوی ڕابردوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە لە 5ی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، دۆناڵد ترەمپی بەربژێری کۆماریەکان کەهەمیشە لای بەشێک لە میدیا و لایەنگرانی دیموکراتەکان بەسەرۆکێکی شێت ناوی دەبرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو سەرکەوتوبو بەرامبەر جۆ بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان کە زۆربەی لایەنگرانی کۆماریەکان بە سەرۆکێکی نەخۆش ناوی دەبەن!

کەناڵی CNN کە دیبەیتەکەی ڕێک خستبو، لەدوای دیبەیتەکە ڕاپرسیەکی لەسەر وێبسایتەکەی دانا بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو کەسانەی کە دیبەیتەکەیان بینیوە، ئەگەرچی کەناڵی CNN کە پشتگیری دیموکراتەکان و بایدن دەکات، تەنانەت هەندێکجار بەمیدیای دیموکراتەکان دەناسێندرێت کەچی دەنگدەرانی ڕاپرسیەکەی CNN بەجۆرێک دەنگیان داوە ديموکراتەکانی توشی شۆک کردوە و لە بەیانی ئەمڕۆوە دیبەیتەکە بۆتە باس و خواس و مشتومڕی چڕی شەقامی ئەمریکی، بینەرانی دیبەیتەکە لە ڕاپرسیەکەی کەناڵی CNNدا لە%67 دەنگیان داوە بە ترەمپ و لە%33 دەنگیان داوە بە بایدن. هەروەها لە ڕاپرسیەکی دیکەی کەناڵی CBSی نزیک لە دیموکراتەکان و بایدن کە بۆ سەربەخۆکانی ئەمریکا ئامادەیان کردوە ئەنجامەکەی بەم جۆرەیە: لە %41 دەنگیان داوە بە ترەمپ، لە%26 دەنگیان داوە بە بایدن، لە%33 دەنگیان داوە بە (دڵنیا نیم).

دیبەیتەکە بەجۆرێک شکستی بایدنی نیشاندا کە هەموو ئەمریکیەک بەلایەنگرانی خودی بایدنیشەوە بەڕوونی هەستیان بەو شکستە کرد، لە دیبەیتەکەدا دۆناڵد ترەمپ وەک کەسێکی تاڕادەیەک ئاسایی دەردەکەوت و خۆی لە وەڵامە مەترسیدارەکان دەپاراست. جۆ بایدن لە سەرەتادا وەها خۆی نیشاندا کە غازی زۆر لەناو تانکییەکەیدا هەیەو بە یەقینەوە توانای هەیە بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکایەتی ئەمەریکا بکات بە تەمەنی 86 ساڵی و نەخۆشیە درێژخایەنەکەیەوە (کە دواجار وادەرنەچوو!). ترەمپ بە تەواوی سەرکەوتوو بوو (هەرچەندە لە دیبەیتەکەدا بە توڕەیی چەندین درۆی کرد و زۆرجاریش ڕەتیدەکردەوە وەڵامی پرسیارە هەستیارەکان بداتەوە).  

بايدن چەندین دەرفەتی لەدەستدا، چی بۆ پشکنینی ڕاستییەکانی ترەمپ و چی بۆ گەڕانەوەی وێرانکەر لەسەردەی ترەمپدا. بۆ نموونە: کاتێک ترەمپ باسی کوشتنی کچە 12 ساڵانەکانی کۆچبەرانی دەکرد، من لەسەر لێواری کورسیەکەم چاوەڕێی ئەوەم دەکرد بایدن زۆر بە سادەیی بڵێت: "ئەو مردنانە لەسەر ویژدانی تۆیە ترەمپ! تەنها تۆ بەرپرسیاریت! ئەوە من بوم پڕۆژە یاسایەکی دوولایەنەی ئاسایشی سنوورم لە کاتی خۆیدا هەبوو ئێوە کوشتتان، چونکە چەکی بەهێزی تۆ لە بانگەشەی هەڵبژاردندا لەسەر مردنی کۆچبەرانەو دروستکردنی دووبەرەکی و ڕەگەزپەرستیە بۆ دەنگدەرانت (بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیەش لە تێرمی یەکەمی سەرۆکایەتی تۆدا زۆربەی ناوەندەکانی هەڵسەنگاندن و سێرڤاکانی ئەمەریکا و جیهان سەلماندیان زۆرینەی دەنگدەرانی ترەمپ لەسەر لێدوانە توڕەو ئاگرینەکانی بوو کە بەئاشکراو بێ شەرمانە بانگەشەی دیپۆرت کردنەوەی موسوڵمانان و دروستکردنی دیوارێک لە نێوان ئەو سنوورە درێژەی مەکسیک ـ ئەمەریکا بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەرانی ولاتانی لاتین ئەمەریکا)، یان چاوەڕێ بوم زۆر بەسادەی بایدن بڵێت: "ئەوە تۆبویت لەسەردەمی چوار ساڵی حوکمڕانیت بە بڕیارێکی گەمژانە سەدان دایک و منداڵی کۆچبەرت لەیەک کرد کە بوە هۆی سەرلێشێوانی سەدان خێزان! کەچی بایدن نەک هەر ئەوانەی نەگوت بەڵکو دەستی کرد بە باسکردنی سەربازە دێرینەکان. هەندێک جار وەڵامەکەی لادەدا و دەچووە ناو باسی شاجوانی کارۆلاینای باشوورەوە!. بایدن ئەوەندە خراپ بوو کە لە نیوەی دیبەیتەکەدا کەمپەینی بایدن دەستی کرد بە تویتکردن کە بایدن لەژێر کەشوهەوادا سەرمای بووە!. تەنانەت لەپرسی دەرەوەشدا (شەڕی یۆکراین ڕووسیا، دۆسیەی غەزە، پرسی ئەتۆمی کۆریای باکوور...هتد) ترەمپ باڵاتربوو بەسەر بایدندا.

لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا دەتوانرێت بایدن بگۆڕدرێت؟ ئەی کێ جێگای بگرێتەوە؟ بەو پێیەی دوو مانگیتر کۆنفرانسی گشتی دیموکراتەکانە، گۆڕینی بایدن ئاسان دەبێت بە مەرجێک بایدن خۆی ڕەزامەندی دەربڕێت بۆ کاندیدکردنی کەسێکیتر. (یاساکانی بەڕێوەبردنی کۆنفرانسی دیموکراتەکان بەجۆرێکە کە ناتوانرێت بەبێ ڕەزامەندی خۆی کاندیدکردنی بایدن ڕەت بکرێتەوە). ئەگەر بایدن ئەو بڕیارە بدات کامالا هاریس دەبێتە جێگرەوەی، بەلام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە بونی هاریس چارەسەری ئەم دەردە کتوپڕەی دیموکرات و لایەنگرەکانیان ناکات! تەنانەت هاریس زۆر کەمتر لە بایدن بەناوبانگە! 

دوو کەسایەتی دیکە بۆ جێگرەوەی بایدن کە لەناو شەقامی دیموکراتەکاندا لە بەیانی ئەمڕۆوە مقۆمقۆیان لەسەرە هەریەک لە (گرێچن ویتمەر) حاکمی بەناوبانگی ویلایەتی میشیگن و (جاش شەپیرۆ) حاکمی ویلایەتی پێنسیلڤانیایە.  

ويتمەر ناوبانگێکی نیشتمانی هەیە و لە ئێستادا بایدن لە هەردوو ویلایەتی میشگن و پێنسیلڤانیا لەدوای خۆیەوەیەتی. هەروەها ڕۆی کۆپەر، حاکمی دەستلەکارکێشاوەی ویلایەتی کارۆلینای باکوور، بژاردەیەکی سەرنجڕاکێشی جێگری سەرۆکە، بەتایبەتی ئەگەر بایدن لای خۆیەوە دەستبەرداری بەربژێری ببێت و کامیلا هاریس ببێتە پاڵێوراو. بێگومان کێشە لە کاندیدکردنی ویتمەردا دروست دەبێت لەوانەش مەترسی دەنگ نەدانی هاوڵاتیە بەڕەگەز ئەمریکی/ئەفریقیەکانی لایەنگری دیموکراتەکان.

كەسایەتیەکی دیکە کە قسەی لەبارەوە دەکرێت بۆ بەربژێری دیموکراتەکان لە جێگەی بایدن (میشێل ئۆبامای) خانمی یەکەمی سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا باراک ئۆبامایە، هەرچەند کەمتر لە میدیاداو لەلایەن چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی پلە باڵای ديموکراتەکانەوە قسە لەسەر میشێڵ دەکرێت بۆ کاندید کردنی بەهێندەی لەلایەن کامپینی لایەنگرانی دیموکراتەکانەوە قسە لەسەر میشێڵ دەکرێت.

هەموو ئەمانە تا ئێستا ئەگەرن بەلام بەدووریش نازانرێت ڕوو بدەن. پێدەچێت بایدن وەک پاڵێوراو بمێنێتەوە. ئەگەری کامێلا هارسی جێگریش قسەی لەسەرە، هێشتا کاتێکی زۆر لەبەردەستدایە کۆنفرانسی دیموکراتەکان حەوت هەفتەی ماوە. با چاوەڕێ بکەین ئەگەر بایدن بڕیارە قورسەکەی دەستلەکار کێشانەوەیدا بزانین بازی دیموکراتەکان لەسەر شانی کێ دەنیشێتەوە و شانس دەبێتە یاوەری ئەم شەڕەی کە خێر بەدوای خۆیدا دێنێت بۆ کاندیدی نوێی دیموکراتەکان؟!.

سەرچاوە:
ماڵپەڕی CNN
ماڵپەڕی The New York Times 
ماڵپەڕی The Hill 
ماڵپەڕی Newsweek

29/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر