پشووی هاوین، دەرفەتی زێڕین

رەووف محەمەد ئالانی
پشووی هاوینە، کاتێکی دیاریکراوی ساڵە بۆ پرۆسەی  پەروەردە، واتە ئەو کاتەیە کە ئەوانەی کاردەکەن  لەناو قوتابخانە و خوێندنگە و زانکۆکان، دەوام ناکەن و پشوو وەردەگرن، جگە لە یەکە کارگێڕییەکان، بە مەبەستی ڕایی کردنی کارەکان و ڕێکخستنی پلان و ئامادەکارییەکان، ئەم پشووەش لە خۆڕا و بە هەڕەمەکی و خواستی تایبەت دانەنراوە، بەڵکو بە پێی توێژینەوە و لێکدانەوەی زانستی و لەبەر چاوگرتنی بواری دەروونی و هەلومەرجی کەش و هەواو پلەکانی گەرما دیاریکراوە.

بەدەر لەو هۆکارانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداون، هەندێ وادەبینن کە پشووی هاوینە دەرفەت و فرسەت دەخولقێنێ لەبەردەم پرۆسەی پەروەردەدا تا هەنگاوی تر و باشتر بنرێت لە گشت بەش و جۆرەکانی  پەروەردە، ئەوانەی گرنگ وپیویستن بە خاڵ ئاماژەیان بۆ دەکەین، ئەمانە بەشێکیانن :

١-بەهێزکردنی خولیا و خواستی خوێندکاران، بەهۆی بەشداریکردنیان لە (خولی خواست)واتە ئەو خولانەی کارامەیی و ویستی تایبەت گەشە پێدەدەن، وەک وەرزش، موزیک، شێوەکاری، مەکەوانی، ئەسپسواری، ....... هتد 
٢-یەکەی ڕاهێنان و مەشقی پەروەردە، دەکرێت خولی جۆراوجۆر بۆ مامۆستایان بکاتەوە، تا توانست و ئاستی زانستی و پەروەردەیی مامۆستایان بەرزتر و گەشاوەتر بکات

٣-فرسەتێکی باش و گونجاوە بۆ ئاڵوگۆڕو چاپکردنی ئەو پڕۆگرامانەی خوێندن کە پێویستە بگۆڕدرێن
٤-نۆژەنکردنەوە ودروستکردنی بینای نوێی خوێندن، بە پێی پێویست 
٥-ناردنە دەرەوەی کۆمەڵێ مامۆستای شارەزا و خاوەن ئەزموون بۆ ئەو ووڵاتانەی پرۆسەی پەروەردە تیایاندا پێشکەوتووە، تا لەوێ فێربکرێن و ئەو ئەزمونەی ئەوان بۆ لای خۆمان بگوازنەوە

٦-دیاریکردن و دانانی پلانی میلاکات بۆ ئەو خوێندنگانەی پێویستن و وەرگرتنی داواکاری ئەو مامۆستایانەی داوای گواستنەوە دەکەن
ئەمانەی سەرەوە بەشێکی گرنگ بوون لەو کارانەی کە پێویستە لە پشووی هاویندا پلانیان بۆ دابنرێت و ئەنجام بدرێن.
بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە بۆتە مایەی سەرنج و تێبێنی سەبارەت بە پشووەکانی هاوینە، ئەوەی گرنگی پێدەدرێت، نە زانستیە و نەپەروەردەییە، بە نمونە ئێستا خوێندنگە و پەیمانگە ئەهکییەکان هەڵدەستن بەکردنەوەی خولی بەهێزکردنی وانەکان، کە ئەمە لای ئێمە خولی بێزاربوونە لەوانەکان، چونکە ناکرێ خوێندکار هەموو ساڵەکە خەریکی خوێندن بێت، ئەی کەی و چۆن پشوو بدات؟ لەو کاتە دا هەست بە ماندوویی و بێزاری و لەدەستدانی ووزەیەکی زۆر دەکرێت.

لە هەموو ووڵاتانی جیهان پشووی هاوینە هەیە، بەپێی هەڵکەوتەی جوگرافی و پێگەی ئەو دەوڵەتانە لەسەر هێڵەکانی پانی و درێژی.   
هەموو کارکردنێک دوای ئەنجامدان و ماندووبوون پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودان هەیە، بێگومان بۆ پرۆسەی پەروەردەش ئەمە گونجاوە، ئاساییە مرۆڤ لە کارەکەی ماندوو بێت، هەروەها ئاساییە هەوڵی پشوودان بدات، وە هەموو کەسێک توانای دۆزینەوەی باشترین ڕێگای پشوودانی نییە، کەواتە کە نەتتانی  ئەو هەلە کە ناوی پشووە وەربگریت، کاتێ ناتوانرێت پشووەکە بە باشی وەربگرێت  بۆ ئەو کەسانە بۆیان دەبێتە قورسایی.
پشووی هاوین دوای چەند مانگێکی زۆر لە هیلاکی و ماندووبوون و هەوڵدان لە ناو پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا بە مابەستی فێربوون، کە لە خوێندن و پێداچوونەوە وتاقیکردنەوە و تووشبوون و بەریەککەوتن لەگەڵ حاڵەتی  ئاڵۆزی دەروونی و نا ئارامیدا دێتە پێش، لەو کاتەدا پشوو وەرگرتن دەبێتە پێویستیەکی حەتمی  و مافێکی ڕەوای خوێندکاران  و ناکرێ  ئەنجام نەدرێت.

  پشوو گرنگە بەڵام پێویستە جەخت لەسەر گرنگی ڕێکخستنی کات بکرێتەوە بۆ سوود وەرگرتن لێی و چێژ وەرگرتن لە زۆرترین خواستە دەروونی و جەستەییەکانی فێرخوازان.

پشوو چەند گرنگە، چۆنیەتی بەسەربردنی کاتی پشووی هاوین ئەوەندەیتر گرنگە، تا بە پلانێکی دیاریکراوی بەرنامە بۆ دانراو ئەنجام بدرێت.

زۆر جۆرو بابەتی  گرنگی ژیان هەن کە بخرێنە ناو پلانی کاتی پشووی هاوین بە مەبەستی سوود بینین و تێرکردنی خواستەکانی  فێرخوازان و گەشە پێدانی بەهرەکانیان، لەو بەهرانە(خواستی خوێندنەوە(گۆڤار- ڕۆژنامە- کتێب)، وەرزش کردن، گەشت کردن و ئاشنابوون بە شار وشوێنەکانی تر، سوودوەرگرتن لە کات و ڕاهێنانیان بۆ ئەوەی کات بەفیڕۆ نەدەن، بینین و ئاشناکردنیان بە فیلم و چێژوەرگرتن لە ڕوداوەکانیان، ئاشناکردنی فێرخوازان بە ژینگەو چۆنێتی پاراستنیان، خۆشویستنی گیانداران و باڵندەکان چونکە بەگشتی مناڵان حەزیان بە هاوڕێیەتیان دەکەن، ئەنجامدانی گەشتی بچووک بۆ باخی گشتی وکتێبخانەی گشتی لەلایەن دایک وباوکی فێرخوازان بەمەبەستی ئاسودەکردنی دەروون وچێژبەخشین ...... زۆریتر).

لە سەر حکومەت پێویستە قوتابخانەی هاوینە بکاتەوە بۆ ئەو فێرخوازانەی مەبەستیانە گەشە بە بەهرەکانیان بدەن، نەک قوتابخانە و پەیمانگای بەناو ئەهلی و بازرگانی، ڕاستە خەڵک ئەمکارە دەکات، بەڵام ئەو بۆشاییە لایەنی پەیوەندیدار دروستی کردوە کە حکومەتە.


01/07/2024



وتارەکانی تری نوسەر